مامۆستای قوتابخانە بووە و ئێستا لە شاری بۆکان خانەنشینە. چالاکییەکانی لە بواری کورتەچیرۆک و ڕۆمان و ڕەخنەی ئەدەبیدایە.
ڕۆمانەک: شاربەدەر
چیرۆکەکانی: دەچمە سەر ناڵەشکێنە، مشکەکانی ڕۆح، دۆنادۆن
وەرگێڕاوەکانی: سێ سەعات و 22 دەقیقەی بەرەبەیان نووسراوەی ئەحمەدی شاملوو، دایە باوە چیرۆکم بۆ بخوێننەوە (کورتەچیرۆکی منداڵان)، چیرۆکی نوێ ئینسانی ڕێبازی نوێ، چریکەی چیرۆکی فارسی، تیۆری ڕۆمان
سەربوردێک بە وتەی نووسەر خۆی
لە نێوچاوانم نووسرابوو: مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی بم و تەواوی ژیانم وەک تەختەی سەرئاو هەر لە هەڵچوون و داچووندا بێ و حەجمین و حەسانەوە بە خۆمەوە نەبینم.
ساڵانی 1950 خولی نەتەوەیی کردنی نەفتی ئێران و ڕاپەڕینی جەماوەری ئێرانی دژ بە شا بوو، ئەم هەڵڵا و زەنایە لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ساڵی "گۆپاڵبەدەستەکان" یان چالاکیی ڕەعیەت و جووتبەندە (فەللاح) دژ بە ئاغاوات ناسراوە و تا ساڵی 1953 درێژەی دەبێ. من لە 52دا لە دایکبووم. ڕەنگە لە ساڵانی دەیەی پەنجادا لە هەر کەسێکیان پرسیبا: ئەم شاری بۆکانە بابەتی چییه؟ حەتمەن وەڵامی دەداوه: بۆکان شاری سیاسەتگێڕان و کاری سیاسی و کۆمەڵایەتییه!
بەڵام نا، بۆکان خوا دایناوە بۆ کاری فەرهەنگی و قسەوباس و چالاکیی نووسینی شیعر و چیرۆک و وتار و گوتاری فیکری و فەرهەنگی. ئەوە نییە ئەحمەدی کۆر، حەسەن قزڵجی، مامۆستا هەژار، محەمەد نووری، حەقیقی، ڕاوچی، سوارەی ئێلخانیزاده، میسباحدیوانی ئەدەب و... هەنووکەش زیاتر لە سەد کەس چالاکیی شیعر و چیرۆک...ن لەم شارەدا.
هەڤاڵانی هاوتەمەنی من هەر لە پۆلی سێ و چواری سەرەتاییەوە دەستمان کرد بە کتێبکڕین و خوێندنەوه، سەلیم جەوهەری، شێرۆیه، ئەمیر هەمزه، چوار دەروێش، لەیلێ و مەجنوون، ڕۆستەمنامە و... ئەم کتێبانەمان دەکڕی و دەمانخوێندنەوە و دەمانگۆڕینەوه. تاموچێژی خۆیان هەبوو، شیرین بوون، بڵێسەی متاڵایان لە ئێمەدا دەگەشاندەوه، خودا وەکیل ئەو پۆلە هاوەڵانەی لە پۆلێکدا بووین و لە قوتابخانەیەکدا بووین و ئەم خوێندنەوانەمان هەبوو، لە دەرس و وانەکانیشدا باش بووین، هەر چووینە ناوەندی، فێری کڕین و خوێندنەوەی گۆڤاریش بووین. لە ڕاستیدا جیاوازییەک کەوتە نێوان ئەم چەند هەڤاڵە و هاوتەمەنەکانمانەوه، ئێمە بووینە ڕموودەی کتێب خوێندنەوە و ئەوان یان با بڵێم زۆربەی هەرەزۆر و لە سەدای 90ی منداڵانی شارەکە هەر بە پێی دابونەریت مەڕمەڕێن و جگێن و شەڕەسەگ و هەلووکێن و.. یان ڕەچاو کرد و لە ئاکامدا ئێمە ڕوومان کردە درێژەدان بە خوێندن و بووینە کاربەدەستی میری و فەرمانبەر و بڕێکمان چوونە زانکۆ و بوونە دوکتۆر و ئەندازیار و ژیانێکی نوێ هاتە سەر ڕێگە و چارەنووسمان.
