ئەم گیایەش لە تیرەی “خاجی یەکان” Cruciféres ە، گیایەکی دوو ساڵە و چەند ساڵەیە، لاسکەکەی ڕاست هەڵدەچی و بەرزیەکەی لە 52 تا 06 سم دەبێ و گوڵەکانی زەردی مەیلەو قاوەیی یان زەرد و هێشوویی و بۆن خۆشن. بەرەکەی وەک کلویەکی درێژە و دوو دەنک تۆوی تێدایە. گەڵاکانی ساکار، باریک، هێلکەیی، درێژن و لە کوڵک داپۆشراون و ڕەنگیان سەوزێکی لێڵە. شەوبۆ لەو گوڵانەیە کە بۆ جوانی لە حەوش و باخچەدا دەیچێنن. چاندنەکەشی بە هۆی تۆوەیەوە دەکری و ئەم کارەش لە کۆتایی دووهەمین مانگی بەهاردا دەکری، لە هەوایەکی ئازاد دا دەیچێنن و پاش ئەوەی گیایەکە دوولەپە بووەوە دەگوێزرێنەوە بۆ خەزانە و بە مەودایەکی دوورتر لە یەکتر دەیان نێژن و دوای یەک مانگ دەیانبەنە شوێنێکی تر و بە مەودایەکی زۆرتر لە پێشوو دەیاننێن و لە هەوەڵ مانگی پایزدا لە گوڵدانیان دەنین و دەیانبەنە گوڵخانە. دوای کوتای پێهاتنی زستان لە ئاخر و ئۆخری ئەوەڵ مانگی ساڵدا لە گوڵدانیان دەر دێنن و لە شوێنی ئەسڵی خۆیان دا بە مەودایەکی 40 سم لە یەکتر دەیاننێژن. لە گواستنەوەی ئاخردا تۆزێک سەری ڕیشوە نەرمەکانی ئەم گیایە دەبڕن بۆ ئەوەی هێزی نوی بێتە بەر ڕیشوەکەی و زلتر بی. جۆرەکانی ئەم گیایە بە شێوەی خۆرست لە تڵیشی بەرد و سەر دیوارەکان دەڕوێن بەڵام پەروەردەش دەکری. ئەم گیایە لە ئوروپاوە هاتووە و دواتر بو بە ئینگلیسی و دواتریش بە دونیا دا بڵاو بووەوە. لە ئێرانیش دا پەروەردە دەکری. ئەم گیایە بۆ دەرمانیش دەشێ. بە فەرانسەیی giroflée jaune و Giroflée des murailes و بە ئینگلیسی Cheiranthus یان gilly flower و یان Gilliflower و True wall flowerی پیدەڵێن. م.گ. بەرگی 7 ل 1.