شارەدێی بەمۆ دەکەوێتە بەشی باشوری ڕۆژهەڵاتی سنوری هەرێمی کوردستان و باشووری پارێزگای هەڵەبجە لە نزیک مەرزی پشتەی سەر سنوری ئێران.
مەڵبەندی شارەدێیەکە دەکەوێتە گوندی گڵێجاڵ هەریەک لەگوندەکانی (بەلەسۆ، پشتە، گمە، بەڕوێن، توەوشکێ، چواردارانی سەروو، چواردارنی خواروو، حاجی ئاوا، قەڵپ، کانی پاشا، کانی وەیسکێ، سەعداوا، حاجی ئاوا (چۆڵ) لەخۆ دەگرێت.
ئەم شارۆچکەیە لە 04-11-1999 لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە (ئیدارەی سلێمانی) فەرمانی کردنەوەی بۆ دەرچووە لەسەر میلاکی شارۆچکەی خانەقین بە ئیمزای کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، لەوکاتەدا خانەقین ئیدارە کوردستانییەکەی لە شارەدێی مەیدان بوو، مەرجەعی ئەو گوندو ناوچانەی دیالە بوو کە لەدوای 1991 ئازاد کرابوون و لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمدا بوون، لە 2003 ئیدارەی خانەقین گەڕایەوە بۆ ناو شارە بنەڕەتییەکەی خۆی لە ناوچە جێ ناکۆکەکانی دیالە و شارەدێیەکەش کەوتە سەر ئیدارەی گەرمیان.
لە ساڵی 2014 فەرمانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە دەرچوو، بەدوای ئەوەشدا خواست و داواکارییەکانی خەڵکی سنوری شارەدێی بەمۆ بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ئەو پارێزگایە پەرەی سەند کە مەرجەعی ئیداری دێرینی سنوورەکە بووە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا 1978، لەبەر ڕۆشنایی ئەم خواستەش لە ئەیلولی 2015 دا جارێکی تر بە فەرمانێکی هەرێمی شارەدێی بەمۆ پەیوەست کرا بە پارێزگای هەڵەبجە، فەرمانەکەش لەسەر ڕاسپاردەی ئەنجومەنی وەزيرانە کە 11-08-2015 دا دەرچووە، بەم پێیەش شارەدێی بەمۆ بووە چوارەمين شارەدێی سەر پارێزگای هەڵەبجە لە دوای هەريەکە لە شارەدێیەکانی خورماڵ و سيروان و بيارە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ناوچەی تاوگۆزی (سنوری دەربەندیخان) و ڕوباری سیروان دەکەوێتە نێوان سنوری شارەدێیەکە و شاری هەڵەبجە، هەروەها هيچ ڕێگايەکی وشکانی ڕاستەوخۆ نييە کە شارەدێيەکە بە پارێزگاکەوە ببەستێتەوە.
لەئێستادا شارەدێی بەمۆ لەناوەندی شارەدێیەکە(گڵێجاڵ) و سیازده گوند پێکدێت، ڕووبەری شارەدێیەکە (137) کیلۆمەتر دووجایە، ژمارەی دانیشتوانیشی لەساڵی (2015)دا بریتی بووە له (2100) کەس.[1]