"مەولەوی" ناوی "سەید عەبدولرەحیم"ی کوڕی "مەلا سەعید"ە و لە نەوەی "مەلا یوسف جان"ی کوڕی مەلا "ئەبوبەکر موصنەفی چوری"یه، کە دەگەڕێتەوە سەر خواناسی بەناوبانگ "سەید محەمەد سەید زاهید"، کە بە "پیر خدری شاهۆ" ناوبانگی دەرکردبوو. لە وەچەی حەزرەتی "حوسەینی کوڕی ئیمامی عەلی کوڕی ئەبووتالب"ه. نازناوی شیعریشی"مەعدوومی" بووە و لەناو خەڵک و لە کۆڕی ئەدیباندا بە "مەولەوی" ناوبانگی دەرکردبووە.
مەولەوی
مەولەوی لەساڵی 1806دا لە دێی "سەرشانە" لە ناوچەی "تاوگۆزی"، لە بەشی باکووری کوردستان لە خێزانێکی ئایینپەروەری لەدایک بووه و هەر لە سەردەمی مناڵیدا ماڵی باوکی هاتووە بۆ دێی "بیزاوە" له نزیک "هەڵەبجە". لەوێ لای باوکی قورئانی پیرۆزی تەواو کردووە و وردەکتێبە سەرەتایییەکانی فارسی و "صرف و نحو"ی خوێندووە. پاشان لەسەر ئوسوولی فەقێکانی کوردستان له "پاوە" لە ناوچەی "هەورامانی لهون" چووه بۆ خوێندن و پاش ماوەیەک لەوێوە چووە بۆ "چور" لە "مەریوان" و لەوێیشەوە بۆ "سنە" و لە مزگەوتی "وەزیر" دامەزراوە. ئینجا چووە بۆ "بانە" و لەوێیشەوە چووە بۆ "سلێمانی" و لە "مزگەوتی گەورە" دامەزراوه، کە له و کاتەدا هێشتا جەنابی "شێخ مەعرووفی نۆدێ" تێیدا مامۆستا بووه. ئینجا چووە بۆ "هەڵەبجه" و لە "مزگەوتی جامیعه" لای "مەلا سادقی تەوێڵەیی"، کە موستەعید بووە لە خزمەتی "شێخ عبداللە خەرپانی"دا، خوێندوویەتی. ئینجا چووە بۆ "قەڵای جوانرۆ" و لە خزمەتی "مەلا موحەممەدی قازی"دا خوێندوویه. لەوێیشەوە بۆ جاری دووەم لە سەردەمی "ڕەزاقولیخانی والی"دا چۆتەوە بۆ "سنه" و لە مزگەوتی "دارالإحسان" دامەزراوه. ماوەیەکی زیاتر لە جاری پێشوو لەوێ ماوەتەوە، ئینجا دیسانەوە هاتووەتەوە بۆ "سلێمانی" و لە خزمەتی "مەلا عەبدولڕحمانی نوتشەیی"دا کە موفتیی "سلێمانی" و مامۆستای مزگەوتی "مەڵکەندی" بووه، خوێندنی تەواو کردووە و ئیجازەی دەرسوتنەوەی وەرگرتووە.
بڵاوه، که مەولەوی لە زمانی "ڕەزاقولی خانی والی"دا لە مزگەوتی "دارالإحسان"ی سنه لە خزمەتی حاجی مەلا "ئەحمەدی نوتشەیی"دا ئیجازەی وەرگرتووە، ڕاست نییە. چونکە حاجی مەلا ئەحمەد هەتاوەکوو پاش زەمانی "فەرهاد میرزا"، کە پاش "غولام شاخان" و "ڕەزا قولیخان"ی برای بووە بە حوکمرانی "ئەردەڵان" و پاش سەفەری حەجی لەگەڵ "شێخ بهاالدین" لەپاش ساڵی 1873 بوو، ڕۆیشتووە بۆ "سنە" و له و کاتەدا مەولەوی تەمەنی لە 60 ساڵ کەمتر نەبووە، بەڵکو پاش ئەوە تەنها چەند ساڵێک ژیاوە. کەواتە چۆن دەگونجێت لە تەمەنی وەهادا ئیجازە وەربگرێت؟!