بەڵام، دەبا کەمێک هەر لە سەردەمی ناوەندی و دواناوەندیدا هەڵوەستەیەک بکەم و تیشکێک بخەمە سەر ئەم خول و بڕگەیه، چونکە لە ڕاستیدا ڕێگەی ژیان و داهاتووی ئێمه، هەڤاڵانی ئەو عەیام هەر لەم بڕگەیەدا بوو بە مۆر و بە نێوچاوانمانەوە نووسرا.
دەرسەکانمان باش دەخوێند و لە موتاڵاکانمان وانەی ئاکارمان وەردەگرت و یاری و کایەی پێویستی تەمەنی خۆشمانمان دەکرد.لە پۆلی دووی ناوەندیدا ئاغای مامۆستا ڕەشید ئازادیخواز بووە مامۆستای دەرسی ئەدەب لە مەدرەسەکەماندا. مامۆستا ئازادیخواز ساڵانێکی زۆر لە تاران مابۆوە و لە کەشوهەوای ڕووناکبیری ئەوێندەرێ کەڵکی وەرگرتبوو. خوێندنەوەیەکی باشی لە ئەدەبی چیرۆکی ئەوڕووپادا هەبوو، مامۆستا لە وانەکانیدا ئێمەی دەگەڵ چیرۆکنووسانی باشی ئێرانی (فارسەکان) و ئەوڕووپایی (فیکتۆر هۆگۆ، تۆلستۆی، بەلزاک و...) چەندان کەسی تر کردە دیوناس و ڕێگەی ناسینی ئەدەبی باشی ڕۆژی پێ نیشانداین، ئێستاش هەر ڕێز و سوپاسمان بۆیان هەیه.
لە 16-17 ساڵاندا بووین کە تاقمێک زیندانی ڕژێمی شا لە زیندان ڕزگاریان بوو و گەڕانەوە شارەکه. هەر ئەمانە کەوتنە ناو شارەکە و بە بۆنەی دۆست و دیوناس و خزموکەسێتیییەوە وانەی سیاسییان بە گوێی زۆر کەسدا خوێند و زۆر کەسیان کردە چالاکی سیاسی. پێشینەی چالاکیی سیاسەت لە شاری بۆکان و پێشینەی ئەم ڕووناکبیرانە شەپۆلێکی زۆری لە لاوەکان وەشوێن ئەم چالاکییە خست و وای لێهات ساڵی 1978 کە ڕاپەڕینی خەڵکانی ئێران دژ بە شا پەرەی گرت، لە شاری بۆکاندا شەپۆلێکی زۆر ڕووناکبیری سیاسی لە ئاستی ڕێبەرایەتیی شۆڕشدا بوون و هەر ئەمانە زۆریان بوونە چالاکی سیاسی و ئێستاش کادیری سیاسی و ڕێبەرایەتی پارتەکانن.
قسەی خۆش لەوەدایە هەرچی لەملاولا چالاکانی سیاسی باسیان لە مارکس و لینین و ماوسیتۆنگ و جیڤارا و... دەکرد، ئێمەش تاقمێک بووین کە ناوی شاملوو، هیدایەت، هێمن، هەژار، سواره، گۆران، بێکەس، فاکنەر، چیخۆف، هەمەنگوای، شتاینبەک و... بنێشتەخۆشەی سەر زارمان بوو و سیاسەتەکانیشمان هەر بە فاکتەر و فاکت و تیۆریی ئەمانەوە دەگێڕا.
من خۆم بێجگە لە ڕۆمانەکانی هەمەنگوای و کامۆ و شتاینبەک و تۆلستۆی و چیرۆکەکانی چیخۆف و هیدایەت و شاملوو، ساعیدی و شیعری شاملوو، هێمن، سواره، گۆران، هەڵمەت، بێکەس و... کەسایەتیی هونەرمەندی لەم چەشنه، بە هیچ شتێک و هیچ کەس موعجیب نەبووم. ئەگەر بۆ چرکەساتێکیش چوومە خەباتی ڕامیارییەوه، ئەمە گرێی سەرکوتکراوی چیرۆک و ڕۆمان بوو، کە فارس و گۆڤاری فارس دەرفەتی گەشەی پێنەدابوو، ئەم گرێیە بەرەو کاری ڕامیاری ڕاوەدووی نام و لە ئاکامیشدا بە زۆر هۆکارەوە کە ئەوی هەرە سەرەکی و گرنگیان خووخدەی ئەدەبخۆشەویستی و ئەوینی نووسینی چیرۆک و ڕۆمان بوو، بەرەو جیهانی نووسین و خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمان گەڕامەوه.
ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1984 بەملاوه، یانی ئەو ساڵانەی کە زۆر گرێ لە مندا توواوە و توانیم بە خۆمدا بچمەوە و وەشوێن وەڵامی ئەم پرسیارە بکەوم کە من کێم و توانام چییه؟ لاوازی و نەتوانیم لە چیدایه؟ دەتوانم چ چالاکییەکم هەبێ و دەرفەت و توانای کام چالاکی و تەنانەت کام ئەرک و ئیشم نییه؟
یەکێک لە بەهرەکانی من، ئاگەداریم بە سەر گریمانە و تیۆریی کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەدا بوو، هەروەک ئاگاداری و دیوناسیم دەگەڵ چالاکان و مرۆڤە باشەکانی ئەم مەیانەشدا هەبوو. ئەوەشم بۆ دەرکەوتبوو کە بە دەستێک چەند شووتی هەڵناگیرێ و لە ڕووی بنەماڵەییەوە یان بڵێم لە ڕووی توانا و ئەگەرەکانی چینایەتی و بنەماڵەییەوە کێ بۆ چی دەبێ؟ چی دەتوانێ، چی لە دەست دێت و نایەت و لە کوێدا بە کەڵک و بەهرە دەبێت و بەخشندەیی و کەڵک و بەرژەوەندیی بۆ کۆمەڵگە و جەماوەر و تەنانەت بۆ خۆی دەبێ؟
ئەوە بوو کە لە سی ساڵان بەملاوە هێڵێکی سوورم بە دەوری بڕێک کاردا کێشا و خوم لە قەرەیان نەدا. لە جیاتیدا چالاکییەکی لە ڕادەبەدەری کاری پەروەردەم بۆ ڕاهێنانی خوێندەواری منداڵان و مێرمنداڵان کرد و شەپۆلێکی باشی چالاکیی فەرهەنگی و پەروەردەم لە نێو مامۆستایانی قوتابخانە سەرەتاییەکانی شاری بۆکان بە دێهات و گوندەکانیەوە وەگەڕ خست کە بەهرەی زۆری بوو.
هاوکات زۆر هژڵ و جیددی گەڕامەوە سەر خوێندن و نووسین و بەتایبەت گرنگیم بۆ ئەدەبی کوردی دانا و زۆر زیاتر لە پێشوو خۆم بە زبان و ئەدەبی کوردییەوە ماندوو کرد، بە تایبەت ئەوەی جێگای گرت و ڕووی نێو کۆڕ و کۆبوونەوە و مەجلیساتی بوو بەشداری کردنم لە لێژنە زانستی و خوتبەدان و لێدوان لە سەر کارە ئەدەبییەکانی ئەدەب و ڕووناکبیرانی کوردی لە کۆڕ و کۆبوونەوە و کۆنگرە و میهرەجانەکاندا بوو، ئەمە لە لایەک و تەرخان کردنی کتێبخانەکەم بۆ گشت کتێبخوێن و نووسەر و شاعیر و خوێندکار و توێژەران و ئەو کۆڕە چیرۆکەی شەوانی پێنجشەمۆ، کە لە ماڵی من و خوالێخۆشبوو سەید جەعفەر مستەفەوی و کاکەسمایل عەبدولکەریمی و شامحەمەدی و کاک ناسر وەحیدی و بریا کاکەسووریدا پێکدەهات و بۆ ماوەی دە ساڵێک بەردەوام بوو، لەم کۆبوونەوانەدا هەموو چالاکیی نووسەر و شاعیری شارەکە و کوردستانی ڕۆژهەڵات دەخوێندرایەوە و ڕاڤە دەکرا و شیکاری دەکرا و ئەوەی کتێب و بڵاڤۆکی فارسی و کوردی هەر کوێندەرێ وەگیرمان کەوتبایه، خوێندنەوەی لە سەر دەکرا.
