جاری وا هەیە، دوای بارینی بارانێک، بە شێوەیەکی سەحراوی کارگی ژەهراوی لە سەرچیمەن و سەوزەڵانییەکان هەڵدەپۆقن. بەڵام هیچ سیحر و چاوبەستنێک لەم کارەدا نییە و ئەم کارگانە (قارچک) بەهۆی هەڵاڵە (spore) کە گەردێکی وردەوە، دەڕوێن و ئەمەش نەتەنیا بۆ ڕوواندنی کارگە ژەهراویەکان نییە، بەڵکوو هەموو جۆرە کارگێک بەم جۆرە پەیدا دەبێ.
کارگێکی سرووشتی لە لاسکێکی لوولەیی کە سەلکە بازنەییەکەی ڕادەگرێ پێک دێ، لە دەور لاسکەکەشیدا حەڵقە یان بازنەیەکی باریک هەیە، لەژێر سەلکە لووس و پانەکەشیەوە پەڕە پەڕەیە و لێرەدایە کە ئەم گەردە وردانە پێک دێن.
ئەم گەردە وردانە (هەڵاڵە، هاگ، spore، سلولێکە کە بێ تێکەڵ بوونی تۆوی نێر و مێ، دەبێتە هۆی ئاوس بوون و ژێان لە هێندێک ڕووەک دا) هەر ئەو کارە دەکەن کە نوتفەی دەنک و تۆو لە ڕووەکی تردا دەیکەن، بەڵام سەرەڕای ئەمەش نابێت لەگەڵ تۆو لێمان بگۆڕدرێ. هەر کارگێک بە ڕادەیەکی زۆر هەڵاڵە پێک دێنێ کە بەهۆی هەوا و باوە بەملا و ئەولادا بڵاو دەبنەوە و لە شوێنی دیکەدا دەست بە ڕواندن دەکەنەوە و دەبن بە کارگێکی نوێ.
ئەگەر ئەم هەڵاڵانە بەکەونە شوێنێکی گەرم و شێدار و مەوادی پێویستیان پێ بگا، لە بەر ئەوەی ڕووەکێکی یەک خانوویین، دەست دەکەنەوە بە شین بوون. جاری واش هەیە کە ئەم سلولانە لەنێو خۆیاندا هێندە دابەش دەبنەوە کە شێوەی زەنجیرێکی درێژ بە خۆوە دەگرن و لە کۆتاییدا لە گوریس دەچن. بە هەر ڕیشۆڵێک لەم زەنجیرانە دەڵێن هیفا یان حیفا Hypha و بە هەموویان پێکەوە دەڵێن میسلیۆم Mycellium. لە شوێنی جۆراوجۆری هەر میسلیۆمێک یان زەنجیرە سلوولێکی قارچکەکاندا، شتی خڕ و زۆر ورد دەبینرێن کە دواتر دەبنە کارگ.
هەر بۆیە هەر کاتێک دیتان، کارگی ژەهراوی و کارگی خواردن لە خاکەوە هەڵدەپۆقن، بزانن کە ئەمە لە ڕاستیدا کۆتایی پڕۆسەیەکی دوورودرێژی زانستیی یە کە بە جوێ بوونەوەی هەڵاڵەکان کە گەردێکی زۆر وردن لە ڕێگایەکی دوورەوە دەستی پێ کردووە.
لە فرهنگ بمن بگو چرا بەرگی یەکەم ل.23 تاکوو 25.
تێبینی: لە کوردستاندا بە تایبەتیی لە لادێکان و کێو و چیاکاندا زۆر جۆری کارگ هەن، لە دارستانەکانیشدا هیی ژەهراوی و لە شوێنی پیس و نێو شیاکەشدا جۆری ژەهراوی هەن. بەڵام بەداخەوە هێشتا لێکۆڵینەوەیان لەسەر نەکراوە و هیچیان لەسەر نەنووسراوە. کەچی نەتەوەکانی تر چەندین پەرتووکیان لەسەر قارچکەکان هەیە و هەر کاتێک دەڕۆن بۆ کارگ هێنانەوە، یەکێک لەم پەرتووکانە دەبەن و بە، جۆرە، جۆری کارگە باشەکان لە ژەهراویەکان جیا دەکەنەوە. چەندین جۆری هەیە کە لە کوردستاندا زۆر حەزی لێدەکەن، ئەویش ئەوانەن کە لە کوێستان و لە بن لۆ و کەما و بێڵەهەڕ دا دەڕوێن، جۆری ژەهراویشی هەیە کە قارچکە گولانە، قارچکە مارانە، قارچکە بیانە، گوپسک و هیتدی پێدەڵێن. (ح.د.[1]