ناو: ئارەزوو
ناوی باوک: ئیسماعیل مەنسوور
ساڵی لەدایکبوون: 1969
شوێنی لەدایکبوون: #کۆیە#
$ژیاننامە$
ناوی تەواوی (ئارەزوو ئیسماعیل مەنسوور) ە، ساڵی 1969 لە کۆیە لەدایک بووە، قۆناغەکانی سەرەتایی ناوەندی و دواناوەندی لە کۆیە خوێندووە، ساڵی 1990 پەیمانگەی تەکنیکی لە شاری موسڵ تەواوکردووە، ساڵی 2010 بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بە پلەی حەوتەم لە زانکۆی سەڵاحەددین کۆلیژی هونەرە جوانەکان بەشی موزیک بەدەستهێناوە، ساڵی 2016 لە زانکۆی سلێمانی فاکەڵتی پەروەردە بەشی پەروەردەی هونەری بڕوانامەی ماستەری لە پەروەردەی موزیک بەدەستهێناوە، ئێستاش سەرپەرشتیاری پەروەردەی هونەرییە، ساڵی 1984 لەگەڵ وەرگرتنەوەی مۆڵەتی تیپی مۆسیقای باواجی کۆیە بە کۆڕس و دواتر بە ژەنینی ئامێرە ڕیتمییەکان لە خانووەکەی حاجی پاشا دەستی بەکاری هونەری کردووە ئەو کاتە تەمەنی 15 ساڵان بووە، ناوەڕاستی ساڵی 1986 لەسەر دەستی مامۆستا سەردار ئەحمەد لە سەنتەری گەنجانی کۆیە یەکەم نۆتە و تیۆرەکانی موزیکی خوێندووە، بەماوەی 9 مانگ لەگەڵ کۆمەڵێک فێرخوازی تر گرووپێکی موزیکی مێر منداڵانیان درووستکردووە و ئارەزوو بووەتە سەرپەرشتیاری گرووپەکە، لە ماوەیەکی کەمدا توانیویانە لە چەندین چالاکی و ڤێستیڤاڵ لەسەر ئاستی کوردستان بەشداری بکەن و لە ڕیزی پێشەوە و یەکەمەکانی کوردستان بن تەنانەت زۆر جار لەبڕی پارێزگای هەولێر بەشداری چالاکییە هونەریەکانیان کردووە، دواتر تیپەکەیان ناو ناوە تیپی مۆسیقای حاجی قادری کۆیی و لە سەرەتای ساڵی 1988 دەستیان کرد بە تۆمارکردنی کاسیتێکی گۆرانی بۆ هونەرمەند (ئیسماعیل شەیدا) کە لە 9 تڕاک پێکهاتبوو و 8 تڕاکیان ئاوازی (ئارەزوو) بووە کە هۆنراوەکانی (مستەفا بەگی کوردی و هیجری و شەفیق بەیاد و ساسان عەونی) لە گۆرانییەکان بەکار هێنابوو و بە بۆنەی ساڵی تازەی 1989 کاسێتەکەیان بڵاو کردووەتەوە ، ئارەزوو ئیسماعیل سەبارەت بە کار و چالاکییەکانی دوای ڕاپەڕین جارێکی تر لەنێوانی کۆیە و هەولێر چالاکانەتر لە کاری هونەری بەردەوام بووە، ساڵی 1992 لە هەولێر وەک دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری هونەری تیپی مۆسیقای ڕەوا چەندین کاری هونەری لە تۆمارکردن و بەشداری و سەرپەرشتی کردنی ڤێستیڤاڵی ئەنجامدا، ساڵی 1993 وەک دەستەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری هونەری لە کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد- کۆیە چوار ڤێستیڤاڵی هونەرییان ئەنجامدا و لە هەموو ڤێستیڤاڵەکاندا بەرهەم و ئاوازی نوێی خۆی تێدابوو، ساڵی 1994 لەگەڵ تیپی مۆسیقای ڕەوا یەکەم ئاوازی کوردی کە ماوەکەی یەک کاتژمێر