کەمال جەلال غەریب کەسایەتییەکی دیار و ناسراوی کوردستانە، ئەو بڕوای وابوو زانست و زانیاری بناغەی پێشکەوتن و گەشەپێدانی هەر گەلێکە، بۆیە هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردن لە بواری زانستیدا تەرخان کرد، بەرهەمە زانستییەکانی گەواهی ئەو ڕاستییەن و وەک سامانێکی نەتەوەیی بەیادگاری ماونەتەوە.
ئەم پیاوە زانستپەروەرە لە ساڵی 1929 لە شاری #سلێمانی# لەدایک بووە، لەئامێزی خانەوادەیەکی ناسراوو ڕووناکبیری ئەو شارەدا پەروەردە بووە.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.
بەشی زانستی کیمیای لە خانەی مامۆستایانی باڵا لە بەغدا خوێندووە.
ساڵانێکی زۆر وەک مامۆستا و بەڕێوەبەر و سەرپەرشتیار لەکایەی پەروەردە و خوێندندا خزمەتی کردووە و شوێن پەنجەی لەو بوارەدا دیارە.
مامۆستا کەمال لە ڕێکخراوە پیشەییەکانی وەک مامۆستایان و نووسەران و کۆڕی زانیاری کورد کاری کردووە و کەسێکی چالاک و هەڵسووڕاو بووە و خزمەتی زۆری کردووە.
مەیدانی نووسین و لێکۆڵینەوەی زانستی مەیدانی سەرەکی کارکردنی ئەو بوون، لە ڕێی قەڵەمە بەبڕشتەکەیەوە خزمەتێکی زۆری لە بواری زانستی پێشکەش کردووە.
ئەو چەندین وتارو لێکۆڵینەوەی زانستی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەردەمی خۆی بڵاو کردووەتەوە.
خاوەنی چەندین پەرتووکی زانستیشە لەوانە: (ئەتۆم لە مێژوودا، بیست پیشەسازی کیمیاگەری، یەکەم ئادەمیزاد پێی نایە سەر مانگ) و چەندانی تر.
مامۆستا کەمال بەحوکمی ئەوەی بێ لە زمانی دایک، زمانەکانی دیکەی عەرەبی و ئینگلیزی بەباشی زانیوە، بایەخێکی زۆری بەدانانی فەرهەنگی زانستی بەو زمانانە داوە و خاوەنی چەند فەرهەنگێکی زانسییە، کە کەلێنێکی گەورەی پەرتووکخانەی کوردییان پڕ کردووەتەوە.
دیارترین فەرهەنگە زانستییەکانی فەرهەنگی (کەمالنامە) یە کەوشە و زاراوەکانی بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی نووسراون و دەکرێ بەفەرهەنگی تەمەن و دایکی فەرهەنگەکان دابنرێ، چونکە فەرهەنگێکی قەبارە گەورەی 1700 لاپەڕەییە.
بەحوکمی پێگە و توانای مەزنی زانستی و هەڵوێستی کوردپەروەرانەی، ساڵی 1992بۆ ئەندامێتی خولی یەکەمی پەڕڵەمانی کوردستاندا لەسەر لیستی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# پاڵێوراو و بووە ئەندامی پەڕڵەمان، لەوێش لە بواری پسپۆڕی خۆی خزمەتێکی زۆری بەکایەی زانستی کرد و شوێن پەنجەی بەداڕشتنی یاساکانی ئەو بوارەوە دیار بوو.
دوای خزمەتێکی زۆر بەگەنجینەی زانستیی کوردستان، لە ڕۆژی 21ی تشرینی دووەمی 2006 بەیەکجاری ماڵاوایی کرد[1]