نوسینی: تەها ئەحمەد ڕەسوڵ
تاوەکو هاتنی ئینگلیز ژنان عەبا و پەچەیان نەپۆشیووە
پۆشینی عەبای ڕەش لەلایەن ژنانەوە بۆ خۆپاراستن بووە نەک شەرم و داخران و گەڕانەوە بەپێی بیروباوەڕی ئایینی
سەروەختێکی زۆرە ژنان و ئافرەتانی شار عەبای ڕەش دەدەن بەسەریاندا، سەرباری پۆشینی جلوبەرگی کوردی، یان دزداشە و ماکسی و ئەوەی بە بەرگی مۆدەش ناسراوە، بەو عەبا ڕەشانە خۆیان دادەپۆشن و لە شوێنە گشتییەکان و ناو بازاڕ و چوونە دەرەوەیاندا پەیڕەوی دەکەن. بێگومان وشەی عەبا عەرەبییە و ئەم دابونەریتە نەک بەتەنها ژنانی هەموو عێراق بەڵکو زۆر لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکانیش پەیڕەویان کردووە و هێشتان وەکو خوو و ڕاهاتنێک بەکاریدەهێنن.
سەرەتای ئەم نەریتەش لەگەڵ هاتنی ئینگلیز و فەڕەنسییەکان بۆ ئەم وڵاتانە پەیدابووە، بەهاوشانی پەچە و داپۆشینی ڕوخسار، واتە نەریتی عەبای ڕەش کە ئێستا ژنان و ئافرەتان لەسەری دەڕۆن پێشتر بێ پەچە و چارشێو نەبووە، لای ئێمە شێوەی پەچەکان پارچە قوماشێکی ڕەشی تەنک بووە، لای میسرییەکان یان سورییەکان قوماشێک یان تۆڕێکی ڕەش بوون لە شێوەی سێگۆشەیەکی درشتدا بەچەشنی شەبەکەیەکی ڕەش کە تەواو ڕوخسار داناپۆشێت ئەوەندەی شتێک لە دەموچاو دەگۆڕێت، لای ئێمە سادە و لای نەتەوەکانی تر ڕازاونەتەوە بە مووروو یان ئاڵتوون و پەلکی شۆڕ و چاوەکانیان نەشاردۆتەوە بەڵکو تەنها دەمولووت و بوونی ڕایەڵێکی دەزوولەیی بەسەر لووتدا.
زۆر لە ڕۆژهەڵاتناسەکان کە ڕاپۆرت و بیرەوەریی خۆیان لە گەشتی ئەم ناوچانەدا تۆمارکردووە دەستنیشانی ئەو خاڵە بەرچاوانە دەکەن کە لەناو میللەتی کوردا و بەتایبەتیش لە شاری سلێمانیدا ژنان شانبەشانی پیاوان لە کۆڕ و دیوەخاناندا ئامادەگییان هەبووە و هەرگیز گۆشەگیر و تەریک نەبوون، بەشێوەیەکی دیموکراسییانە ژنان ڕێگەپێدراو بوون لە مەجلیس و قسەوباسدا بەشداری بکەن هەروەک چۆن لە ناو کێڵگە و هەرەوەزیشدا کاریان کردووە و سەرباری کارەکانی خۆشیان یارمەتی پیاوانیشیان داوە لە ئیشی گران و بەرهەمهێناندا.
ئەو گۆڕانەی وایکردووە ئیتر ئافرەت لەناو مەجلیسدا دانەنیشێ یان پەچە بدا و بێ داپۆشینی بەژن و باڵای بە بەرگی ئاساییەوە نەبینرێن، شاعیران و گۆرانیبێژانی ناڕەحەت کردووە و لەو پێناوەدا گەلێک هەوڵیانداوە ئەو نەریتە بشکێنن و بە شەرم لێکدراوەتەوە، شیعر و گۆرانی وەک ( پەچەت فڕێدە چ وادەی شەرمە) یان ( شەرمی پێ ناوێ پەچەکەت لادە) دەبینین لە قۆناغی دواتردا وەک شەرمێک بینراوە و هەرگیز ئەو فاکتەر و هۆکارانەیان دەستنیشان نەکردووە کە لەپشت ئەم نەریتە باوەوە وەستاونەتەوە.. وەک وتمان پێشتر ئافرەتانی کورد تا ڕادەیەکی باش ئازاد بوون و هێندەش پیاوان بەرامبەریان کەللەڕەق و نادیموکراسی نەبوون، وەلێ پێ بەپێی هاتنی ئینگلیز ئیتر بارودۆخەکە ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرتووە و ئافرەتانیش لەو گۆڕانکارییانەدا یەکەمین کەس بوون گۆڕان کاریگەریی هەبووە لەسەریان.