ئەمە لە بیرەوەرییە هەرە باش و خۆشەکانمه. ئەمە کارێکی وای کرد لانیکەم لە چیرۆکدا شاری بۆکان و ئەو دە دوانزدە کەسە هەموو بوونە خاوەن چالاکیی نووسینی چیرۆک و بوونە خاوەن کتێبە چیرۆکی خۆیان و خاوەن ناوێک وەکوو چیرۆکنووس و ببنە نموونە و سەرمەشق بۆ زۆر گەنج و لاوی ناوچە و دەڤەرەکه.
بە ڕاشکاوییەوە دەڵێم: (شاربەدەر) و (دۆنادۆن)ی خۆم و وەرگێڕانەکانم داهات و بەرهەمی ئەو شەوانە و ئەو کۆڕ و کۆبوونەوانەیە و دیترانیش خۆیان دەزانن چەندی بەرهەمەکانیان کاریگەری و شوێنپێی ئەو 5شەمۆ شەوانەی بە سەرەوەیه؟ ئێستاش کە ئەوا چەند ساڵێکە ئەو بڕگەیە بەسەر چووە دەبیستمەوه، لە زۆر شوێندا زۆر کەس ئەو 5شەمۆ شەوانە بۆی بیرەوەرییەکی ئاڵتوونییه.
من بە دوو شت زۆر سەرسام و موعجیبم، مرۆڤ و مرۆڤایەتی. مرۆڤ و ئەو داهات و بەرهەمەی بەدی دەهێنێت. فەیلەسووفێکی مەزن دەڵێت: باشترین دۆستی مرۆڤ کتێبه، کتێب، بەڵام نا، باشترین دۆستی مرۆڤ، هەر مرۆڤە و دەتوانێت هەر مرۆڤ بێت و بەس، چونکە ئەوی شتی جوان و باشه، دەرەنجام و داهاتی کاری مرۆڤه. پێموابێ ماکسیم گۆرکی بوو، لە شوێنێکدا خوێندمەوە نووسیبووی: بێتوو جوان لە باخ و مەزرا و سارات ورد بینەوه، بۆمان دەردەکەوێت کە سروشت (دارستان و زەریا و ڕووبار و چیا و...) خۆیان لەخۆڕا و بەبێ کار و تێکۆشانی مرۆڤ هیچ جوان نین، هیچ شوێنی حەسانەوە نین، گەرما و سەرمای لە تاپشت بەدەر و ئاژەڵ و دڕندەی وەحش و.. زۆر شتی سروشت بەبێ چالاکیی مرۆڤ، مرۆڤکوژ و ژیانکوژ و کوشندەن، ئەوە مرۆڤە کە بە چالاکی و تێکۆشان و خۆ ماندوو کردن گۆی زەوی ڕازاندۆتەوە و ئەم گشتە جوانییەی بە سروشت و کۆمەڵگا و جەماوەر بەخشیوە و دەرفەت و شوێنی حەسانەوە و تاموچێژ بردنی بۆ مرۆڤ ڕەخساندووه. بەڕاستی دەوری مرۆڤ لە جیهان و ژیاندا، شیاوی و توانای مرۆڤ لە ڕازاندنەوەی کۆمەڵگا و شار و شەقام و ئەو گشتە بینا و پێکهاتە و ڕێکخراوە و ئاوەدانکارییەی کردوویه، هەمیشە سەرسامی کردووم و ئەو هەموو کتێب و خوێندنەوە و کار لە شەریکەکانی بیناسازی و شارسازی و جادەسازی و... ئەم خاڵەی لە کردەی ڕۆژانەی خۆیشمدا بۆ سەلماندووم و وایان پەروەردە کردم و ڕایانهێنام کە بۆ هەمیشە تەنیا ئامانج و ئایدیام خزمەت بە مرۆڤ و لە پێناوی پێکهاتنی کۆمەڵگایەک بێت کە یاسا سەرەکەییەکەی مرۆڤپەروەر بێت.
