باخی گشتی
باخچەی گشتی لە کۆندا نەبووە. تا سەردەمی ئەحمەد پاشای بابان کە حاکمی #سلێمانی# بووە چوار باخی درووستکرد، ئێستا ئەو چوارباخە بوون بە گەڕەکێک لە گەڕەکەکانی سلێمانی. جا لەبەر ئەوەی ئاوی سلێمانی زۆر بووە و پڕ بووە لە کانی و کارێز جگە لە ئاوی شیوەکان و زێرابەکان کە بەرەو خوار بوونەتەوە، ئەمانە هەموو سوودیان لێ وەرگیراوە بۆ باخ درووستکردن.
ئەمانەش ناوی ئەو باخانەن کە هەبوون و ئەوانی تریش ئەوانەن کە لەم دواییەدا درووستکران :
باخی پورە بەگ: لە گەڕەکی گۆیژە نزیک سابوونکەران و ژوور مزگەوتی هەمزاغا، ماڵی شاعیری گەورەی کورد پیرەمێرد لەوێدابوو.
تووی مەلیک: لە باکووری شاری سلێمانی، لە ساڵەکانی سی و چلی سەدەی ڕابردوو (حەوزێکی گەورە)ی هەبوو لە بەهارا پر ئەبوو لە ئاو، لەوەوپێش دار و درەختی لە بەرابوو، خەڵک لە بەهارا دەچوونە ئەوێ بۆ سەیران. ئەم ناوچەیە موڵکی شێخان بوو. لە کاتێکدا درووستکرا کە شێخ مەحمود حوکمدار بوو، بۆیە ناونرا تووی مەلیک.
باخی شێخ لەتیف (شێخ لەتیفی دانساز) لە لای ماڵەکەی خۆیاندا لە گەڕەکی دەرگەزێن، پڕبوو لە داری بەردار و حەوزێک بە فوارەوە لە ناوەڕاستیدا ئێستاش هەندێک شوێنی ماوە بە باریکی درەختی سێو و هەڵوژە و هەرمێ و هەنار و قۆخ و گێلاس و بەهێ و هەنجیری تێدا بوو.
باخی فەرەجی حەمە مراد لە دەرگەزێن نزیک بە کارێزی دایکی پاشا دە دۆنم زەوی بوو. بە موڵک هیی (عەزمی بەگی بابان) بوو، لە هاوینا تەنیا ئەو باخە هەبوو کە بە تەنیشت ماڵی عەزمی بەگ خۆیەوە بوو، خەڵکی شار پۆل پۆل بۆی دەهاتن. ئێستا شوێنەکەی قوتابخانەو خانووە.
باخی مەجید بەگ: لە باکووری شاری سلێمانی. شوێنی بینای زانکۆی سلێمانی و نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن و گشتییە.
باخی کانی دۆمان لە خوار گەڕەکی سەرشەقامەوە بوو.
باخی گەورە و بۆگەنە: ئەمیش هەر موڵکی (عەزمی بەگی بابان) بوو لە خوار شاری سلێمانییەوە.
باخچەی گشتی: لە ڕاستیدا هەر ئەم شوێنە بوو کە بەتەواوی پێی بوترێ (باخچە). دەکەوێتە ڕۆژاوای سلێمانی نزیک (مەڵبەندی پارێزگای سلێمانی). یەکەم باخچەی میرییە و کاتێک کە مەجید یەعقوبی لە ساڵەکانی (1937-1939) موتەسەریفی سلێمانی بوو درووستی کرد کە ئەوسا ئەوپەری شار بوو، واتا هیچ خانوو بینا لەو لایەوە نەبوو بێگومان ئەم باخچەیە بۆ ڕازاندنەوەی شارەکە و گەشت و جوانی سەردانی ژن و پیاو ڕۆژانی (چوارشەممە تایبەت بوو بۆ ژنان) بە عەبا و پەچەوە دەهاتن بەداخەوە بەهۆی نالەباری ئاساییشەوە زۆر دەستکاری کراو زۆری لێ کەمکرایەوە و دارەکانی ئەبڕران، بەڵام ئێستا گەشاوەتەوە.
شارەوانی سلێمانی لەم ساڵانەی دواییەدا فەرمانگەی باخچەکانی بەتایبەت پێک هێنا بۆ درووستکردنی باخچە لە ناوشارا. ئەو فەرمانگەیەش ژمارەیەکی زۆری باخچەی درووستکردووە سەرپەرشتیان دەکات لە ژوور هەموویانەوە پارکی ئازادی کە لەوەوپێش لەشکرگای حوکمەت بوو (حامییە) بوو. دەکەوێتە بەشی ژوورووی شار. ژمارەیەکی زۆری تر باخچەی بچووک هەن لەناو شارەکە کە هەموو ڕازاوە و جوان و ڕێکوپێکن هەندێکیان بە ناوی ئەو کەسانەی بیانی و خۆییەوە ناونراونکە خزمەتیان پێشکەش کردووە. وەک (باخچەی ئولڤ پالما) سەرەک وەزیرانی سوید کە بەدەستی ناحەز شەهید کرا و باخچەی جەواهری کە بە ناوی شاعیری گەورەی عەرەب محەمەد مەهدی ئەلجەواهیری دۆستی دێرینی کورد و باخچەی فەرەیدون عەلی ئەمین و گەلێکی تر.[1]