ناو: ڕەشید
ناوی باوک:عەلی ساڵح
نازناو: شاڵاو عەلی
شاڵاو عەلی- شاعیر
نووسینی: خالید عومەر عوسمان
ناوی تەواوی (ڕەشید عەلی ساڵح) ە، ساڵی 1964 لە گوندی (#سەربەشاخ#) ی سیانان لە ناوچەی #کەندێناوە# لەدایک بووە، دەرچووی پەیمانگای مامۆستایانی هەولێرە، ساڵی 1997 ڕووی کردۆتە وڵاتی سوید، هەر لەو وڵاتە پرۆگرام سازی کۆمکپیۆتەری خوێندووە و وەکوو مامۆستا کار دەکات، یەکەم شیعری لە ساڵی 1989 بڵاو کردۆتەوە، زۆربەی هۆنراوەکانی کراون بە گۆرانی، یەکێ لەو هۆنراوە هونەرمەند زەکەریا عەبدوڵڵا کردویەتی بە گۆرانی (تۆم خۆشناوێ) لە ساڵی 1997، بەهۆی لاوازی ئەرشیفی شیعرەکانی فەوتاون،
چیت لێ دەوێ
چیت لێم دەوێ لەوەی زیاتر ئاوی چاوم دەکەی بە شەرابی نۆشت
چیت لێ دەوێ لەوەی زیاتر خەوی خاوم دەوەرێنی و
خوێنی دڵم دەکەی بە کاسە شەربەتێ بۆ سەر مێزی عیشق و جۆشت
چیت لێ دەوێ لەپاش ئەوەی هەرچی هەمبوو هەمووت سووتاند تا گەیشتە دوا پەیکەری خۆشەویستی و
بە ڕقێکا هەمووت شکاند
چیت لێم دەوێ نامە نەما بۆت نەنووسم لەسەر لق وچڵ وچرۆ
تۆش شوێن نەما پڕی نەکەی لە زە ڕدەخەنەی بە درۆ
چێت لێم دەوێ شەقام نەما فرمێسکی لێ هەڵنەڕێژم
درەخت نەما لە سێبەریا خەونێکی نوێی لێ نەنێژم
وەک دارستانی سووتاوو بووم بە دوای قومێ ئاوتا وێڵ بووم ئەوساتانەی پێت دەگووتم...
ئیتر پەیمان خۆشەویستم..
گەر تۆ بیابانێکی وشک بی من ڕەهێڵ بم..
تازە ئیتر چیت لێم دەوێ...؟
لە دوای ئەوەی لە بیرت چوو..؟
ئەوڕۆژانەی سەدان ناومان بۆ منداڵی خەونەکانمان دەنووسی لەسەر قەدی دار
نەمدەزانی ئەوڕۆژە دێ هەرچی یادو یادگاریە لەسەر دڵم...
دەبێ بە ئێش و بە ئازار ئیتر تازە چیت لێم دەوێ..
نەکەی هەرگیز لە خەونیشا بیدرکێنی
نەکەی ڕۆژێ هەڵە بکەی یان لای کەسێ باسم بکەی لێرە و لەوێ..
بڵێی هێشتان خۆشم دەوێ..
دڵنیا بە تاتۆ مابی لەوەی زیاتر گوێت لێ نابی هەر پێت دەڵێم... چیت لێم دەوێ..؟
بڕۆ ئیتر هیچ تۆم ناوێ هەموو دونیاشم خۆش بوێ تاکوو ماوم... دڵنیا بە تۆم خۆش ناوێ...[2]
لە ساڵانەکانی 1999 تاکوو 2005 لەگەڵ هونەرمەند زەکەریا توانیان چەندین ئەلبوومی گۆرانی بڵاو بکەنەوە کە زۆربەی گۆرانیەکان لە هۆنراوەو تێکستی شاڵاو بوو بۆ نموونە وەک بگەرێوە، بۆ پەشیمانی، دایە، تۆ هاتی، بەسەرهاتی دڵداریم، ساقی، وە زۆر گۆرانی تر،
هونەرمەند زەکەریا عەبداڵلە توانی بەهۆی تێکستەکانی شاڵاو سەرکەوتنێکی گەورە لە بواری گۆرانی کوردی بەدەست بێنێت و گۆرانی کوردی بگەیەنێتە ئاستێکی تر، شاڵاو هۆنراوەی بۆ زۆر گۆرانی بێژی تر نووسیوە وە بە سەدان هۆنراوەی بڵاو کردۆتەوە لە ماڵپەڕەکاندا وە لە ماڵپەڕی تایبەتیی خۆیدا،
ئەوەی خوارەوەش ماڵپەڕی تایبەت بە شاڵاوە
http://www.shallaw.com
شاڵاو لە فەیس بووکدا
http://www.facebook.com/shallaw1