لە دەشتی کاکیبەکاکی قەراج و کەندێناوە و دەشتی #هەولێر#دا، گەلێک شۆڕەسوارو پێشمەرگە و پیاوی ئازاو قارەمان هاتونەتە دنیاوە، کە بوونەتە جێگە شانازی هەموولایەک، بەتایبەت شاری هەولێر بە قەڵا و منارەیەوە، بەشێخی چۆڵی و بەعوزێر پێغەمبەرییەوە، سەری پێیان بڵندە، هەمیشە هەولێر ناوی ئەو ڕۆڵە چاونەترسانەی خسووەتە نێو تۆی حەیرانێکی بەجۆشی بەر ئاگردانی خۆی.
#مەخموور# بەهەردوو دەشتەکەی قەراج و کەندێناوە کەم جەرگ سووتان و ماڵوێرانی و کەم قوربانی نەداوە، بۆ ئەوەی سەدان ڕۆڵەی خۆبەختکەری وەک فارس باوەەی تێدا هەڵنەکەوێ.
ئەو کاتەی کە فارس باوە لە بەهاری 1932 چاوەکانی لە گوندی (مەلاقەرە) ی سەر بەدەشتە بەپیتەکەی کەندێناوە هەڵهێنا، شۆڕشەکانی بارزان لەهەڵگیرسان و دامرکانەوە دابوون، کورد لەو ئان و ساتانەدا لەنێو ئازارەکانی خۆی دەژیا، بۆیە یاخی بوون دەستی پێ کرد، دەنگی هەڵێناو داوای مافە ڕەواکانی خۆی دەکرد.
بۆیە (فارس باوە) تازە خەتی سمێڵی دادەنا لەهەژدە ساڵی تێنەپەڕاندبوو، لەسەرەتای پەنجاکاندا، کە ڕووی کردە چیاو ژیانی خۆبەختکردنی لەپێناو ڕزگارکردنی کوردستاندا هەڵبژارد، هەر ئەو کاتە سوێندی خوارد کە تا نەمان لەکاروان سەرای خەباتکردندا سڵنەکاتەوە، تا ڕۆژی ئازادی بەچاوان دەبینێ و بەیەکجاری هەست بەبوونی خۆی و دڵنیایی دەکات.
فارس باوە لە ماوەیەکی کوورتدا، بوو بەناوێکی پرشنگدار لەنێو ئەو پێشمەرگە قارەمانانەی کە قەیسەرییان لەدوژمن کردبوو بە کونە مشک، بۆیە لە ساڵی 1968 بوو بەفەرماندەی هێزی دەشتی هەولێر و پاشان بوو بەئەندامی کۆمیتەی ناوەندی #پارتی دیموکراتی کوردستان#، فارس باوە جگە لەوەی پێشمەرگەیەکی ئازاو لێهاتوو بوو لەمەیدانی سەربازیدا، بەهەمان شێوە کادیرێکی سیاسی بوو، بەتایبەت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵکی و پەرەسەندنی گیانی نەتەوایەتی و کوردایەتی.
بێستانە ئەو شوێنەی کە هەوارگەی شەهید فارس باوە بوو، لەوێ وەکوو سەرکردەیەکی لێهاتوو، کۆڕی خەباتی چەکداری و سیاسی خۆی جۆش دەدا.
ئەگەر سەیرێکی ڕابردووی ئەو کەڵَەپیاوە بکەین، لە مەیدانی سوارچاکی ڕابردوویەکی پڕ لەشانازی و پڕە لەسەربڵندی، هەموو ئەو داستانە قارەمانەتیانەی تۆماری کردوون، وەکوو لە (کەلی قەشقە، ماستاوە، قەرەچووغ، دێدەوان، عەوێنە، شاخۆڵان، دارەخورما، دۆڵەبەکرە، بیرە نەوتەکانی #کەرکووک#، شیشار و#ماکۆ#ک، لەهەندرێن و باوەخەڵان، لەگردەڕەشەو لەباخچە، و لەدەیان مەیدانی دیکەی نواندنی پیاوەتی و ئازایەتیدا، شایەتی قارەمانییەتی ئەو کەڵەپیاوە دەسەڵمێنن بۆ قوربانیدان.
