دەشتی شارەزوور دەکەوێتە باشوور و باشوورى ڕۆژهەڵاتى شارى سلێمانى و بە گرنگترین و گەورەترین دەشتى ناوچەی شاخاوی دادەنرێت، تێکڕاى درێژی لە ڕۆژهەڵاتەوە بۆ ڕۆژاوا نزیکەى (45) کیلۆمەترە و پانییەکەى لەنێوان (15-20) کیلۆمەتر و لە هەندێک شوێن دەگاتە (25) کیلۆمەتر، بەرزییەکەى لەئاستى ڕووی دەریاوە لەنێوان (450-600) مەترە، چیاکانى هەورامان لە ڕۆژهەڵات و چوارتا لە باکوور و باڵامبۆ لە باشوورەوە دەوریان داوە، بەڵام لەئاڕاستەى باکوورى ڕۆژاوایەوە دەشتى سلێمانییە.
خاکى ئەم دەشتە بە بەرزى ڕێژەى بەپیتییەکەى ناسراوە، بەهۆى ئەو نیشتەنیانەى جۆگە ئاوییەکان لەچیاکانى دەوروبەریەوە بۆى دێنن، ئاوى تانجەرۆ و سەرچاوەکانى دیکەى زەڵم و چەقان بەشەکانى ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتى دەشتەکە ئاودێرى دەکەن.
لە ڕۆژهەڵاتى دەشتەکەدا بەنداوى دەربەندیخان درووستکراوە، کە ڕووبەرێکى بەرفراوانى دەشتەکەى داپۆشیوە.
لەڕووى کارگێڕییەوە ناوچەکانى شارۆچکەى شارەزوور و بەشێکى فراوانى پارێزگاى هەڵەبجە و بەشی باشوورى شارەدێى تانجەرۆ دەکەونە ئەم دەشتەوە.
گرنگترین شارەکانیشی پارێزگاى هەڵەبجە و سەیدساق و عەربەت و خورماڵ و سیروان و هەڵەبجەى تازە و زەڕایەنە.
ناو
1-وا دەردەکەوێت کە وشەی شارەزوور لە دوو وشەی کۆنی کوردی: شاھ (شا) و ڕەزوور (دارستان) پێکھاتووە کە بە سەر یەکەوە واتای دارستانی شاھانە دەدات.
2-لەوانێیە وشەی شارەزوور لە دوو وشەی کۆنی کوردی: شارە (شار) و زوور (کۆن) یان (گەرم) پێکھاتووە کە بە سەر یەکەوە واتای شارەکۆنەکە یان شارەگەرمەکە دەدات.
مێژوو
لە چەند بەڵگەیەکی ساسانییەکاندا ناوی شارەزوور ھاتووە.
لە سەدەی چوارەمی زایینیدا ھەندێک لە شارەزوورییەکان کە چوونەتە سەر ئایینی کریستیانییەت، بە دەستی شای ساسانی دەکوژرێن.
ھراکلیووس (Heraclius) ئیمپراتۆری ڕوومی لە مانگیی 2ی ساڵی 628ی زایینی لە شارەزوور بووە.
لە ساڵی 642ی زایینی لە دەشتی شارەزووردا شەڕی نێوان ساسانییەکان و سوپای ئیسلام ڕوو دەدات و ئیسلام دێتە ناوچەی شارەزوور.
دەسەڵاتی شارەزوور، لە سەدەی 11 تاوەکوو سەدەی 16، بە دەستی میرنشینی ئەردەڵانەوە بووە. شوێنەوارەکانی ئەو سەردەمە لە «یاسین تەپە»دا بەجێماوە.
لە ساڵی 1554 ناوچەکە دەکەوتە دەستی عوسمانییەکان و ئەیالەتی شارەزوور دادەمەزرێت.[1]
ویکیپیدیا