من زۆر زوو لە دەرس و مەدرەسە کشامەوە و چوومە ناو شەریکەکانی جادەسازی و بیناسازییەوه. کار لەو شەریکانەدا و دۆست و دیوناس بوون دەگەڵ کرێکاری ئاسایی و کرێکاری پەروەردە و ڕاهاتوو، دەوری بەرزی مرۆڤی پێ نیشان دام و پێشی سەلماندم؛ مرۆڤ بەرز و بەڕێزە و لە مرۆڤ شیاوترمان نییه.
ساڵێک سەرەتای مانگی گوڵان چووینە ناو جەرگی کەویری سارات (دەشتێکی زۆر گەورەی بەبێ ئاو و ئاوەدانی و ئاڵف و ئاژەڵ) بەڕاستی چۆڵگەیەک بوو کە هیچ زیندەوەرێک سێ ڕۆژی تێدا نەدەمایەوە و نەدەژیا، بەڵام بەرە بەرە کرێکارانی شەریکە هاتن و دەستیان کرد بە ئاوەدانکاری، لە پاش شەش مانگ شارێکیان ساز کردبوو بە ناوی شاری "کانگای مس"ی سەرچەشمەی کرمان. ئەمە شارێکە کە هەر لەو عەیامەوە تا هەنووکە سەیرانگا و شوێنی ڕابواردنی جەماوەری چوار پێنج پارێزگای دەوروبەری خۆیەتی و ساڵانە بە هەزاران گەشتیار سەردان و دیداری دەکەن و تێیدا شادی دەکەن و تاموچێژ دەبەن و بە خۆشی ڕایدەبوێرن.
دەمەوێت بڵێم: ئەمە تەنێ مرۆڤە کە دەتوانێت بە شەش مانگ کار کردن دۆزەخ و بەرزەخ بکاتە بەهەشت و شوێنی حەسانەوە و ڕابواردن. ساڵانێک دواتر کە لە شەریکەکان هاتمە دەر و بوومە مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی و قوتابخانە و مامۆستایان و دای و بابی قوتابیم بینی و لە نزیکەوە دۆست و دیوناسیم پێکهێنا، جارێکی دیکەش مرۆڤانێکم بینی کە لە ئاگاداریی زانست و هەست و سۆزی خزمەتگوزاری و مرۆڤپەروەری و مرۆڤخۆشەویستیدا موعجیبیان کردم. موعجیب لە توانای مرۆڤ و گەورەیی مرۆڤ. خوێندنەوە و نووسین و هەڵسوکەوت لە نێو جەماوەردا ئەم هەستی مرۆڤخۆشەویستییەی کردە بەشێک لەو خوێنەی بە دەمارەکانمدا دەخوشێت و بەردەوام لە جموجۆڵ و هاموشۆدایه. دەمەوێت بڵێم: میلیگرام بە میلیگرامی ئەم خوێنە سەرسامی دەوری مرۆڤ و مرۆڤپەروەرین و لە سەر ئەم گۆی زەوییە بێجگە لە مرۆڤ بە هیچی دیکە سەرسام نین.
من سێ دەورە و خول و بڕگەی گرنگ لە ژیانمدا کاریگەریی سەرەکییان تێ کردووم:
1ـ ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیریم لە نێو جەماوەری ئاسایی و ڕووناکبیرانی سیاسی و ئەدەبدا
2ـ ژیانی کار کردن لە شەریکەکان و شارانی دوور و نزیک و هەڵسوکەوت لە نێو کرێکاراندا
3ـ ژیانی مامۆستاییم لە قوتابخانەکان و هەڵسوکەوت لەگەڵ مامۆستا و قوتابی و کەسایەتیی جۆراوجۆری چین و توێژە جیاوازەکانی دای و بابی قوتابیدا.
مرۆڤخۆشەویستترین کەسانم لە نێو ئەم سێ بڕگەیەی ژیانمدا بینیوه، هەروەکوو کەسانێکم بینیوە کە هەر لە نێو ئەم چین و توێژ و بەرە و تاقمانەدا بوون و لە ئاژەڵی دڕندەی برسی خراپتر بوون و لە خراپی و بێکەسایەتی و ئاکاری دژە مرۆڤانە و دژی مرۆڤایەتیدا بوونەتە مایە و هۆکار و هۆی سەرشۆڕیی هەتاهەتایی هەر مرۆڤێک و ئەم دوو کەسایەتییە دژوازە لە مرۆڤ، هۆکارەکەی بۆ من ناچێتەوە سەر یەک و سەرەودەرەی ئەم کارەسات یان بەزمەساتە ناکەم.
