ئەم پردە لە ساڵی 1920 لەلایەن کەسێکی دڵسۆزی یەکێک لە بنەماڵە دێرینەکانی شاری سلێمانی بەناوی (حاجی مەلاعەزیزی قەرەنی) ، کەکەسێکی ساماندار بوو بنیات نرا لەسەر ئەو ڕووبارەبچوکەی کە لە ناوچەی (دۆڵەرووت) ی باکووری سلێمانییەوە، بەچەمی قلیاساندا، تێپەردەبێت و دوای برینی نزیکەی (27 کم) دەرژێتە ئاوی تانجەرۆ کە ئەم ڕووبارە، بەشێکی زۆری ڕووباری
تانجەرۆی پێکدەهێنا، ناوبراو بۆ ئەنجامدانی کارەکەی لەسەربەندی جەنگی یەکەمی جیهانی دا، کە ئەودەم شاری سلێمانی وەک شارەکانی تری ئێراق، لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی دابوو، ئەوەبوو دەسەڵاتدارانی عوسمانی ئەندازیاررێکیان لە ئەستەمبوڵ (ئەستەنبوڵ) وە بۆ ڕەوانەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوجەنگەوە نەتوانرا، کارەکەئەنجام بدرێت و کەوتە دوایی جەنگەکەوە ئەندازیارەکە شێوەی داڕشتنی پردەکەی ڕادەستی (حاجی عەزیز) کرد.
دوای ئەوەی لە ساڵی 1920 دا دەستی کرد بەدرووستکردنی ڕۆژانە خودی خۆی دەچووە سەرشوێنی پڕۆژەکە و سەرۆکاری کرێکارەکانی دەکرد، لە وەرزی بەهاری ئەوساڵەدا کاری تێدا کراو لە دوای ساڵێک تەواو بوو، پردەکە بریتی بوو لە هەشت گل، درێژیەکەی (100) مەترو پانییەکەشی (4) مەتر دەبوو، بەرزیەکەشی (12) مەتربوو. بناغەکەی بەبەردو قور و گل درێژرابوو، لە دوای بناغەکەیەوە بەخشتی سوور و گڵ درووستکرا، خاوەنەکەی لە گوندی قلیاسان، کورە خشتێکی درووستکرد بەوەی گڵی ئەم گوندە بەکەڵکی خشت درووستکردن دەهات، ئەم لاو ئەولایی پردەکەش (چەپەر) ی بۆ درووستکرد بوو.
ئەم پردە لەناوەڕاستی شەستەکاندا ڕووخاو چەند شوێنەوارێکی ئەو مایەوە، بەهۆی ئەوەی ساڵانە بەهۆی باران و بەفر و ئەو ئەرکە زۆرەی لە ڕێی ئۆتۆمبێڵەوە کەوتبوە سەری هەر جارەی شوێنێکی زیانی پێ دەگەیشت، ئەو شوێنەشی چاک نەدەکرایەوە یاخود بەباشی چاکیان نەدەکردووە.
بەسوپاسەوە لەپەیجی (ئاشقانی شاری سلێمانی) وەرگیراوە