هەروەها لە ساڵی 1855دا "شێخ سراج الدین" مەولەوی لەگەڵ حاجی "شێخ عبدالرحمان"ی کوڕی دەنیرێت بۆ "سنە" بۆ کێشەی ناکۆکیی نێوان "غولام شاخان" و مەلاکانی "سنە". دیارە دەبێت مەولەوی لەوکاتەدا مەلایەکی پایەبڵند بووبێت، ئەگینا بۆ ئیشی وەها نەدەنێررا. جگە لەوەش ڕێی تێ ناچێت مەولەوی ئیجازەی لای "حاجی مەلا ئەحمەد" وەرگرتبێت، چونکە هەشت ساڵ له و گەورەتر بووە. وەک لەم شیعرە فارسییەوە دەردەکەوێت کە مێژووی لەدایکبوونی حاجی "مەلا ئەحمەد"ە بە "حروف ابجد":
هاتفی أز سر الهام بتأریخش گفت
بود أحمد خلف أمجد عبد الرحمن
کە ئەمەش دەکاتە 1814. بەڵگەیەکی تریش هەیە بۆ سەلماندنی ئەوه، کە مەولەوی لە سلێمانی ئیجازەی وەرگرتووە، ئەوەش ئه و چیرۆکەیه، کە پاشان هەر لەم کورتەمێژووەی ژیانیدا دەیگێڕینەوە لەبارەی چوونیەوە بۆ سەیران بۆ "سەرچنار" لەگەڵ هەندێ لە میرەکانی بابان پاش تەواوبوونی ئاهەنگی ئیجازەوەرگرتنی.
مەولەوی لە سەرەتای مەلایەتیدا لە دێی "چروستانە" لە نزیکی "هەڵەبجە" دامەزراوە فەقێی ڕاگرتووە و دەستی کردووە بە دەرسوتنەوە. پاش ماوەیەک هەوای "تصوف" دەکەوێتە کەللەی و گرفتاری زەوقی "ئەهلی مەعنا" دەبێت و دەروات بۆ "تەوێڵە" بۆ خزمەتی "شێخ عثمان سراج الدین"ی خەلیفەی "مەولانا خالیدی نەقشبەندی"، کە یەکەم کەس بووە ئه و تەریقەتەی لە کوردستاندا بڵاو کردۆتەوە. مەولەوی لە "تەوێڵە" دەبێت بە موریدی "شێخی سراج الدین" و کاتێکی زۆر بە سلووکەوە دەباته سەر. پاش چەند ساڵێک دەگوێزێتەوە بۆ "بیاویڵە"، کە دێیەکە لە ژووری "هەڵەبجە"وە.
پاش ماوەیەکی تریش لەوێوە بار دەکات بۆ "گۆنە"، کە یەکیکە لە دێیەکانی هۆزی "نەوروڵی". پاش چەند ساڵێک ئەوێش بەجێدەهێڵێت و دەچێت بۆ "شەمێران"، کە ئه و کاتە لەژێر ئیدارەی "شێخ علی عەبابەیلێ"دا بووە. شێخی ناوبراو زۆر خزمەتی مەولەوی و دەستوپێوەندەکانی دەکات، بەڵام پاش ماوەیەک بە کاریگەریی "موحەممەد پاشای جاف" بەڕێوەبردنی "شەمێران" لە دەستی ئه و "شێخ علی"یە دەسەنرێتەوە و دەدرێتە دەستی "ئوسمانی خاڵە"، کە لە پیاوماقوولانی هۆزی "یەزدانبەخشی" بووە. لە ئەنجامی ئەم لابردن و دانانەدا مەولەوی ماڵی لە "شەمێران" بار دەکات و دەڕواتەوە بۆ "سەرشانە"، کە تێیدا لەدایک بووه و لەوێ دەمێنێتەوە تا کۆچی دوایی دەکات.
