لەبڵاوکراوەکانی ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی پەرتووکی میهرەبان
چاپی دووەم 2007
دەربارەی هەژار: عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە هەژار (1920 -21ی شوباتی 1990) لە گەورەترین نووسەران و شاعیران و وەرگێڕانی کورد بووە و خاوەنی ژمارەیەکی زۆر بەرهەمی ئەدەبی پڕپیتە.
ناوی (عەبدولڕەحمانی شەرفکەندی)یە و کوڕی حاجی مەلا محەمەد بووە و لە ساڵی 1920دا لە مەهاباد لە دایک بووە لەوێ خوێندوویەتی. لە ساڵانی سەرەتایی ژیاندا لە لای باوکیدا و دواتر لە خوێندنگەخانەکاندا و لە بە دەست چەند کەس لە مامۆستا ئایینییەکان، دەرسی گوڵستان و بووستانی سەعدی خوێندووە. بەڵام بە پێی ئەو شتەی کە لە چێشتی مجێوردا باسی دەکات، دەستکەوتێکی زۆر کەمی بووە. باوکی هەژار کەسایەتیێکی خوێندەوار بووە و زانیویەتی بە کوردی بخوێنێت و بنووسێت، هەر ئەمەش هانی داوە کە کوڕەکەی خۆی (هەژار) هەر لە تەمەنی پێنج ساڵانەوە ئاشنا بە خوێندنەوە و نووسین بکات و دواتریش بینێرێتە خوێندنگە و حوجرە. لە ساڵی 1940 دەستی بە هەڵبەست وتن کردووە و هەڵبەستەکانی ئەحمەدی خانی، وەفایی و مەلای جزیری کاریگەریی لەسەر هەستی بووە.
هەژار هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، تێیدا ئەندام بووە و بەشداری کارە حیزبییەکانی داوە. ئەو بڕوایەکی زۆر بە تینی بە ئامانجەکانی ژ.ک. بووە چون لە دوای ئەو هیچ کات لە هیچ حیزب و ڕێکخراوێکی سیاسیدا بە فەرمی نەبووەتە ئەندام. هەژار لە کۆماری کوردستاندا دەوری هەبووە و لەگەڵ هێمن لەلایەن کۆمارەوە بە (شاعیری نەتەوەیی کوردستان) دەناسرێن. دوای تێکچوونی کۆماری مەهاباد لە ئازاری 1947دا مەجبوور بە جێهێشتنی وڵاتی ئەبێ و ماوەی 30 ساڵ لە باشووری کوردستان و دواییش لە شاری بەغدا نیشتەجێ بووە. لە پایزی 1947 بۆ چارەسەر کردنی نەخۆشیی سیل بوو، دەچێتە لوبنان و دوای چاکبوونەوەی دەگەڕێتەوە ئێراق، پاشان جارێکی تر لە حکومەتی ئەوسای ئێراق قاچاخ دەبێت، بەرەو سووریا ڕادەکات، و ماوەیەک لە سووریا دەمێنێتەوە دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول بە سەرکردایەتی مستەفا بارزانی و لە ساڵی 1961دا، هەژار دەچێتە پاڵ شۆڕشەکە. کاتێک ڕێککەوتتنامەی 11ی ئاداری 1970 لەنێوانی سەرکردایەتی شۆڕشی کورد و حکومەتی ئێراق مۆرکرا، ناردرا بەغدا بۆ ڕێکخستنی کاروباری یەکێتی نووسەرانی کورد کە تازە لە 10ی شوباتی 1970دا دامەزرا بوو، لە کۆنگرەیەکەی ئەو یەکێتییە بە سەرۆکی دەستەی بەڕێوبەر هەڵبژێردرا و لە هەمان کاتیشدا کرا بە ئەندام لە کۆڕی زانیاری کورد و توانی لە ساڵی 1972دا پەرتووکی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەدلیسی لە فارسییەوە بکاتە کوردی و لە چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد چاپی بکات.
لە دوای بە ئاکام نەگەشتنی شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1975دا ڕۆشتە شاری کەرەجی ئێران و تا کۆتایی ژیانی (ساڵی 1990) لەوێ مایەوە. هەژار لە ژیانیدا گەلێ تاڵی و ئاوارەیی کێشاوە. دوای مردنی تەرمەکەی بەرەو موکریان هێنراوە و لە گورستان (باغ فردوس)ی شاری مە هاباد نیژرا.
[1]