دوای هەرەسهێنانی یەکێتی سۆڤیەت، دیسانەوە کورد ڕووبەڕووی ڕۆژی سەخت دەبنەوە. لەگەڵ گۆڕانی ڕەوشی سیاسی و ئابووری جۆرجیا، داوودەزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەو دەوڵەتەش دەچنە ژێر کاریگەری ئەو گۆڕانکارییانە. لەو ماوە بێسەروبەرەدا دەستەی نووسەرانی ڕادیۆی کوردیش تووشی کێشە و بەربەستدەبن و بەهۆی کێشەی ئابوورییەوە پەخشی ڕادیۆی کوردی سێ جار ڕادەگیرێ کە دواجار لەساڵی 2004دا بووە لە دوای شۆڕشی گوڵان لە جۆرجیا. بەڵام بە قسەی بەهار "لە کۆتایی 30-12-2007دا بەهەوڵ و کۆششی پارێزەرێکی گەلەکەمان ڕادیۆی کوردی لە جۆرجیا بەناوێکی نوێ بەناوی ڕووناکی دووبارە دەستی بە پەخشکردەوە."
بەهار دیسانەوە دەچێتە نێو ڕیزی کادیرانی ئەو ڕادیۆوە. نێوەڕۆکی بەرنامە نوێیەکانی فرەرەنگن. ئەوان لە ماوەی 15 خولەکدا هەواڵەکانی جۆرجیا، ڕووداوە گرنگەکانی ژیانی کوردانی جۆرجیا، وێژە، بیروباوەڕ، کولتور و مێژووی کورد، ڕاپۆرت و بەسەرهاتی ژیانی کاربەدەستانی دەوڵەتی جۆرجیا و دەنگوباسی سنوورەکانی ئەو وڵاتە بڵاودەکەنەوە. خەرجییەکانی ڕادیۆ لەلایەن حکومەتەوە دابیندەکرێن.
لەوماوەیەدا زۆر گۆڕانکاری بەسەر دەستەی نووسەرانی ڕادیۆی کوردیدا هاتوون، زۆر کارمەند هاتوون و ڕۆیشتوون. بەڵام دوو کەس هەر لەسەرەتاوە و تائێستا هەمیشە دیاربوونە، کەرەمێ ئانگۆسی و بەهار ستورکی. بەهار دەڵێ "ئێمە هەردووکمان ئێستاش کاردەکەین". دیارە ڕەنجی ئەم گرووپە بچووکەی ڕادیۆی جۆرجیا زۆر جێگەی سەرنجە، چونکە ئەوان نەک تەنیا زانیاری کۆمەڵایەتیان بڵاوکردووەتەوە، بەڵکو بانگەشەشیان بۆ کولتوور، زمان و مێژووی کورد کردووە. بەهار دەڵێ "رادیۆی کوردی لە جۆرجیا خێزانێکی کولتوری گەلەکەمانە، هەروەها ئەرک و پێویستییە."
رادیۆی ڕووناکی هەفتانە یەک جار لە ڕۆژانی سێشەممەدا لەسەر شەپۆڵی (FM 100.9) بۆ ماوەی 15 خولەک بەرنامەکانی پەخشدەکات. هەروەها بەرنامەکانی لە دوو ماڵپەری کوردیشدا پەخشدەکرێن، کە ئەمانەن:
www.Sarhad.ge، www.kurd.ge
تێبینی: وێنەکە هی بەهار ستورکی، بێژەری ڕادیۆکەیە و زانیارییەکانیش لە زاری ئەوەوە بۆ ڕووداو باسکراون.