ئەم لیژنەیە لە 27-04-2011دا ڕاپۆرتی خۆیی پێشکەشکرد و ئەمە کوورتەکەیەتی:
بەپێی ڕاپۆرتەکە بەشێک لە بارگرژییەکان هۆکارەکەی بۆشایی ئەمنی لە سلێمانی و خەمساردیی دادگا و بوونی ئاسەوارەکانی دوو ئیدارەیی بووە.
بەمەبەستی دەرخستنی ڕاستیی ڕووداوەکانی 17ی شوبات و ڕۆژانی دواتر لە سلێمانی و شار و شارۆچکەکانی دەورووبەری لیژنەیەک پێکهات و ئەمڕۆش دوای دەرخستنی ڕاستییەکان و بڵاکردنەوەی ڕاپۆرتەکە لەبەردەم ڕۆژنامەنووسان بۆ ڕای گشتی، لیژنەکە هەڵوەشایەوە.
ئەمڕۆ 28-04-2011 لە هۆلی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دادوەری لە هەولێری پایتەخت، عەبدولکەریم حەیدەر عەلی سەرۆکی لیژنەی گەڕان بەدوای ڕاستییەکانی ڕووداوەکانی 17ـی شوبات دەرەنجامی کاری لیژنەکەی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا خستەڕوو.
لە کۆنگرەکەدا کە تیایدا پەیامنێری ڕووبەر ئامادەبوو، عەبدولکەریم حەیدەر ڕایگەیاند: لە ڕۆژی 04-04-2011 لیژنەکەمان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە سلێمانی گرێدا و دواتر ڕاستەوخۆ دەستی بە لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی لایەنەکان و هاووڵاتیان.
عەبدولکەریم حەیدەر ڕاشیگەیاند: لیژنەکەمان 47 سیدی و یەک میمۆری لەچەند لایەوە بەدەست گەیشتوو، لەگەلأ ڕاپۆرتێکی دیکە لەلایەن بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام لیژنەکە بڕیاریداوە چاوپۆشی بکات لە وەرگرتنی وتەی هەریەک لە (خالد عومەر سدیق و نزار محەمەد سەمەد و ئارام جەلال ساڵح) کە داوای مۆڵەتی گردبوونەوەیان کردبوو بۆ ڕۆژی 17-02-2011 لە بەردەرکی سەرا، ئەمەش لەبەرئەوەی سەرەڕای چەند جار ئاگادارکردنەوەیان لەلایەن لیژنەوە بۆ ئامادەبوون لەبەردەمی لیژنە بە مەبەستی وەرگرتنی وتەکانیان لەبارەی ئەو مۆڵەتە و ڕووداوەکان، بەڵام ئەوان ئامادە نەبوون بێنە بەردەمی لیژنە.
بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەکە هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕووداوەکانەوە کە لە 17ـی شوبات دەستی پێکردووە دەرکەوتووە کە خۆپیشاندەران دوو بەشن، بەشێکیان داواکانیان ڕەوایە کە ویستوویانە چاکسازیی بکرێت لە هەرێمی کوردستاندا و سەرۆکایەتی هەرێم و حکوومەت و پەڕڵەمانی کوردستانیش تا ڕاددەیەکی باش توانیویەتی بە پیر داخوازییەکانیانەوە بچێت، بەڵام بەشی دووەمی خۆپیشاندەرەکان هەمیشە ویستوویانە ئاراستەی خۆپیشاندانەکە بەرەو توندوتیژیی ببەن و کاری نا یاسایی بەرانبەر موڵکی گشتی و تایبەت و دامەزراوو بارەگا حزبییەکان ئەنجام بدەن و هێرش بکەنە سەر هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکان، هەندێک لایەنی سیاسی دەرەوەی حکوومەتیش بە ئاشکرا و نا ئاشکرا هەوڵیانداوە خۆیان بکەن بە خاوەنی ئەم خۆپیشاندانانە.
هاوکات لە خاڵێکی دیکە ڕاستییەکان و دەرئەنجامەکاندا هاتووە، پۆلیس و ئاساییش لە سلێمانی لە ئاستی پێویستدا نەبووە و بۆشاییەکی ئەمنی هەبووە. ئەوەش هاتووە کە هەندێک لە هێزەکانی پاسەوانی سەر بە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەربانی لقەوە بە کلاشینکۆف و بی کەی سی و چەند کەسێکیش بە جلوبەرگی مەدەنییەوە لەسەر شەقامی بەردەم لق بە دەمانچە تەقەیان کردووە کە لەنجامدا کەسێک شەهید بووە و کۆمەڵێک کەسی دیکەش بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی وتەی چەند شایەتحاڵێک و کۆنووسی پشکنینی هێڵکاری شوێنی ڕووداو کە لەلایەن نووسینگەی بەڵگەکانی تاوانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی ئەنجام دراوە و گرتەیەکی ڤیدیۆییش تۆمار کراوە لەسەر سیدی، دەردەکەوێت کە لەناو خۆپیشاندەرانیشەوە بە ئاراستەی لقی چوار پارتی تەقە لە بارەگای لق کراوە. هاوکات لە ڕووداوەکانی 19 و 20-02-2011ـی سلێمانی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقە لە خۆپیشاندەران کراوە و بووەتە خۆی شەهیدبوونی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی چەندەها هاووڵاتی دیکە.
لە خاڵێکی دیکەی ڕاستییەکان و دەرەنجامەکانی لیژنەکە دەرکەوتووە کە زۆربەی ئەو خۆپیشاندان و گردبوونەوانەی ئەنجام دراون بێ مۆڵەت بوونە و بە پێچەوانەی یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندانی ژمارە 11ـی ساڵی 2010 ئەنجام دراون. ئەوەش هاتووە کە بەهۆی بەردەوامبوونی ئاسەواری دوو ئیدارەیی، جۆرێک لە تێکڵاویی لە وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆ سەبارەت بە جووڵاندنی هێزەکان هەبووە کە ئەمەش هۆکار بوو بۆ زیادبوونی پشێوی و داخوازییەکانی خۆپیشاندەران.
لە کۆتا خاڵیشدا هاتووە، دادگا وەک پێویست بە ڕۆڵی خۆی هەڵنەستاوە لە چۆنیەتی هەڵسووکەوتکردن لەگەڵ سەرجەم ڕووداوەکان و کاری یاسایی تەواوی ئەنجام نەداوە و جۆرێک لە خەمساردی بە کارەکانیەوە دیاربووە.
لە کۆتاییشدا لیژنەی گەڕان بەدوای ڕاستییەکانی ڕووداوەکانی 17ـی شوباتی سلێمانی و دەورووبەری کۆمەڵێک ڕاسپاردە و پێشنیازیان ئاراستەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەڕڵەمان و سەرۆکی حکوومەت و دەسەڵاتی دادوەری کردووە و تەواوی ئەندامانی لیژنەکەش واژوویان لەسەر کۆنووسەکە کردووە.