ناوم (مستەفا زاهیدی) ە، ساڵی 1981 لە گوندی ئاوبارە، لە ناوچەی خوڕخوڕەی سەقز لە دایکبووم. خوێندنی سەرەتاییم لە گوندەکەی خۆمان تەواوکردووە. خوێندنی ناوەندیم لە سەقز و لە قوتابخانەی سەڵاحەدین ئەیووبی تەواوکرد. دواناوەندیم لە خوێندنگەی مەولەوی کورد تەواوکرد.
خوێندنەوە بۆ من لە قۆناغی سەرەتاییەوە دەستی پێ کرد. شیعرەکانی قانع، فایەق بێکەس، شەریف، هێمن و هەژار سەرەتای خوێندنەوەی منن. هەر لە سەرەتاییەوە زۆربەی زۆری شیعرەکانی قانع و هێمن و فایەق بێکەسم لەبەر بوو.
لە کۆتاییەکانی ناوەندی و سەرەتای دواناوەندییەوە، دەستم کرد بە هاتوچۆ کردنی ئەنجوومەن ئەدەبییەکان و ئەنجوومەنی مەولەوی و دواتر پەیڤی سەقز. سەرەتا هەندێ شتم دەنووسی و وام دەزانی شیعرە و زیاتر لاسایی کردنەوەی فایەق بێکەس، پیرەمێرد ، عەبدوڵڵا پەشێو بوون.
سەرەتای پاییزی 2001 ڕوومکردە کوردستانی باشوور و بووم بە پێشمەرگەی کۆمەڵە. چەند ساڵ لە ڕادیۆ کۆمەڵە وەک ئامادەکار، هەواڵساز و بێژەر کارم کرد. لە ساڵی 2003 لەگەڵ هاوڕێیان گۆڤاری (سپی تر) مان چاپ کرد کە 7 ژمارەی لێ بڵاو بۆوە. لەم گۆڤارەدا بەرپرسی بەشی چیرۆک بووم.
هەر ئەو دەمانە لە بڵاوکراوەکانی (شۆڕش) و دواتر (ئاسۆی ڕۆژهەڵات) دەستم کرد بە کارکردن. هاوکات لە ژمارەیەک لە بڵاوکراوەکانی باشووری کوردستان بابەتم بڵاو دەکردەوە. لەبیرمە یەکەم بابەتم لە بڵاوکراوەکانی باشووری کوردستان، لە گۆڤاری (ئایندە) ژمارە 36 بڵاو کردەوە. بابەتێک بوو لەسەر شیعر بەناوی (گەڕان بەدوای نەناسراوەکاندا) لە نووسینی (جەیمز تەیت) . دواتر لە بڵاوەکراوەکانی (کوردستانی نوێ، ڕێوان، تەوار، ژیانەوە، پێگە، گۆڤاری سەردەم، گۆڤاری ڕەوشنگەری، نۆژەن، ڕۆژنامەی ڕۆژنامە، ڕۆژنامەی دەستوور و… ) بابەتم بڵاو کردۆتەوە چ بە نووسین و چ بە وەرگێڕان.
ساڵی 2003 خەڵاتی یەکەمم لە فێستیڤاڵی (ڕۆشنبیری) بۆ چیرۆک بە دەست هێنا. ئەو کاتە چیرۆکی (مانیفێستی شێتی) زۆر دەنگی دایەوە و لە ژمارە 3ی گۆڤاری سپی تر بڵاو کرایەوە. ساڵی دواتر خەڵاتی سێیەمی هەمان فێستیڤاڵم بە دەست هێنا بۆ چیرۆکی (حەوتەکانی حەوتوو) .
لەگەڵ دەستپێکی تەلەفیزیۆنی ڕۆژهەڵات وەک ئامادەکار و پێشکەشکار کارم کرد تا ئەو کاتەی ئەم تەلەفیزیۆنە داخرا. کۆمەڵێک بەرنامەی فیکری، ئەدەبی، هونەریم ئامادەکرد و بڵاوکردەوە.
لە ساڵی 2010 ەوە لە بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی کار دەکەم.
ساڵی 2011 بۆ درێژەدان بە خوێندن چوومە زانکۆی جیهانی سلێمانی و بەکالۆریۆسی ژمێریاریم بە دەست هێناوە.
کۆمەڵێک بەرهەمم بڵاوبۆتەوە و چەند بەرهەمێکیشم ئامادەی چاپە. [1]
=KTML_Link_Facebook_Begin=https://www.facebook.com/mustafa.zahidi.583=KTML_Link_Facebook_Between=فەیسبووکی: مستەفا زاهیدی=KTML_Link_Facebook_End=
=KTML_Link_External_Begin=https://mustafazahidi.com/=KTML_Link_External_Between=پێگەی تایبەتیی مستەفا زاهیدی=KTML_Link_External_End=