تەنانەت گەڕان بەدوای سەربەستی ژنانیشدا دەتوانین ئاماژە بەو ئافرەتە سەماکەرانە بدەین کە لە زەمانی عوسمانییەکاندا هەبوون، لە ئەسحابە سپی سێ ئافرەتی تورک لەسەر شانۆ سەمایان کردووە لەو وەختەشدا کە زۆر لەمێژ بووە و مەمالیکیش موسڵمان بوون، بەڵام سەرباری ئەزموونی دیموکراسی و پێشکەوتنی وڵاتێکی وەکو بەریتانیای گەورە دەبینین لەبری کردنەوەی ئاسۆکان و بەخشینی سەربەستییەکی بێوێنە دەرگاکان دادەخرێن و ژنان زەبرێکی نێگەتیڤیان وەبەردەکەوێت. ئینگلیز و کردەوە ناجۆرەکانی مێجەرسۆن هێندەیتر شارەکەیان خپ کردووە و بە کردنەوەی دوکانی مەیفرۆشیی و تیاترۆخانە بەشێوەی نائاشکرا، کە هەم مەست و بەدمەستانی دروست کردووە و ژنان لەوە سڵەمیونەتەوە کە سەرخۆشە ئینگلیز و تەنانەت هاوشارییەکانیش پەلاماریان بدەن، هەڵبەتە دەشێت شتێکی وەها ڕوویدابێت پێشتر تاوەکو بەو چاوەوە ڕوانیبێتیانە مەیخۆرەکان دەنا پێشبینیکردن لەخۆوە پەیدا نابێت، هەروەها کردنەوەی تیاترۆخانە کە ئافرەتی لەشفرۆشی تێدا بووە و شێوەی ڕوانینی ئینگلیزەکان بۆ ژنان و کچانی شار بەو پێوەر و پێودانگانە، هەموو ئەمانە هۆکارگەلێک بوون بۆئەوەی ئیتر ژنان خۆیان لەپشت دەمامک و داپۆشینەوە بشارنەوە نەک بکەونە بەر نیگا نێگەتیڤەکان، بەتایبەتیش هەموو ئەو ئافرەتانەی جوان و سەرنجڕاکێش بوون و چاوی ئینگلیزەکان بەرامبەریان زۆرتر کراونەتەوە.. پەچە و عەبا ئیتر لەو وەختەوە بووەتە نەریتێکی باو و تا ئێستاش پەیڕەو دەکرێت، بۆ نمونە هێشتا لە شاری زاخۆدا ژنان و ئافرەتان پەچە دەدەن و لەناو بازاڕدا دیمەنیان ماوە.
