ناوی (جەمیل عەبدولرەحمان شەرەفە.
ڕۆژی 10-10-1934 لە شارۆچکەی کۆیە لە خانەوادەیەکی مامناوەندی لە دایک بووە، بەبنەچە خەڵکی ناوچەی نازەنینی کوردستانی باشوورە.
ساڵی 1940 لە مەکتەبی غازی لە سلێمانی چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی پۆلی شەشەمی سەرەتایی لە مەکتەبی فەیسەڵیە تەواو کردووە، لە ناوەڕاستی قۆناغی سەرەتایی چەندین قۆتابخانەی کردووە، لەبەر ئەوەی باوکی موچەخۆری میری بووە ساڵی 1945 باوکی بەڕێوەبەری ناحیەی سورداش بووە، مامۆستا ڕەفیق چالاک تازە گەڕابووەوە لە یافاوە ناوی کوردستان و کوردایەتی لەو مامۆستایەی قۆناغی سەرەتایی فێربووە.
لە کۆیە و کەرکووک قوناغی ناوەندی و دوا ناوەندی تەواو کردووە.
ساڵی 1956 کۆلێجی ئەندازە لە بەغدا تەواو کردووە.
دکتۆرای ساڵی 1966 لە (پراگ) پایتەختی ئەوسای ووڵاتی چیکوسلۆفاکیا لە ئەندازەی شارەستانی تایبەتمەندی لە (کۆنکرێت) دا هێناوە.
لە پراگ ساڵی 1966 یەکەم ژنی هێناوە و کوڕێکی لێی هەیە، ناوی سۆرانە.
ساڵی 1977 لە هۆڵەندە ژنی دووەمی هێناوە کچێکی لێی هەیە، ناوی ڕووناکە.
یەکێکە لە هەڤاڵ و هاوتەمەنەکانی منداڵی هەڤاڵی تێکۆشەر مام جەلال، لە ساڵانێکی زووەوە تێکەڵاوی خەباتی سیاسی و کوردایەتی و بزافی قوتابیان و خوێندکاران بووە. بەشداری شۆڕشی ئەیلول و هەڵگیرسانەوەی شۆڕی لە ساڵی 1974 دا کردووە، لە 12-05-1975 ەوە ئاوارەی تاراوگە بووە و هەر لە هەمان ساڵدا لە هۆڵەندە جێگیر بووە.
خوالێخۆش یەکێکە لە هەڤاڵە سەرەتاییەکانی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بەداخەوە لە پاش نەخۆشیەرکی درێژخایەن و ململانێ لەگەڵ مەرگدا ئەمڕۆ کۆچی دوایی کرد.