هەڵبەتە لە بنەماڵەی باوەییەکان، تەنیا فارس باوە خۆی نەکردۆتە قوربانی کوردستان، بەڵکوو هەر ئەندامێکی ئەو بنەماڵەیە سەیر بکەین، جەرگی قوربانیدانیان لەهی فارس باوە کەمتر نەبووە، وەک ئەوەی فارس باوە لەناو ئەو خێزانەدابێ وایە، ئەوەتا شەهیدان (حاجی خدر باوە، قاسم باوە، فاریق باوە، یونس باوە، دەهام باوە) ، هەروەها ئافرەتی دڵ گەورە و پڕ لەجەسارەت و سەربڵندی کورد (خەجە باوە) کە گەورەترین وێنەی قوربانیدانی ئافرەتی کوردی تۆمارکرد، بەهەڵکوتانە سەر تەخت و تاراجی بەعسییەکان و برینداربوون و پاشان شەهیدبوونی لە گۆڕەپانی شەرەفدا، بەشەهیدبوونی خەجەباوە جارێکی تر قوربانیدانی ئەو خێزانەی نوێ کردەوە، لەسەر ئەو ڕێبازە پیرۆزەی کە ئەوان گیانی خۆیان بەهەرزانترین دیارییەک دادەنا بۆی، فارس باوە ساڵانێک لە کوردستاندا دابڕابوو، لەگەڵ ئازادکردنی کوردستان و بەهاری 1991 گەڕایەوە کوردستان و بۆ ئەوەی هەوای پاک و بێگەردی ئازادی هەڵمژێ، ئەوەبوو جارێکی دیکە تفەنگی پێشمەرگایەتی کردەوە شانی بۆ ئەوەی بەردەوامی بە خەباتی خۆی بدات، بوو بەفەرماندەی پاراستنی هەولێر و پاشان کارگێڕی لقی دووی پارتی و بەرپرسی بەشی سەربازی.
دوای ئەوەی فارس باوە باری تەندرووستی بەرەو خراپی دەچێت، نەخۆشی تەنگی پێ هەڵچنی و ئەو ئاسکە کێوییە چاپووکەی خستە نێو پێخەفە دەستە پاچەیی، بۆیە بوو بەهاوڕێی سەرین و نەخۆشخانە، دوای گەڕانەوەی بۆ هاوینەهەواری پیرمام، ڕۆژی 13-03-1995 بەڕێز #مەسعود بارزانی# سەردانی فارس باوە دەکات لەماڵەکەی خۆی و دڵنەوایی ئەوەی پێدا، کە ئەوەی ئەو چاندوویەتی ئەوەتا ئێمە و نەوەی دوای ئێمەش بەروبوومەکەی دەخۆین و دڵنیایی کردەوە کە ژیان بۆ کەسانی وەک فارس باوە لەبەرچاو ون نابن، هەر لەم بەسەرکردنەوەیدا بەڕێز مەسعود بارزانی پێی وت: (تو کوڕی بارزانیت) ، دیارە شەرەفێکی گەورەیە بۆ فارس باوە کە ئەم نازناوە پیرۆزەی پێ بدرێت، ئەمەش گەورەترین پاداشتێک بوو کە بارزانی بە فارس باوەی بەخشی.
دوای بەردەوامبوونی نەخۆشییەکەی، ئەوەبوو لەسپێدەی ڕۆژی 21-03-1995 لە هاوینەهەواری پیرمام لەو کاتەی خەڵکی کوردستان ئاهەنگی نەورۆزیان دەگێڕاو ئاگری نەورۆز تاوەکوو ئەم سپێدەیەش بڵێسەی لەسەر چیاو کێوو تەلاری کوردستاندا هەرمابوو، خەڵکی ئاهەنگی یادی ڕزگارکردنی کەرکووکی دەگێڕا، لەنێو ئەو ئاهەنگە نەتەوایەتییە بەجۆشانە، بەئارامی فارس باوە گیانی پاکی بەرەو ئاسمانی نەمری هەڵکێشا، هەواڵی کۆچی دوایی لە هەموولایەکدا بڵاوکرایەوە، دڵی هەزارانی هێنایە هەژان و فرمێسکی نامۆیی بەهەزاران ڕشت و لەوانەی ڕۆژانی قارەمانییەتی فارس باوەیان دەهاتەوە بەرچاو لەگەڵیدا هەناسەی قووڵی ئاخ و داخیان بۆ هەڵدەکێشا. ئەوەبوو بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لەدۆستان و هاوڕێیانی لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین، تەرمی پیرۆزی بەخاک سپێردرا.
