فاتیح (چاوە) شێخولئیسلامی ناسراو بە فاتیح شێخ، چاوە / ف. پشکۆ (لەدایکبووی 1942 لە مەریوان-ڕۆژھەڵاتی کوردستان) شاعیر و سیاسەتوانێکی کوردە. فاتح شێخ ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران–حکمەتیستە.
فاتیح شێخولئیسلامی کوڕی سەید ئەحمەد، لە نەورۆزی ساڵی 1942 لە شاری مەریوان لە دایک بوو. سێ چوار ساڵی سەرەتایی ژیانی ئاوارە بوون. قوتابخانەی سەرەتایی لە مەریوان و ناوەندەی لە سنە تەواو کردووە.
لە ساڵەکانی 1960–1961 وەک یەکەم خوێندکاری مەریوانی لە تاران وەرگیرا و لە زانکۆی تاران دەستی بە خوێندنی ئیلاھیات کرد و دواتر لە زانستە کۆمەڵایەتییەکاندا ماستەری وەرگرت. بە گشتی حەوت ساڵان لەوێ خوێندکار بوو و دواتر ھاتەوە و لە مەریوان بوو بە مامۆستا. فاتیح شێخ لە سەردەمی زانکۆوە بیر و باوەڕی چەپی ھەڵبژارد.
ساڵی 1971 بەھۆی چالاکیی سیاسییەوە بۆ ماوەی حەوت مانگ دەستەبەسەر کراوە.
ساڵی 1981 ڕووی کردە شاخ و بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکیشانی کوردستانی ئێران.
ساڵی 1983 کە کۆمەڵە لەگەڵ گرووپە کۆمۆنیستییەکانی دیکە یەکیان گرت و حیزبی کۆمۆنیستی ئێرانیان دامەزراند، بوو بە ئەندامی ئەو حیزبە.
ساڵی 1990ەوە چوو بۆ وڵاتی سوێد و لە لقدانەوەی ساڵی 1991ی حیزبەکە، بوو بە ئەندامی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران. ھەروەھا دواتر بوو بە ئەندامی سەرکردایەتیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی ئێران–حکمەتیست و ئێستاکەیش ھەر لەو حیزبەدا چالاکی دەکات.
ساڵی 1958 لەسەر کاریگەریی شۆڕشی 14ی تەممووز لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکارێکی تر بەھۆی درووشم نووسین لەسەر دیوارەکانی شاری سنە لە تەمەنی 16 ساڵیدا مانگ و نیوێک دەکەوێتە زیندان و لەوێ یەکەم شیعری خۆی دەھۆنێتەوە. لە زانکۆ لەگەڵ عەلی حەسەنیانی (ھاوار) و سوارە ئیلخانیزادە ئاشنا دەبێت. و بە دانانی شیعری «ھەسێرەکەم» لەسەر وەزنی «کەژاڵێ»، دەبێتە دووھەم کەس لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان کە شیعری نوێی کوردی خوڵقاندبێ. (شەوە) باشترین بەرھەمی شیعری شاعیرە.
بەرھەمەکان:
ھەرێمی شەو (کۆی بەرھەمە شیعرییەکان) [1]
=KTML_Link_Facebook_Begin=https://www.facebook.com/profile.php?id=100060538402868=KTML_Link_Facebook_Between=فەیسبووکی: فاتیح شێخ=KTML_Link_Facebook_End=