دواڕِۆژ، ئاوارە حەمید
وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی دەڵێت، لەئێستا 658 کەسی ئالودەبوو بەماددەی هۆشبەر لە چاکسازییەکانی کوردستانن، بەڕێوەبەرێکی گشتی لە دەستەی مافی مرۆڤیش دەڵێت، زۆر جار ڕێکەوتن لەنێوان بازرگانان و بەڕێوەبەری بازگەگان هەیە لەسەر هاوردەکردنی ماددەی هۆشبەر.
محەمەد هاودیانی، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە میانی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی ماددەی هۆشبەر، لەژێر ناوی جەنگێک دژی نەوەی ئێستا و داهاتوو ڕونیکردەوە، لە ئێستادا 658 کەسی ئالودەبوو بە ماددەی هۆشبەر هەن کە 20 کەسیان ژنن لەگەڵ پێنج منداڵ.
وتیشی لەو ژمارەیە 61 کەس خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێرانن کە زۆربەیان بازرگانی ماددەی هۆشبەرن و 19 کەس بە ڕەچەڵەک تورکن لەگەڵ 13 کەسی وڵاتی سوریا.
هاودیانی بە پێویستی زانی کە سەنتەرێکی ڕاهێنان و چارەسەر بۆ توشبوانی ماددەی هۆشبەر دروست بکرێت.
لایخۆشیەوە تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی مافی مرۆڤ ڕونیکردەوە، وڵاتانی دەوروبەر بە بەرنامە کار لەسەر هاوردە کردنی ماددەی هۆشبەر دەکەن بۆ ئەوەی توانای گەنجان بکوژن.
تاڤگە نمونەی بەوە هێنایەوە کە لەناوچەیەکی سنوری لەماوەی مانگی نیسان لە کۆی 92 ڕاگیراو 78 کەس بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەربوون، لەبەرامبەردا لە قەزایەکی وەک چەمچەماڵ لە هەمان مانگدا تەنها شەش کەس لەسەر مادەی هۆشبەر گیرابوون و لەو شەش کەسە تەنها یەک کەس کورد بووە.
ئەو بەڕێوەبەرە وتیشی بەپێی ئەو زانیارییانەی لەبەردەستماندایە زۆر جار ڕێکەوتن لەنێوان بازرگانەکانی ماددەی هۆشبەر و سەرپەرشتیاری بازگەکان هەیە، بۆیە بەپێویستی زانی کە سەرپەرشتیاری بازگەکان زوو زوو بگۆڕدرێن.
تاڤگە نیگەرانی دەربڕی لەوەی لەناو چاکسازییەکان ئەو کەسانەی بە ماددەی هۆشبەردەستگیردەکرێن لەگەڵ کەسانی تر دادەنرێن، ئەمەش کێشەیە و پێویستە چارەسەر بکرێت.
وتیشی ئەندازیارێک دەستگیر کرابوو لەسەر سەرپێچی هاتوچۆ کە لەماوەی یەک هەفتەدا 16 جۆر مادەی هۆشبەری ناسیوە.
لەبەرامبەر قسەکاتی بەڕێوەبەرە گشتیەکەی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، محمد هاودیانی، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی وتی، لە کاتی دەستبەکاربوونم وەک وەزیر لە سەرجەم چاکسازیەکان بەندکراوان بە گوێرەی تاوانەکانیان جیاکراونەتەوە و تێکەڵی یەکتر نین.
06-08-2017