لە دوانزە و سیانزە ساڵان و لە سەرەتای دابڕانم لە کەسایەتیی پێوەر و سوننەتی و ئاوێتە بوونم بە جیهانی نوێ و دیوناس بوونم دەگەڵ ئەدەب و هونەر و شیعر و چیرۆک و ڕۆمانی سەردەم و ئەوڕووپاییدا، چیرۆکنووسانێکی ئاسایی وەک حوسێنقوڵی موستەعان و حیجازی و دەشتی و جەواد فازڵ و ئیعتیمادی و.... بەرەو جیهانێکی ئەمڕۆیی و نوێ پاڵیان پێوە دەنام و دوو سێ ساڵ دواتر (1966 و1967) کامۆ و شاملوو و هیدایەت و فرووغ، هێمن و گۆران، فاکنەر و جاک لەندەن و هەمەنگوای و چیخۆف و تۆلستۆی وایان بەرەو دابڕان لە مرۆڤی ئاسایی و ژیانی ئاسایی و هەڵسوکەوتی ئاسایی ڕاوەدوو نام کە ئێستاش خۆم نەگرتۆتەوە و هەر دێ و بەرەو دەشتێکی هەزار بەهەزاری پڕ لە سەرسامبوون و نامۆیی و هەردەم موعجیب بوون بە زۆر شت کە بو دیتران یان ئاساییە و یان نایبینن، ڕاوەدوو دەبم. ئەوەتانێ ئەمەش کۆرت ڤۆنیگات و براتیگان و بارتێلمی و سەلینجەر و... دیسانیش جیهانێکی تازەتر، بەڵام ئەم گشتە گەشت و گەڕۆکبوونه، بوونەتە مایەی ئەوەی کە لە زۆر کار و زۆر کاراندا دەرنەبەم و بمێنمەوە و زۆر دۆستی باشم لە دەست دەربچێت و لەگەڵ زۆر کەسی بێکەڵکدا دیوناس و هۆگر بم کە گورزی زۆر گەورەم لە دەستیان خواردووە و ئاکامەکەی ئەوەیە کە بەردەوام لە کارەکەی خۆم، ئەو کارەی کە ئەرکمە و دەبێت بە شوێنێکی بگەیەنم، دوور دەکەومەوە و دادەبڕێم و...
ئەوەتانێ چوار یەک و پێنج یەکی ئەو کارانەی کردوومه، کاتم نەبووە وەشوێنی کەوم و بە ئاکامێکی بگەیەنم و بە سەر دەستمەوە ماونەتەوه، دیسانیش هەمان (حەدیسی نەفس) و نۆستالۆژی مرۆڤی سەردەم و هەزاران قسە و باس و ئێش و بڕک و ئازاری دووپات و چەند پات...
دەبا لێگەڕێین...
مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی بووم لە شاری بۆکان. ساڵی 2004 خانەنشین و بازنشست بووم. دوورەپەرێز لە گەڕەکی فەرهەنگیانی قەدیمی شاری بۆکان و لە بەندەنی ناڵەشکێنە دەژیم. سەر ناڵەشکێنە زۆر دەچم، زیاتر چیرۆک و ڕۆمان و تیۆر و ڕەخنەی چیرۆک و ڕۆمان و نووسراوەی سەبارەت بە ئەدەبی چیرۆکی دەخوێنمەوه. پێموابێ تا ڕۆژی مردن و لە پاش ئەم ژیانەش، بێتوو جارێکی دیکەش بێمەوە نێو ژیان و جیهان، هەر ئەم ڕێگە و ڕێبازە هەڵدەبژێرمەوە و هەر سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسینی چیرۆک و ڕۆمان دەبم....
ئەم وتارە لە ژمارە 49ی گۆڤاری گەلاوێژی نوێدا کە فایل و دۆسییەیەکی 97 لاپەڕەی بۆ نووسەری ئەم کتاوە لێدابوو، لە چاپ دراوە. وێڕای سپاسی زۆرم بۆ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری گەلاوێژی نوێ، بەتایبەت بەڕێز مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر بەرزەنجی و بەڕێز مامۆستا فەرەیدوون پێنجوێنی.