ئالووبالوو
Latin: - Prunus brigantica
English: - Black cherry
ئاڵووباڵوو، هاڵەبەڵاڵووک، هاڵووبەڵاڵووک، ئاریباری، دارێکە لە تیرەی گوڵ سوورەکان Rosaceae، و بەری دارێک زۆر جوان و شکۆفە چەرمووە کە شێوەی گێلاس دەدا. بەرەکەی مزرە، ڕەنگەکەی سوورێکی مەیلەو ڕەشە، بەڕووتی دەخورێ، مرەبا و ڕوب و شەربەت و تەنانەت شەرابیشی لێ ساز دەکەن و بۆ وشک کردنیش دەست دەدا. فەرهەنگی هەرمان. جۆرێکی دیکەی ئالووبالوو Cerisire aigere یە کە هەر وەک ئەوەی هەرمان باسی کردووە، میوەیەکی خڕ و ترش و سووری تاریکە وەک گێلاس دەچێ، بەڵام تۆزێ جیاوزترە و هێندێک ڤیتامینی B و Cی تێدایە، و ئەشتەهای مرۆڤ ساف دەکات و معدە و سپڵ نەرم و نیان دەکات و زۆر بەکەڵکە، مرەبا و شەربەتیشی لێ درووست دەکەن کە زۆر خۆشە، بەڵام کومپوتەکانی باشتر هەرس دەبن. دارەکەی تاکوو 5 میتر بەرز دەبێت و لە ساز کردنی هێندێک خواردەمەنیشدا بە کار دێ. کاتی خۆی (ساڵەکەم لە بیر نەماوە) بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ژاپون و ئامریکا ئاسایی بێتەوە و دۆستایەتیان زیاتر بێ، وڵاتی ژاپون 3000 داری ئالووبالووی بە دیاری بەخشی بە خەڵکی واشینگتۆن کە ئێستاش دیمەنی ئەو شارەیان ڕازاندووەتەوە. دارەکەشی وەک داری گێلاس دەچێ. ئەمەش جۆرێکیتریە Petite aivaricata. سەیری بەڵالووک بکە.[1]