دواتر لەڕێوەرسمێکی شایستەدا لە ڕۆژی 10-03-1997 بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حیزبی و ئیداری تەرمی پیرۆزی فەرماندە (فارس باوە) لە هاوینەهەواری سەڵاحەدین بەرەو گوندی (پیرداود) مەنزڵگەی فارس باوەی نەمر گوازرایەوە.
شایەنی باسە فارس باوە فەرماندەی ئازاو قارەمان، یەکێک بوو لەپێشمەرگە لێهاتووەکانی شۆڕشی ئەیلوول و ماوەیەکی زۆر فەرماندەی دەشتی هەولێر بووە، ئەو مرۆڤێکی خاکی بوو، هەروەک هەمیشە دۆستی هەژار و لێقەوماو بوو، خاوەن دڵێکی سادەو گەورە و جێگەی متمانە و باوەڕپێکراوبوو، ماوەتەوە بڵێن فارس باوە دوو جار ژیانی هاوسەری پێکهێناوە لەگەڵ (حاجی فاتم و خاتوو سوعاد) ، هەروەها پێنج کوڕیشی بەناوەکانی (نایف، باوەڕ، هۆگر، توانا، کەریم) ، هەروەها سێ کچیشی لە دوای خۆی بەجێهێشتووە.
لە کۆتاییدا هەزاران چەپکە گوڵی ئەم کوردستانە بۆ گیانی پاکی شەهید فارس باوە و تێکڕای شەهیدانی کورد و کوردستان دەنێرین. ماوەتە بڵێن دەنگی مەخموور بۆ هەر ژمارەیەک هەوڵدەدەین کە ژیانی شەهیدیک یان سەرکردەیەک بەسەر بکەینەوە.
نۆسینی ژیاننامە: بەختیار محەمەد
گەڕەکی شەهیدانی سێتاقان
خانووەکانی گەڕەکی شەهیدانی سێتاقان ماوەی چل ساڵ پێش ئێستا درووستکراون، کە هێمای خەنجەر و شمشێر لەسەر سەتارەکانیان درووستکراوە، ئەو هێمایانە ئاماژەی سەردەمێکی سیاسییە، کە ئێستا سەردەمەکە جیاوازە و هێماکانیش لای هەندێکیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە.
ئەو خانووانە کۆمەڵگەیەکی نیشتەجێبوون پێکدەهێنن، کە پێشتر لەسەر داوای مستەفا بارزانی بۆ خانەوادەی شەهیدەکان درووستکراوە، خانووەکانی ئەو کۆمەڵگەیە لەکاتی درووستکردنیان وێنەی شمشێر و خەنجەرێکیان لەسەر نەخشێنرابوو، ئێستاش کە دانیشتووانی گەڕەکەکە خانووەکانیان نۆژەن دەکەنەوە، زۆربەیان تەنیا وێنەی خەنجەرەکە دەنەخشێننەوە.
هەر یەکێک لەو خانووانە لەسەر ڕووبەری250 مەتر درووستکراون و بەشێکی زۆریان فرۆشراون و تەنیا چەند ماڵێک لەخاوەنی یەکەمی خانووەکان لەو گەڕەکە ماون، هەر یەکێک لەوان چیرۆکێک بۆ ئەو وێنەیە دەگێڕێتەوە، بەڵام هەمووان لەسەر یەک ڕستە کۆکن، کە ئەویش دانانی ئەو وێنەیە لەو ساڵانەدا پێویستییەکی مێژوویی بوو، چونکە خەنجەرەکان هێمای کوردان و شمشێرەکان هیی عەرەبان بوونە.
