#شیرین عەلەم هولی# لەزیندانەوە
ماوەی زیندانی بوونم چووەتە ناو سێ ساڵەوە، واتە سێ ساڵ ژیانی بەسۆ و ئازاراوی لەم دیو شیشەکانی زیندانی ئەوینەوە، دوو ساڵی زیندانی بوونەکەم بە هەڵواسراوی و بە بێ بوونی پارێزەر و تەنانەت بە بێ بوونی بڕیاریک کە بۆ زیندانیکردنم درابێت بەسەر بردووە. لەو ماوەیەدا کە چارەنووسم بە هەڵواسراوی هێڵرابوویەوە ڕۆژ گەلێکی تاڵم لەژێر دەستی سپادا بەسەر برد، پاشانیش لێکۆڵینەوەکانی بەشی (209)ی زیندانی ئەوین دەستیپێکرد. پاش تەواو بوونی قۆناغی 209 کاتەکانی دیکەی زیندانی بوونم لەبەشی گشتیدا بەسەر برد. هیچ وەڵامیکیان بە داوا بەردەوامەکانم بۆ دیاریکردنی چارەنووسم نەدەدایەوە. لەئەنجامدا بڕیاری نادادپەروەرانەی لەسێدارەدانیان بۆ بڕیمەوە.
لەبەر چی زیندانی کراوم، یان بۆ دەبێت لە سێدارە بدرێم؟ ئایا وەڵامەکان بە هۆی کوردبوونمەوەیە؟ کەواتە دەڵێم: من وەک کورد لەدایکبوومو بەهۆی کوردبوونمەوە ئازار و زەحمەتو پەراوێزخستنم چەشتوە.
زمانم کوردییە، کە بەهۆی زمانمەوە لەگەڵ بنەماڵەو دۆستانو ئاشناکانم پەیوەندیم دروست کردووەو لە گەڵ زمانی کوردی گەورە بوومو بووەتە پردی پەیوەندیی نێوانمان، بەڵام ڕیگامان پێنادرێت کە بە زمانی خۆم بدوێم، پێی بخوێنمەوەو مافی خوێندنم پێی هەبێت، لە دوایشدا ڕیگا نادەن کە بە زمانی خۆم بنووسم.
پێم دەڵێن واز لە کوردبوونت بهێنەو نکوڵیی لێبکە، بۆیە دەڵێم: ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بکەم نکوڵی لەخۆم دەکەم.
دادوەری بەڕێز، بەرێز لێکۆڵەر!!
لەو کاتەدا کە لێکۆڵینەوەتان لەگەڵ من دەکرد، تەنانەت نەمدەتوانی قسە بە زمانەکەتان بکەم. من لەم دوو ساڵەی دوایدا لەبەشی ژنانی زیندانی ئەوین، زمانی فارسی لەهاوڕێکانمەوە فێر بووم، بەڵام ئێوە بە زمانی خۆتان لێکۆڵینەوەتان لەگەڵ کردمو بڕیارتان لەسەر دەرکردم. ئەوە لەکاتێکدایە، کە من بەباشی نەمدەزانی لەدەوروبەرمدا چ ڕوودەداتو منیش نەمدەتوانی بەرگری لەخۆم بکەم.
ئەو جۆرە ئەشکەنجانە کە لەدژی من بەکارتان هێناوە، بوونەتە مۆتەکەی شەوانم، ژانو ئازارەکانی ڕۆژانەشم، بە هۆی ئەو ئەشکەنجانەوە کە بەرامبەرم کراوە (ژانو ئازارەکان) خەریکن ڕۆژەکانیان لەگەڵ من بەسەر دەبەن. ئەو پیاکێشاندنانە کە لەکاتی ئەشکەنجەکردندا بە سەرمتاندا کێشاوە، بووتە هۆی زیان بەرکەوتنی سەرم. هەندێک ڕۆژ ژانو ئازاری زۆر قورس ڕووم تێدەکەن، ژانە سەرم بە ڕادەیەک قورس دەبێت، کە ئیدی نازانم چی لە دەورووبەروومدا ڕوودەداتو ئاگام لەخۆم نامێنێت. بۆ چەندین کاژێر هۆشم لەسەر خۆم نامێنێت (دەبورێمەوە)، لەئەنجامدا بەهۆی قورسیی ئازار و ژانەوە لوتم خوێنی بەر دەبێت، پاشان هێدی هێدی دەگەڕێمەوە سەر دۆخی سروشتیی خۆمو ئاگام لەدەورووبەرم دەبێتەوە.
خەڵاتو دیاریەکی دیکەی ئەوان (ئەشکەنجەکاران) بۆ من، کز بوونی بینایی چاوەکانمە، کە بەردەوامیش کزبونەکە ڕوو لە زیادبوون دەکات، هێشتا تاکو ئێستا داواکاریەکەم بۆ وەرگرتنی چاویلکە بێوەڵام ماوەتەو. کاتێک گیرامو توندی زیندان کرام قژم هەمووی ڕەش بوو، بەڵام ئێستا کە سێیەمین ساڵی زیندانی کردنمە، هەموو ڕۆژێک سپی بوونی بەشێک لە قژم بەچاوی خۆم دەبینم.
دەزانم ئێوە تەنها ئەو کارانەتان لەگەڵ منو بنەماڵەکەمدا نەکردووە، بەڵکو ئەشکەنجەتان لەدژی هەموو ڕۆڵەکانی کورد و لەناویشیاندا کەسانی وەک زەینەب (جەلالیان)و ڕووناک (سەفار زادە)و.... بەکارهێناوە. چاوی دایکانی کورد هەموو ڕۆژێک لەچاوەڕوانیکردنی بینیی ڕۆڵەکانیاندا فرمێسک بارانە، هەموو کات لەوە نیگەرانن کە چی ڕوودەدات و چ دەبێت، لەگەڵ هەر زەنگێکی تەلەفۆندا تۆقینی بیستنی هەواڵی لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانیان ڕوویان تێدەکات.
ئەمڕۆ (12)ی گوڵانی (1389)یە (02-05-2010)یەو دووبارە پاش ماوەیەکی درێژ منیان بۆ لێکۆڵینەوە برد بۆ بەشی (209)و سەرلەنوێ تۆمەتە بێ بنەماکانیان دووبارە کردەوە، داوایان لەمن کرد هاوکارییان لەگەڵدا بکەم تاکو بڕیاری لەسێدارەدانەکەم هەڵبوەشێتەوە. نازانم داواکردنی ئەو هاوکارییە چ مانایەکی هەیە، چونکە ئەوە لەکاتێکدایە کە من هیچی زیاترم لەوەی کە وتومە بۆ گوتن نییە. لەئەنجامدا داوایان لێکردم ئەوەی کە ئەوان دەیڵێن منیش دووبارەی بکەمەوە، بەس من ئەوەم قبوڵ نەکرد. لێکۆڵەرەکە وتی: ئێمە دەمانخواست پارەکە ئازادت بکەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە بنەماڵەکەت هاوکارییان نەکردین ئەوە ئەنجامەکەی گەیشتووەتە ئێرە. لێکۆڵەرەکە بۆ خۆی دانی بەوەدا نا کە من تەنها بارمتەیەکەم لەدەستیانداو تاکو بە ئامانجەکانیان نەگەن من دەهێڵنەوە، یان لەسێدارەم دەدەن، بەڵام ئازادی هەرگیز.
سەرکەوتن
شیرین عەلەم هولی
13/2/83 – 03-05-2010