ئەو پێشێلکردنی سەربەستییە کاردانەوەیەک بووە نەک کردە و کار، پەیڕەوکردنیشی لەلایەن ژنانەوە بۆ خۆپاراستن بووە نەک شەرم و داخران و گەڕانەوە بەپێی بیروباوەڕی ئایینی، ئەگەرچی ئایین ئاراستەکانی بەو شێوەیە سێبەرەکانی درێژکردۆتەوە و ڕێوڕەسمی نوێژکردن و حەجکردن و زۆر لە سرووتە ئایینییەکان لەسەر داپۆشینی لەشولار دامەزراون بەتایبەتیش سەر و پرچ و ڕوخساری ڕەگەزی مێینە، یاخود پەیڕەوکردنی لە سەروەختی ئیمامی عەلییەوە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر فارسەکان، وەلێ بەپێی پەڕینەوەش بووبێت یان لەلایەن پیاوانی ئایینییەوە ئەو وانانە ئامانجێکی ڕاستەوخۆیان مەرام بووبێت، چونکە لەو داپۆشینەدا لایەنێکی دیکەی ئایینیش دەستنیشان دەکرێت، ئەویش ئەوەیە بەو خۆداپۆشینە چینەکان بوونیان نامێنێت و هەژاران و دەوڵەمەندەکان وەک یەک ڕوودەکەنە خواوەند، واتە یەکسانبوونی ئافرەتان تا لە ڕواڵەتدا هیچ جیاوازییەکی چینایەتی نەمێنێ، لەبەرئەوەی ژنان زێڕ و ئاڵتوونێکی زۆر دەکەن بەخۆیاندا و تەنها لەڕێی جلوبەرگەوە ئەو جیاوازییە بەرچاوەیان وەدەرناکەوێت ئەوەندەی خشڵ و زێڕ دەیگەیەنن.. لای کورد و لەم شارەدا دیسانەوە ئەو نەریت و ڕەفتارە لە دەسپێکدا هێندە توند نەبووە لەسەریان و تەنها لە کاتی نوێژ و ڕۆژوودا، چوونە سەر مەزاری شێخان و پیاوچاکان و مزگەوتەکاندا پەیڕەوکراوە ئەوەش هەرگیز بەمانای حیجاب نەهاتووە یان پەچەدان و شاردنەوەی هەموو جەستە، بەڵکو کاریگەریی نێگەتیڤی ئینگلیزەکان ئەو ڕێیەیان خۆشکردووە، واتە بێ خواستی خۆیان، بێئەوەی ئارەزووی بکەن بەسەریاندا سەپاوە ئەو ڕێیە بگرنە بەر.. پێویستە لێرەشدا ئاماژە بە لایەنێکی دیکەی ئەم نەریتە بەربڵاوە بدەین، ئەویش ئەوەیە لە کاتی سەفەربەلک و شەڕی جیهانی یەکەمدا، شار برسێتییەکی بێوێنەی بەخۆوە بینیووە و سەرباری نەخۆشیی کەسانێکی زۆر لە برسێتیدا مردوون و تا هاتنی ئینگلیزیش هێشتان لاشەی مردووەکان لێرەولەێ ماونەتەوە و کەسێک تەنانەت شارەوانیش نەیپەرژاوەتە سەر ناشتنیان، لەو سەروەختە دژوار و نالەبارەدا ئافرەتانێک بۆ تێرکردنی خۆیان و مناڵەکانیان پەنایان وەبەر لەشفرۆشی بردووە و لەو چاوگەوە نانەسکییان چنگ کەوتووە، پاش ئەو قۆناغە پێدەچێت هێشتان وەک خوویەک لەسەر ئەو کارەیان مابنەوە و لەو ڕەوشەدا یەکەم کەس بووبن خۆیان داپۆشیبێت بە عەبا و پەچەی ڕەش بۆخاتری ئەوەی نەناسرێنەوە و بە سەربەستی کوێیان بوێت بۆی بڕۆن.. لەم خاڵەشدا مەبەست لەو مەیلەیە کە ئەو جۆرە کەسانە هەیانبووە و بەخواست و پێی خۆیان چوونەتە لای ئینگلیزەکان و شتێک لە ڕوانینی ئەوانیشیان گۆڕیووە سەبارەت بە تەماشاکردنی ژنانی شار کە پێیان وابێت تامەزرۆی ئازادین هەربۆیە ئەو نەریتەیان گرتۆتە بەر و بەو شێوەیە خۆیان لە چاوی کەسوکاریان دەشارنەوە، واتە دروستکردنی دیوارێک بۆخۆیان وەک پشتوپەنا.
دیاردەکان لەخۆیانەوە سەرهەڵنادەن و چەندین هۆکار لەودیویانەوە ئامادەگییان هەیە، ئێمە لێرەدا شتەکان دەخەینە پێش چاو کە هەبوون و هەن، لەوێشەوە پیشاندانەوەی ئەو نەریتانەی کە پەیڕوەیان دەکەینەوە بێئەوەی هیچ لەبارەشیانەوە بزانین، ئەمەش بۆخۆی نەزانینە و بێ خواستی خۆمان ناسنامەیەکی هەڵەشیان بۆ خوڵقاندووین کە پێناسی ڕاستەقینەمان نییە لە بنەڕەتدا.