مام عەلی تەمەنی زیاتر لەحەفتا ساڵەو ماوەی سی ساڵە لەو گەڕەکە نیشتەجێیە، گەرچی ئەو خانووەکەی لەکەسێکی دیکە کڕیوەتەوە، بەڵام وەک خۆی باسی دەکات، هۆکار و مێژووی نەخشاندنی ئەو وێنانەی بەتەواوی بێر دێتەوە، هەر بۆیە دەڵێت ئەو وێنەیە هێمایەک بووە بۆ پێکەوەژیانی کورد و عەرەب، بۆیە کارێکی جوان بووە.
کۆی خانووەکانی ئەو کۆمەڵگەیە لەسەر شێوازێکی دیاریکراو درووستکراون، کە بریتییە لەدوو ژوور و حەوشەیەک و ڕێڕەوێکی تەسک و شێوازی درووستکردنەکەی گوزارشتێکی ڕوونە بۆ ئەو سەردەمە.
پورە فاتمەی تەمەن شەست ساڵ بەکەزیە ماش و برنجەکەیی و سەرپۆشێکی سپییەوە لە تەنیشت سەماوەرێکەوە دانیشتبوو، ئەو بەدەم چاتێکردنەوە باسی سەرەتای درووستکردنی ئەو خانووانەی بۆ (سڤیل) کرد و وتی ئەو کاتە دەوروبەری ئەم گەڕەکە چۆڵایی بوو، تەنیا گەنم و جۆی لێ چێنراوە، لە گۆڕستانی شێخ ئەحمەدەوە جۆگەی ئاو هەڵبەسترابوو بۆ ناو شێخەڵا، دواتر بەهۆی ئاوەدانییەوە ئەو کارێزانە نەمان و چەند کانییەکیش هەبوون بەسارداو ناسرابوون، کاتێک پیاوەکان لەدوروێنە دەبوونەوە لەو کانییە ئاویان دەخواردەوە، سەرەتا بەم گەڕەکەیان دەوت (گەڕەکی شەهیدانی فارس باوە) ، چونکە فارس باوە کە خۆشی هەر فەرماندەی پێشمەرگەی پارتی بووە، ئەندامیش بوو لەلێژنەی درووستکردنی خانووەکان.
بەپێی قسەکانی ئەو ژنە وێنەی ئەو دوو شمشێر و خەنجەرەی لەسەر خانووەکان نەخشێنراون، بەمانای ئەوە لێکدەدەرێتەوە کە مەلا مستەفا ئەو خانووانەی بەخەنجەر لەبەعس وەرگرتووە، ئەو خەنجەر بەهێمایەک بۆ ئەو چەکانە ناو دەبات، کە کورد لەشەڕەکانیدا بەکاری هێناون.
پورە فاتم پەرۆشی هێشتنەوەی ئەو وێنەیەیە لەسەر خانووەکان، هەر بۆیە وەک خۆی دەڵێت هەر ماڵێک خانووەکانیان نۆژەن بکەنەوە، پێیان دەڵێم ئەو خەنجەرە لا مەبەن، بۆ مێژوو با بمێنێت.
عەبدوڵڵا خەفاف، کە کاتی درووستکردنی ئەو خانووانە تەنیا ئەندازیاری شاری هەولێر بووە، خۆی سەرپەرشتی لیژنەی درووستکردنی ئەو خانووانەی کردووە و لەلایەن بارزانییەوە دەمانچەیەک بەخۆی و لیژنەکە بەدیاری بەخشراوە، ئەو کە ئێستا لە ژیاندا ماوە، دەڵێت بێ ئەوەی بدرێت بەبەڵێندەر لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆوە خانووەکان درووستکران، کە گەیشتە ستارەی خانووەکە، نوێنەری ئێراق لەلێژنەی درووستکردنی خانووەکان قاڵبێکی هێنا کە وێنەی شمشێرێکی لەسەر بوو، هێمایە بۆ عەرەب و ئێمەش ڕەتمان کردەوە، بەڵام دواتر ڕێککەوتین کە خەنجەرێکیش لە تەنیشتی دابنێین، وەک هێمایەک بۆ کوردان، بەم پێیەش ئەو وێنەیە لەسەر خانووەکان نەخشێنرا.[1]