سلێمان عارەب ئیسماعیل ناسراو بە (شەهید مەلاسلێمان) سلێمان عارەب ئیسماعیل ناسراو بە (مەلاسلێمان) لە 01-07-1955 لە گوندی دەربەندی گۆمی سیانان لە بناری #زورگەزراو# لە خێزانێکی زەحمەتکێش چاوی بە دونیا هەڵهێناوە. شەهید مەلاسلێمان خەڵکی ئەو دێیەیە کە سەرکردە و کادیری پێشمەرگەی وەکو شەهید (ڕێباز و سەردار و دێوانە و عەبدوڵڵا و کانەبی و....) لەباوەش گرتبوو. شەهید لە خوێندنگای دێیەکەیان دەستی بە خوێندن کرد، بەڵام زۆری نەبرد لەساڵی 1963 کە تازە پۆلی یەکەمی سەرەتایی بوو شاڵاوی حرس قومی ئەوساو ڕژێمی بەعس ئاگریان لە دێیەکە و خوێندنگایەکە بەرداو سەروماڵی هاوڵاتیانی دێیەکەیان بە تاڵان برد، بەناجاری ڕووی لەشاری هەولێر کرد و لەوێ نیشتەجێ بوو، قۆناغی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری هەولێر تەواو دەکات. لەتەمەنی 14 ساڵی تێکەڵی خەباتی کوردایەتی دەبێت لەگەڵ یەکێتی قوتابیانی کوردستان چالاکانە دەکەوێتە کار. لەساڵی 1974 کاتیک دوا قۆناغی خوێندنی ئامادەیی کشتوکاڵ لە ئاسکی کەڵەک لەگەڵ هەزاران خوێندکاری هاو سەنگەری ڕووبەڕووی فاشیەکان دەبیتەوە چەکی مەردایەتی لەشان دەکات، هەروەها دەورێکی تایبەتی دەبێت وەکو ئەفسەرێک لە تۆپخانەی شۆڕش دەمێنێتەوە، دوای نسکۆ دەگەڕێتەوە هەولێر و درێژە بە خوێندنەکەی دەدات و ئامادەیی کشتوکاڵ تەواو دەکات. لەساڵی 1976 پەیوەندی بە کۆمەڵەی مارکسیەوە دەکات و ماڵیشیان دەبێتە یەکێک لە شوێنە نهێنیەکانی ناو شار، لەساڵی 1979 دەبێتە ئەندامی لێژنەی ڕێکخستن دوای ئاشکرا بوونی شانەیەکی کۆمەڵە دەکەوێتە ژێر چاودێری ئەمنی هەولێر و دەستگیر دەکرێت، هەموو جۆرە ئازار و ئەشکەنجەیەکی دوژمن ناتوانێ کار لە وورەی پۆڵاینی بکات و نهێنیەکانی پێ بدرکێنێ. تا ڕۆژی 16-07-1979 بەرلێبووردنی گشتی دەکەوێت، دوای ماوەیەک دەبێتە فەرمانبەر لە بەڕێوەبەرایەتی سەرژمێری هەولێر. پاشان دەست دەکاتەوە بەکاری ڕێکخستن لەساڵی 1982 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات، لەدوای دامەزراندنی تیپی 85ی #بەڕانەتی# دەبێتە فەرماندەی کەرتی سێ ی هەمان تیپ. لەساڵی 1987 دەبێتە جێگری تیپی 86 ی دەشتی هەولێر. لەساڵی 1986 دا لەشەڕێکی بەرگریدا لە هێرشە بەناو ئەنفالکراوەکەی بەعس بۆ سەرکردایەتی (ی،ن،ک) شەهید مەلاسلێمان لە هەلاج و دابان زۆر بەسەختی بریندار دەبێ و لەبەر کاریگەری برینەکەی ڕەوانەی ووڵاتی ئێران دەکرێت، لە مانگی هەشتی هەمان ساڵدا دەگەڕێتەوە سنووری مەڵبەندی 3 ی (ی،ن،ک)، لەهەموو شەڕ و پێکدادانەکانی مەڵبەندی 3 و 4 ی (ی،ن،ک) شوێن دەست و پەنجەی پێوە دیار بوو. کە شەهید ڕێباز دەکرێتە لێپرسراوی ڕەتلی پارتیزانی هەولێر شەهید مەلاسلێمان دەبێتە جێگری بۆ ماوەی 14 مانگ لەو شوێنە دەمێننەوە، لە ڕۆژی 01-09-1989 لەسەر بڕیاری سەرکردایەتی (ی،ن،ک) دەگەڕێتەوە سنوورەکان و لەڕێکەوتی 14-07-1990 دەبێتە فەرماندەی بەتالیۆنی هەشت، لە 25-11-1990 لە کۆنفرانسێکی ناوەخۆیی بۆ کۆنگرەی یەکەمی (ی،ن،ک) یەکەم دەنگی هێناوە و بووە ئەندامی کۆنگرە. لە ڕاپەڕیندا بەشداری کاریگەر و بەرچاوی هەبووە لە ڕزگارکردنی زۆربەی شاروشارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای هەولێر و سلێمانی هەروەها ڕۆڵی کاریگەریشی هەبووە لە هێرشکردنە سەر مەنزوومەی #کەرکووک# و لەو هێرشەشدا جارێکی تر بریندار دەبێت. لەدوای ڕاپەڕین شەهید مەلاسلێمان دەبێتە فەرماندەی هێزی 11ی بەڕانەتی، پاشان دەبێتە جێگری محوەری هەولێر. دوای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێتە فەرماندەی فەوجی 2ی تەواری شاری هەولێر. شەهید مەلاسلێمان لە هەڵبژاردنی پێشمەرگە دێرینەکانی شاری هەولێر یەکەم دەنگی هێناوە. دوای دامەزراندنی مەڵبەندی 7ی نەینەوا شەهید دەبێتە جێگری مەڵبەند بۆ کاروباری عەسکەری و لێپرسراوی کۆمیتەی باڵای پێشمەرگایەتی لە #ئاکرێ#. شەهید مەلاسلێمان دوا کار کەپێی سپێردراوە لەدوای هاتنی لێژنەی ئاشتی بۆ ناوچەی #بادینان# دەبێتە ئەندامی لێژنەی ئاشتی لە شاری ئاکرێ. هەر لە شاری ئاکرێ لە بەرواری 05-05-1994 شەهید مەلاسلێمانی قارەمان دوای 31 ساڵ لە خەباتی پێشمەرگایەتی و کوردایەتی گیانی پاکی بە خاکی کوردستان دەسپێرێ و شەهید دەبێت. شەهید مەلاسلێمان لەدوای خۆی حەوت منداڵ جێدەهێڵێت چوار کوڕ و سێ کچ بەناوەکانی (ئارەزوو، ساکار، هاوکار، هۆگر، سکاڵا، بەختیار، بەشدار). کوڕی شەهید بەشدار سلێمانە.[1]