حاجی تۆفیق بەگی مەحمووداغای هەمزاغای مەسرەف پیرەمێرد، لە غەزالەخانمی عەبدوڵڵا ئەفەندیی عەزیزاغای هەووەڵ هاوسەری، کوڕێکی مەهدی ناو و دوو کچی ئامینە و ڕەحمە ناوانی خستووەتەوە. ڕەحمەخانم، لە مستەفا ئەفەندیی ئەحمەد ئەفەندی کە 26ی مارتی 1942 کۆچی دواییی کردووە؛ (فایەق هۆشیار، ئەحمەد زرنگ، فاتمە و پەروین)ی هەبوون.
ئەحمەد، کە #پیرەمێرد# خۆی ناسناوی زرنگی بۆ هەڵبژاردووە، ئێوارەی شەممەی ڕێکەوتی 14ی حوزەیرانی 1930 لە #سلێمانی# لەدایک بووە. قوتابخانەی سەرەتاییی (فەیسەڵییە)ی لە سلێمانی، سێی ناوەندی و سانەویی-ساڵی 1949-لە #کەرکووک# و کۆلێجی حقووقی -ساڵی 1954-لە بەغدا تەواو کردووە.
هەر لە ساڵی 1950 بەدواوە بووەتە هاوکارێکی ڕۆژنامەی ژین بووە؛ لە بەغداوە، بە یارمەتیی بەهەشتی عەلادین سەجادی مەرەکەب و کاغەزو پیتی بۆ چاپخانەکەی دابین کردووە. ئەو ماوەیە ناوبەناو کاروباری ئیدارەخانە یا نووسینی ژینی ڕاپەڕاندووە، تا لە ژمارە 1214ی ڕۆژی 9ی ئەیلوولی 1954ەوە ئیدی بووەتە بەڕێوەبەری ئیدارەخانە و نووسین و نووری ئەمین مەحموودیش بەڕێوەبەری بەرپرسی بووە. ئەگەرچی ئەو ساڵە کە زانکۆی بڕیوە، هەلێکی مسۆگەری خوێندنی بەرزی لە فەرەنسە بۆ ڕەخساوە، بەڵام لەبەر بێخاوەنیی ڕۆژنامەکەو گیرانی مامۆستا گۆرانی سەرنووسەری، نەچوە. لەو ساڵەیشەوە، بەدەم ڕۆژنامەوانییەوە، پارێزەریی کردووە تا 1964.
ڕۆژی 18ی کانوونی یەکەمی 1957 بە ئەندامی مەجلیسی بەلەدییەی سلێمانی هەڵبژێردراوە. پاش 14ی تەمووزی 1958 چووەتە بەغدا و خانووەکەیی بە بارمتە (ڕهن) داناوە و دوو پارچە زەوی فرۆشتووە، پارەی پاشەکەوتکراوی دیکەشی هەبووە، دوو مەکینەی نوێی چاپی پێ کڕیون؛ یەکەمیان قەوارە بەتاڵ بۆ دەرکردنی ڕۆژنامەی قەوارە گەورە، دووەمیان بچووک بۆ چاپی پەرتووک. تا وای لێ هاتووە ڕۆژنامەکەی -لەبریی هەفتەی جارێک-هەفتەی دوو جار دەر کردووە.
ئەو ماوەیە کە ئەحمەد زرنگ سەرۆکی نووسینو ئیدارەخانەی ژین بووە، چەند جارێک ڕووبەڕووی لێپرسینەوەو تەنگ پێهەڵچنینی حکوومەت بووەتەوە، تا ڕۆژنامەکە لە دوای دەرچوونی ژمارە (1714)ەوە ڕۆژی 7ی شوباتی 1963، وەک هەموو ڕۆژنامەیەکی دیکەی ئێراق، بە هاتنە سەر کاری عەبدولسەلام عارف و #بەعس#ییەکان، بەتەواوی ڕاگیراوە.
9ی حوزەیرانی 1963 یەکێک بووە لە گیراوەکانی سلێمانی. پاش بەربوونی، هەوڵی تازەکردنەوەی مۆڵەتی ڕۆژنامەکەی داوە، بەڵام ڕێی پێ نەدراوەتەوە. ئەمجا ڕووی کردووەتە وەزیفەو ساڵی 1964 بە دادوەری دادگای #هەڵەبجە# دامەزرێنراوە، پاشان براوەتە شارەکانی (دیوانییە) و (کەرکووک). 1972 بووە بە ئەندامی دەستەی تەمییزی چاککردنی کشتوکاڵ، 1990یش بووە بە سەرۆکی هەمان دەستە. 1993 خانەنشین کراوە، بەڵام 1996 خراوەتەوە سەرهەمان وەزیفەی پێشوو. کە ئەو ساڵانەی دوایی بە ماڵەوە هاتەوە بۆ کوردستان، کرایە سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاژە.
ئەم دوایییە، پاش ئەوەی -بەداخەوە-جەڵتەی مێشک لێی داو چەند حەفتەیەک خستی، ڕۆژی 27ی شوباتی 2011 (یەکشەممە) کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە گردی (مامەیارە) بەخاک سپێردرا.
ئەحمەد زرنگ، هاوکار و پشتیوانێکی خۆبەخشی (بنکەی ژین) بوو.