بوو لە هۆنراوەی شێرکۆ بێکەس و وتنی هاوتا ئەسعەد و ئاوازی خۆی پێشکەش بە جەماوەر کرا و لە ڤێستیڤاڵەکەدا پلەی یەکەمی بەدەستهێنا، لەگەڵ ئەوەی کارە هونەریەکانی لەم دوو تیپە موزیکییە بەردەوام بوو لەنێوان ساڵانی 1993-1997 بە بەردەوامی لەسەر قەڵاتی هەولێر و لەنێو گەرماوە کۆنەکەی قەڵات کە کرابوو بە مەڵبەندی ڕۆشنبیری سەردەم، چەندین خولی موزیکی لەژێر ناوی خولی سێوە بۆ فێربوونی مۆسیقا کرۆتە و لەوێدا چەندین فێرخوازی پێگەیاندووە، ساڵی 1997 چووەتە ئەڵمانیا و جگە لەوەی لە چەندین چالاکی و بۆنەی نەتەوایەتی لە دەرەوەی وڵات بەشداری کاری هونەری دەکرد لە موزیک هۆخ شوولە بڕوانامەی هونەری بەدەستهێنا لە بەشەکانی کیبۆرد و هاڕمۆنی، ساڵی 2004 بە یەکجاری گەڕاوەتەوە کوردستان لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی شەهید جەعفەر لە کۆیە وەک مامۆستا لە بەشی موزیک دەستبەکار بووە، جگە لە وتنەوەی وانەی موزیکی ساڵانە بە بەرهەمی نوێ بەشداری چوار لە ڤێستیڤاڵ و چالاکییەکانیان کردووە، لە تیپی مۆسیقای باواجی کۆیەش بەردەوام بووە و چەندین کاری هونەری ئەنجامداوە و سەرپەرشتی چەند ڤێستیڤاڵێکی ساڵانە و بەرهەمی کردووە، ساڵی 2012 بووە بە بەڕێوەبەری پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی شەهید جەعفەر لە کۆیە شەش ساڵ جگە لە کاری کارگێڕی پەیمانگە سەرپەرشتی گشتی شەش ڤێستیڤاڵی هونەری بووە و لە هەموو ڤێستیڤاڵەکانیشدا ساڵانە بەرهەمی نوێی پێشکەش دەکرد، ساڵی 2015 لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێ و گەنجی موزیسیان گرووپی موزیکی هاوڕێیانی ئارامی ڕۆحیان دامەزراند و (4) کۆنسێرتی تایبەتییان ئەنجامداوە کە تیایدا چەندین بەرهەمی نوێیان نمایش کردووە جگە لە نوێکردنەوە و ژیاندنەوەی چەندین ئاوازی فۆلکلۆر و ناساندنی دەنگی تازەی گەنجان، زۆرێک لە ئاوازەکانی گۆرانی ماوە درێژن لەنێو هەموو میللەتانی جیهاندا ئاوازی ماوە درێژی ڕیتمدار هەبووە و هەیە، بۆیە ویستوویەتی ئەو بۆشاییە هونەریە لە گۆرانی کوردیدا بە شێوازێکی جیاوازتر لەوەی کە هەیە پڕبکاتە وە، هەندێک جار گۆرانییەکانی کردووە بە دوو بەشەوە و لە سەردەمی جیاوازدا ئاوازەکانیان دانراوە، داستانی قارەمانی بەیان لە هۆنراوەی شێرکۆ بێکەس و وتنی هاوتا ئەسعەد کاتەکەی یەک کاتژمێرە، نامەیەک بۆ شارەکەم لە دوو بەشی جیا پێکهاتووە لە هۆنراوەی قوبادی جەلیزادە و وتنی بەشی یەکەم: شنۆ ئیبراهیم و مودرک و هەندرێن- بەشی دووەم: لاوین قادر و پۆڵا ئیسماعیل و هۆشمەند زاهیر و کۆڕاڵ ماوەکەیان 35 خولەکە، داستانی قەڵای دمدم لە هۆنراوەی خالید جوتیار و وتنی لاوین قادر و پۆڵا ئیسماعیل و کۆڕاