فۆتۆگرافەر و میوزیکژەن (دیار ئازاد عومەر) لە ساڵی 1990 لە شاری #کەرکووک# لە دایکبووە، سەرەتای کاری فۆتۆگرافی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2008. حەز و ئارەزوی بۆ ئەو بوارە پێشتر هۆکار بووە بۆ ئەوەی هەمیشە بینەری وێنەی فۆتۆگرافەران بێت، بە تایبەت وێنەکانی فۆتۆگرافەر (ئازاد نازری)، کە هەر ئەو هاوکارێکی باشی (دیار ئازاد) بووە بۆ ئەوەی بێتە ناو ئەو بوارە، ئیتر لە دوای ساڵی 2010 بەتەواوی دەستی بە کاری فۆتۆگرافی کرد و چەندین شوێن و گوند گەڕاوە بۆ ئەوەی وێنەیان بگرێت. دواتر بە هاوکاری لەگەڵ (عەلی موسافری) سەرۆکی یەکێتی وێنەگرانی ئێراق هەوڵیان دا توانیان چەندین پێشانگای فۆتۆگرافی بکەنەوە لە ناوەوە و دەرەوەی ئێراق، بە بەشداری چەندین فۆتۆگرافەری کوردی و عەرەبی و بیانی. تا ئێستا بەشداری 54 پێشانگای نێودەوڵەتی کردووە لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، وەکوو وڵاتەکانی: (ئەڵمانیا، پورتوگال، مەغریب، لوبنان، سعودیە، ئوردون، تونس، ئیمارات).
ساڵی 2013 خەڵاتی باشترین وێنەی منداڵی پێ بەخشرا لە فیستیڤاڵی سێیەمی کە لەلایەن یەکێتی وێنەگرانی کوردستان لە #دهۆک# ڕێکخرابوو.
ئەندامە لە کۆمەڵەی وێنەگرانی کوردستان و کۆمەڵەی وێنەگرانی ئێراق و کۆمەڵەی وێنەگرانی عەرەب و یەکێتی فۆتۆگرافەرانی ئێراق.[1][2]