یەشار کەمال
وەرگێڕانی ڕێباز مستەفا
بڕوانە فورات خوێناویە
(ڕۆمانی چوار بەرگی چیرۆکی دوڕگەکتێبی یەکەم
نووسینی: یەشار کەمال
وەرگێڕی فارسی:عەلی ڕەزا سەیفەدینی
چاپی یەکەم:2008 هەولێر چاپخانەی ڕۆژهەڵات
لاپەڕە:510
شاکارە ڕۆمانی چیرۆکی دوڕگە کە چوار بەرگە و بەرگی یەکەمی بە ناوی (بڕوانە فورات خوێناویە)ە، یەکێکە لە ڕۆمانە هەرە نایاب و بەرزەکانی یەشار کەمال. لەم ڕۆمانەدا کە لەسەریەک نزیکەی دوو هەزار لاپەڕە دەبێ، یەشار کەمال سەردەمێکی زۆر تاریک و کارەساتباری دەوڵەتی تورکمان بۆ دەگەڕێتەوە کە تازە مستەفا کەمال هاتۆتە سەر دەسەڵات و دڕندانە کەوتۆتە قەڵاچۆکردن و لەنێوبردنی گەلانی ناتورکی نێو ئەو چوارچێوە هۆڤناکەی کە ناوی تورکیایە. بەتایبەت کوشتوبڕ و لەنێوبردنی کورد و لە نێو کوردیشدا کوردانی ئێزدی.
ئەو دەڵێ ئەوەندە ئێزدییان کوشت، مەمکی کچانیان بڕی و تەرمەکانیان فڕێ دایە نێو ڕووباری دیجلە و فورات کە ڕووبارەکان خوێناوی بوون، بەڵێ فوراتت بینیبا خوێن بوو لێی دەڕۆیی..
یەشار کەمال باس لە ستەمێک دەکات کە بەداخەوە مێژوو خۆی لێ نەبان کردووە و هەرگیز باسی نەکردووە، بەڵام ئەو لە قاڵبی ئەو شاکارە ئەدەبییەدا تۆماری کردووە و خۆشبەختانە بۆ زۆربەی هەرە زۆری زمانەکانی جیهانیش وەرگێڕدراوە.
بەختەوەرم کە منیش سێ بەرگی ڕۆمانەکەم (بڕوانە فورات خوێناویە، ئاوخواردنەوەی مێروولە و کەلەشێرەکانی بەرەبەیان)م کردوونەتە کوردی و چاوەڕێی بەرگی چوارەمیشم بکرێتە فارسی تاکو کارەکە تەواو بکەم.
هەر کەس حەز بە ئەدەبیی یەشار کەمال دەکات هەر دەبێ ئەم شاکارەشی بخوێنێتەوە، چونکە ئەم بەرهەمەی هەم کارێکی بەرزی ئەدەبییە و هەم مێژوویی و سیاسیشە، پەیوەندی بە مێژووی گەلەکەمان و مەرگەساتەکانییەوە هەیە.
هیوادارم بە وەرگێڕانی ئەم کتێبە خزمەتێکم بە گەلەکەم و کتێبخانە و خوێنەرانی خۆشەویستم کردبێت. [1]