ئەڤۆکادۆ (بە ئینگلیزی: Avocado) دار و میوەیەکە کە لە ناوچەی گەرمەسێرییەکان و ئەو ناوچەیانەی کە کەشوھەوای دەریای ناوەڕاستیدان ھەیە، دەڕوێت و میوەیەکی گۆشتی و سەوز و بریقەدار بە ناوکێکی درشتەوەی ھەیە. زۆربوونی ئەم ڕووەکە عادەتەن لە ڕێگەی پەیوەند ئەنجام دەدرێت. پەیوەند بە مانای بڕینەوەی بەشێک لە دارێک و بەسترانەوەی ئەو بەشە بە دارێکی دیکەوەیە. لەم شێوازەدا یەک شانە لە ڕووەکە جیادەکرێتەوە و لەسەر ڕووەکێکیتر گەشە دەکات و ئەمەش کوالێتیی باشتر دەکات و بەرھەمی ئەم ڕووەکە زیاد دەکات. لە ساڵی 2017دا مەکسیک لە سەدا 34ی کۆی بەرھەمی جیھانی ئەڤۆکادۆی ھەبوو. دوای مەکسیک، وڵاتانی دۆمینیکەن، ئیندۆنیزیا، کۆلۆمبیا، پێروو و ئەمەریکا گەورەترین بەرھەمھێنەری ئەڤۆکادۆن.[3][4][5]
ئەڤۆکادۆ ڕووەکی گوڵدارە و لە خێزانی ڕووەکەکانی «Lauraceae» پۆلێن کراوە. ڕەسەنی ئەمریکای ناوەندی و مەکسیکە و ھەتا 20 مەتر بەرز دەبێت و باڵا دەکێشێت و زۆر بەخێراییی گەورە دەبێت. ئەم ڕووەکە ھەمیشە گەڵای سەوزی ھەیە بە درێژی 12 بۆ 25 سانتیمەتر. گوڵەکانی نادیارن و سەوزی زەرد بە پانی 5 بۆ 10 میلیمەترن. میوەکەی وەک ھەرمێ یان ھێلکەیە. لە ڕووی ڕوەکناسییەوە میوەیەکی کۆمەڵە کە درێژیەکەی 7 بۆ 20 سانتیمەترە و کێشی نێوان 100 بۆ 10000 گرامە. ناوکی گەورەی ھەیە و درێژیەکەی 5 بۆ 6٫4 سانتیمەتر لە ناوەڕاستی میوەدایە.[1]