لە گەڕەکی سەیوانی شاری #سلێمانی# لە دایک بووە، قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و پەیمانگای پێگەیاندنی مامۆستان بەشی زمانی عەربی لە سلێمانی تەواو کردووە. لە ساڵانی خوێندنی قۆناغی پەیمانگادا سەرقاڵی وێنەکێشان و ژەنینی ئامێری گیتار بووە. لە ساڵی 1997 دا چۆتە دەرەوەی وڵات و لە شاری ئیستانبوڵ دەستی بە ژیان کردووە. لە ساڵی 2000دا لە ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانی ئۆپێرا لە بواری ژەنینی گیتاری فلامێنکۆدا دەستی بە خوێندن کردووە. لە ساڵی 2004 دا بە ئاستێکی باش و بە پلەی دەیەی یەکەم خوێندنی تەواو کردووە و لەسەر ئەرکی هەمان ئەکادیمیا و دەستەی پڕۆژەی لیۆناردۆ داڤنشی، کە پرۆژەیەکی یەکێتی ئەوروپایە، نێردراوە بۆ خوێندنگای ئامۆر دە دیۆس لە شاری مەدریدی ئیسپانا بۆ خوێندنی ماسترکلاس لە بواری ژەنینی ئامێری گیتاردا. لە ساڵی 2005 دا گەڕاوەتەوە شاری ئیستانبوڵ و لەگەڵ دیلەک ئاکدەنیزی هاوسەریدا کە سەماکاری ستایلی فلامێنکۆیە، گروپێکیان بەناوی گروپی فلامێنکۆی ئاکدەنیزەوە پێکهێناوە و لە زۆربەی هۆڵەکانی کۆنسەرت و زانکۆکان و ڤیستیڤاڵەکاندا نماییشی کردووە. لە ساڵی 2009 و لەگەڵ دیلەکی هاوسەریدا فێرگەیەکی میوزیک و سەمای فلامێنکۆی لە شاری عەنقەرە بۆ هەردوو بواری ئامێری گیتار و سەمای فلامێنکۆ دامەزراندووە. لە ساڵی 2013 وە گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی و چەندین کۆنسەرت و وۆرکشۆپی لە بارەی ئامێری گیتار و ستایلی فلامێنکۆوە پێشکەش کردووە. هەر لەو ساڵەدا فێرگەیەکی بە ناوی فێرگەی میوزیک و سەمای فلامێنکۆ لە سلێمانی دامەزراندووە و هاوکات سەرقاڵی وەرگێڕانی کارەکانی نووسەری بەناوبانگ ئۆرهان پاموک بووە و تاکوو ئێستاش لەهەردوو بوارەکەدا بەردەوامە.
کتێبە وەرگێڕدراوەکان:
ڕۆمانی ماڵی بێدەنگ (ئۆرهان پاموک)
ڕۆمانی ژنە قژسوورەکە (ئۆرهان پاموک)
باوڵەکەی باوکم (ئۆرهان پاموک)
ڕۆمانی سەمەرەیەک لە سەرمدا (ئۆرهان پاموک)
من درەختێکم (ئۆرهان پاموک)
ئەزموونەکان (ئەلبێر کامۆ)
لە ماوەیەکی کورتیشدا، کتێبی (ئیستانبوڵ یادەوەرییەکان و شار و ڕۆمانی جەودەت بەگ و کوڕەکانی) کە دوو کتێبی نووسەر ئۆرهان پاموکە و قۆناغی وەرگێڕانیانی تەواو کردووە، لە لایەن ناوەندی ئەندێشەوە چاپ و بڵاو دەبنەوە. لە ئێستادا سەرقاڵی وەرگێڕانی (کتێبی ڕەش)ە کە ئەویش کاری نووسەر (ئۆرهان پاموک)ە.[1]