ڕۆژی #09-04-2012# دکتۆر کارلێنێ چاچانی لە تەمەنی 83 ساڵیدا لە شاری یەریڤان لە پایتەختی ئەرمەنستان کۆچبار بوو.
کارلێنێ چاچانی لە ساڵی 1929 دا، لە گوندی جەرجەرێسێ لە دەڤەری ئەلگەزێ لە ئەرمەنستان لە دایک بووە. ئەو گوندە ئێستاکە ناوەکەی گۆڕاوە بۆ (دێرک) و گوندی ئێزیدیانە.
کارلێنێ چاچانی لە ساڵی 1948 دا، قوتابخانەی لە دەڤەری ئەلگەزێ تەواو دەکا و هەر لە هەمان ساڵدا لە ئینستووتی پێداگۆگی لە زانکۆی یەریڤان لە کۆلیژی مێژوو وەردەگیرێت و لە ساڵی 1952 دا، خوێندن بەکۆتا دێنێت و هەر لەو دەوربەرەدا خولیای نووسینی شیعر لەگەڵی چەکەرە دەکا و دەچێتە نێو دونیای شیعر نووسین.
لەگەڵ تەواو کردنی خوێندن لە ڕادیۆی یەریڤان لە بەشی کوردی دەستبەکار دەبێ.
لە نێوان ساڵانی 1955- 1969و لە ڕۆژنامەی (ریا تازە) دا، لە بەشی سڤیل وەک نووسەر و ڕۆژنامەوان کاری پێدەسپێردرێت.
لە دەستپێکی ساڵی 1960 دا، دەبێتە ئەندامی یەکێتی ڕۆژنامەوانان و یەکێتی نووسەرانی یەکێتی سۆڤیەت.
لەساڵی 1966 دا، هەڵیدەبژێرن بۆ کۆمیتەی یەکێتی نووسەرانی کوردی سۆڤیەت و ساڵانێکی دوور و درێژ ئەو کارە لە ئەستۆی خۆی دەگرێت.
لەساڵی 1965 دا، نامەی دکتۆرای خۆی دەربارەی پەیوەندی ئەرمەنی و کورد لە سەد ساڵەی (19- 20) دا، دەنووسێ و تێزی دکتۆراکەی بە پلەیەکی ئێجگار باش قەبوڵ دەکرێ و وەک شارەزا و پسپۆری بواری مێژوو لە ئەرمەنستاندا درێژە بە پسپۆری خۆی دەدات.
کۆمەڵێک بەرهەمی شیعری خۆی بۆ زارۆک و گەوران بە زمانی کوردی، ئەرمەنی، ڕووسی دەنووسێ و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا چاپ و بڵاودەکاتەوە.
یەکەمین بەرهەمی شیعری بەسەرناوی (ئەحمەدی عەگید) لەساڵی 1958 دا، بەزمانی کوردی چاپ دەکات.
دووەمین بەرهەمی شیعری خۆی بەسەرناوی (گوڵ) لەساڵی 1960 دا، چاپ و بڵاودەبێتەوە.
دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی ئەو دوو بەرهەمەی،کۆمەڵێک بەرهەمی دیکەی شیعری خۆی بەسەرناوی :
شێر و کەو، دڵ و وەتەن، باقە تاڤ، زێرێ و جەند بابەتێکی تر چاپ و بڵاودەکاتەوە.
بێجگە لەمانەش بەرهەمە شیعرییەکانی بۆ زمانی : ڕووسی، ئەرمەنی، گورجی، عەرەبی و ئەلمانی تەرجەمە دەکرێن.
بابەتی دیرۆکی و نووسینی ڕۆژنامەنووسی و شیعر و چەند بابەتێکی تری هەمەجۆر بەبەردەوامی لە ڕۆژنامەکانی ڕووسی وەک :
ئیزڤێستیا، و لیتراتوورا و ئەگۆنیۆک بڵاودەکاتەوە.
لە ڕۆژی تەواو کردنی خوێندن و تا ماڵئاوایی کردنی لە ئینستووتی ڕۆژهەڵاتناسی و ئەکادیمیای ئەرمەنستان لە بەشی کوردزانی وەک پسپۆر لە بواری دیرۆکدا کار دەکات.