$ماکۆ یان ماکی یان مادکۆ$ یەکێک لە شارۆچکەکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا دەکەوێتە باکوری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاواوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
ئەم شارۆچکەیە بەدووری (24کم) کەوتووەتە باکوری ڕۆژاوای شارۆچکەی شەوت و بەدووری (49کم) کەوتووەتە ڕۆژاوای شارۆچکەی پۆلدەشت و بەدووری (17کم) کەوتووەتە باشوری مەرزی نێودەوڵەتی بازەرگان لە نێوان ئێران و تورکیا و بەدووری (28کم) کەوتووتە باکوری ڕۆژهەڵاتی شارۆچکەی سیاهچەشمە و بەدووری (18کم) کەوتووتە باشوری شارەدێی بازەرگان.
وەلە کۆندا بەم ناوانەش ناوی هاتووە (ئارتاز و شاوارشان و قەڵای قەبان و ماکی). هەروەها ڕووباری زەنگەمار بە نەوەندی ئەم شاڕۆچکەیەدا تێپەڕ دەبێت و ئەم شارە دەکات بە دوو بەشەوە.
$ناو:$
دانیشتوانی شارۆچکەی ماکۆ لە سەدەی یەکەمی پێش زاین دینی خۆیان گۆڕیوە بۆ ئایینی زەردەشتی، شارەکە ناونراوە (ماغ کۆ) کە بەواتای شاری ڕۆحی دێت کە لە زمانی زەردەشتیدا (ماغ) بەواتای ڕۆح یان گیان دێت.
لە زمانی ئەرمەنیدا واتای ووشەی (ماکۆ) یان (ماکی) واتای (کێڵگە) دێت لەبەرئەوەی لە دەورووبەری ماکۆدا کێڵگەی زۆر هەیە و سەردەمانێک ئەم ناوچەیە لە ژێر دەسەڵاتی ئەرمەنییەکاندا بووە.
مادەکان لەم هەرێمە ژیاون لەسەردەمی پاشا ئیشتوویگوودا، وە ناونراوە (ماد کۆ) کە بەواتای ئەمڕۆ کێوی ماد و بەپێی کات گۆڕاوە بۆ ماکۆ.
$مێژوو:$
لە ناوچەی بازرگانی ئازادی ماکۆدا شارێکی دێرین دۆزراوەتەوە، کە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ساسانی دەگەڕێتەوە.
مێژوویەک لەوەدوا ئەم شارۆچکەیە بەشێک بووە لە دەسەڵاتی ڤاسپورکانی ئەرمەنیەکان.
لەناو ماکۆدا قەڵایەک هەیە بەناوی قەڵای قەبان و شا عەباس ئەو قەڵایەی وێران کرد لەبەرئەوەی شوێنی بەرهەڵستکاران بوو، دەتوانین بڵێین ئەم شارۆچکەیەی ئەمڕۆ بنیات نراوە لە ساڵی (1635ز). پاشان ئەم شارۆچکەیە لەژێر جڵەوی سەلجوقی و عەرەبەکان بووە.
ڕوی گۆنزالس دێ کڵاڤیۆ کە نێردەری پاشای ئیسپانیا بوو لە ساڵی (1403)دا شارۆچکەی ماکۆی بینیوە، نوسیویەتی قەڵایەک لەم شارەدا هەیە و حاکمەکەشی مەسیحیە و ناوی نورەدینە، بە ووتەی ئەو پاسەوانەکانی هەمووی ئەرمەنی بوون.
لە کاتی پەیمانی گوڵستان ململانێ هەبوو لەسەر شارۆچکەی ماکۆ لە نێوان ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و ئیمپراتۆریەتیی ڕووسی.
ماکۆ پایتەختی خانەکانی ماکۆ بوو، کاتێک کە نیمچە سەربەخۆبوون لە سەدەی حەڤدەدا لەکاتی هەڵوەشانی دەوڵەتی سەفەوییەکان.
ماکۆ بووە پایتەختی بنەماڵەی جەلالیان لە ساڵی (1860ز) کاتێک دەسەڵاتی قاجارییەکان کەم بووەوە.
لەسەردەمی دەسەڵاتی شائیسماعیلی سەفەویدا کوردەکان کە خواستی جیا خوازیان هەبوو وە بەهۆی بیری مەزهەبییەوە بەلای ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا دەڕۆشتن و ببونە ئاستەنگ لەبەردەم دەسەڵاتی سەفەوییەکان ئەمەش وەهای لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکرد بەدرێژایی مێژوو کە کورد لەم ناوچەدا دوربخەنەوە و مەرامیان بپێکن، بەهۆی ئەوەی ماکۆ لەسەر سنوری ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی و سەفەوییەکان هەڵکەوتووە و شوێنێکی گرنگە شا ئیسماعیل هەستا بە کۆچ پێکردنی کوردان لە ناوچەکەداو دورخستنەوەیان بۆ خۆراسان و لەجیاتی ئەوان ئازەری هێنا بۆ هەرێمەکە، ماکۆ ئێڵی بەیاتی تورک زمانی بۆهێنا و لەجێی کوردان نیشتەجێی کردن.
$جوگرافیا:$
بەهۆی ئەوەی شارۆچکەی ماکۆ لە دۆڵێکدا هەڵکەوتووە شێوەی شارەکە درێژکۆلەیە، لەباکورەوە هاوسنورە لەگەڵ گوندەکانی دانالوی بچوک و محەمەدئاوا و شاتر و سەعیدئاوا، لەباشوورەوە لەگەڵ گوندەکانی قەڵاجوق و دەەرگاقولی و جان عەزیز و کاروانقڕان، لە ڕۆژهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی هەندەوەر، لە ڕۆژاواوە لە گەڵ گوندی باغچەجوق.
$پێکهاتەی دانیشتوان:$
دانیشتوانی شارستانی ماکۆ (85486)کەسن، پێکهاتەی ئەم شارستانە ئاڵۆزەو لە دوو نەتەوەی سەرەکی پێکدێت کە ئەوانیش کورد و ئازەرین:.[4][5]
کوردەکان لەم شارستانەدا ژمارەیان (56376) کەسە کەڕێژەیان دەکاتە 66٪ی دانیشتوانی شارستانی پۆلدەشت.
ئازەریەکان لەم شارستانەدا لە ئازەریە بەیاتیەکانن و ژمارەیان (29092) کەسە کەڕێژەیان دەکاتە 34٪ی دانیشتوانی شارستانی ماکۆ.
$ئابووری:$
لەبەرئەوەی ئەم شارۆچکەیە لە سەر سنوری نێوان تورکیا و ئێران هەڵکەوتووە بووەتە شارۆچکەیەکی بازرگانی و لە پاڵ ئەوەدا خەڵکەکەی کەمێکی بە باخداری و کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن.
لە ساڵی (2011)دا دەوڵەتی ئێران ناوچەی ئازادی بازرگانی ماکۆی دروست کرد کە دووەم گەورەتین ناوچەی جیهانە و یەکەمینی ئێرانە، ئەمەش تەواوی کارکردنی ژیانی خەڵکی شارەکە و دەورووبەری گۆڕی و هەلی کاریان لە کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە گۆڕا بۆ کاری بازرگانی.[1]