نووسینی: مەسعود محەمەد
لەبڵاوکراوەکانی ئاراس هەولێر
چاپی یەکەم 2010
هزرڤان و نووسەری بیروردی کورد و کەسایەتی ناسراوی کوردستان مامۆستا مەسعود محەمەدی جەلیزادە لە ساڵی 1919دا لە شاری کۆیە لە بنەماڵەیەکی ئایینی و وێژەیە و زانست پەروەر هاتۆتە جیهانەوە و گەشتی خوێندنی لە ساڵی 1926دا لە کۆیە دەستپێکردووە و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر لە ساڵی 1940دا تەواوکردووە و لە ساڵی 1945یشدا خوێندنی کۆلیژی مافی لە بەغدا وەرگرتووە و بووەتە پارێزەرێکی یاساناس.
لە خوێندنی کۆلیژی مافدا هاوپۆل و دۆستی دڵسۆزی دڵداری شاعیری لێهاتووی کورد بووە بەیەکەوە زۆربەی ئێواران سەردانی ساڵۆنی وێژەی خاتوو بەهەیە فەرەجوڵڵای کچە کوردی میسریان لە گەڕەکی ئەعەزمیەی بەغدا کردووه، کە ئەوسا ئەو خاتوونە زانایەی کورد مامۆستای کۆلیژی کچان بووە لە بەغدا. لەو ماڵەدا بەردەوام کۆڕی فەلسەفی و هزری دەبەسترا. مامۆستا مەسعود لەو ساوە بیری کەوتە سەر فەلسەفە و شیکردنەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئابووری.
ئەو مامۆستایە لێهاتووە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری گەلێک فەرمانی گرتە ئەستۆ وەک: نوێنەری خەڵکی ناوچەی کۆییە لە پەڕڵەمانی ئێراق لە هەردوو دەورەی ساڵانی 1953 و 1954 و لە دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958یشدا کرا بە ئەندامی لیژنەی چاکسازی کشتوکاڵ لە ئێراقدا و لەگەڵ چەند یاساناسێکی دیکەدا یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و ئاودێریان دانا و ئەو یاسایە لە 30ی ئەیلوولی 1958دا بەناوی یاسای چاککردنی کشتوکاڵ لە کۆماری ئێراقدا بڵاوکرایەوه.
مامۆستا مەسعود محەمەد لە ساڵی 1964دا بە ناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کرا بە شالیاری وڵات لە کابینەی تاهیر یەحیا دا تاکوو ساڵی 1965 و لە دوا دوای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کرا بە ئەندام لە ئەنجوومەنی گشتی خدمە و لە پاش دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کوردی لە 1970.08.29دا لە شاری بەغدا کرا بە ئەندامی کارای ئەو کۆڕەی زانیاری و بە جێگری سەرۆکی دەستەی کۆڕو کاتێکیس لە دوای هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆڕی زانیاری ئێراق دەستەی کورد مامۆستا مەسعود وەک سەرۆکێکی کارا لە کۆڕەکەدا مایەوه.
لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی باشوور لە بەهاری ساڵی 1991 و کێشانەوەی دەسەڵاتی سەنتەری ئێراق لە کوردستان، گەڕایەوە کوردستان تاکوو لە 2002.04.01 لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر کۆچی دواییکرد و هەواڵی مەرگی ئەو ناودارە بە هەموو لایەکی کوردستاندا بڵاوبووە و لە 2002.04.02دا لە گۆڕستانی دەروێش خدر لە کۆییە لە تەنیشت گۆڕی مەلای گەورەی باوکیدا بەخاکی سپێردرا