مەولەوی لە دواساڵەکانی ژیانیدا تووشی گەلێک ڕوودوای ناخۆش بووە. ئه و ڕوداوانەی لە چەند پارچە شیعردا بە سۆزەوە هۆنیوەتەوە. کتێبخانەکەی سووتاوە. "عەنبەر خاتوون"ی خێزانی مردووه، کە جێگایەکی تایبەتی لە دڵی مەولەویدا هەبووه. حەوت ساڵ پێش کۆچی دوایی کوێر بووە. هەر ئەم کوێربوونەشی بووە بە هۆی مردنی. ئەوە بووە جارێکیان بۆ سەرخۆشیکردن لە دۆستێکی دەڕوات بۆ "پریس"، کە لە گەڕانەوە دا نزیکی "هانە سوورە" دەبێتەوە بە جڵەوڕاکێشی وڵاخەکەی دەڵێت: "من چاوم نابینێت، دارتوویەک لەسەر ڕێگەمانە لقێکی لاری هەیە ڕێگەکەی گرتووە، کە گەیشتینە لای پێم بڵێ، با سەرم دانەوێنمەوە." وەها ڕێ دەکەوێت، کە دەگەنە ئه و شوێنە کابرای "جڵەوڕاکێشی وڵاخەکەی" لەبیری دەچێتەوە، کە مەولەوی ئاگادار بکاتەوه. مەولەوی سنگی دەدات بە دارەکەدا و بە پشتدا دەکەوێتە خوارەوە لەسەر وڵاخەکە و پشتی دەشکێت و لە ئەنجامی ئەوەدا لە 1883دا ماڵئاواییی یەکجاری دەکات و لە گۆڕستانی "ئەسحابە" لە نزیکی "سەرشاتە" بەخاک دەیسپێرن.
مەولەوی پایەیەکی بڵندی هەیە لەناو زاناکانی کورددا و بەتایبەتی لە "قسەزانەکان"دا دەستێکی باڵای هەبووە. ئه و دانراوانەی، کە لە پاشی ماونەتەوه، بریتین لەمانەی خوارەوە:
- "الفضیلة" 2031 شیعری عەرەبییە و له 1868دا دایناوه و عەنتیکەیەکی هونەرییە و جگە لەمەش، که واتا زانستییەکەی زۆر ورد و بەرزە. یەکەم شیعری ئەم کتێبە ئەمەیە:
بسم الله الرحمن الرحیم
من تاە فیە نهیة الحکیم
- "العقیدة المرضیة" 2454 شیعری کوردییە و لە 1933 لەلایەن "محیالدین صبري النعیمی"یەوە لە میسر لەچاپ دراوە. یەکەم شیعری ئەم کتێبە ئەمەیە:
زوبدەی عەقیدە و خولاصەی کەلام
هەر لە تو بو توس حەمد و ثەنای تام
مەولەوی خۆی ئەم عەقیدەیەی کورت کردووەتەوە و باسە گرانەکانی لێ لابردووە بۆ ئەوەی قوتابییە تازەپێگەیشتووەکانی لێی تێبگەن.
- "الفوائح" 257 شیعری فارسییە و لەگەڵ عەقیدە کوردییە باسکراوەکەدا لەچاپ دراوە. یەکەم شیعری ئەم کتێبە ئەمەیە:
چو در خود بینم از بس ڕو سیاهی
نگنجد اي الهی یا الهی
جگە لەمانەش نامیلکەیەکی بە فارسی هەیە، که باسی ئوسوولی تەریقەتی نەقشبەندی دەکات.
نموونەیەک له هۆنراوەکانی مەولەی
ئاماوە وەهار، وەهار شادی
بۆی عەتر نەسیم غونچەی ئازادی
خێڵ خانەی خەفەت بار بەنییش کەردەن
مەینەت ڕوونی یان وە ماوای مەردەن
خەم وێنەی کەمان قامەت خەم بی یەن
هەوارگەی قەدیم نە دەسش شی یەن
بەزم شەوق و عەیش نە دەروون جەمەن
ئانە هیچ نەبۆ نە دەروون، خەمەن
ئینە نەتیجەی دیاری باڵای تۆن
نیشانەی وصاڵ خاڵ ئاڵای تۆن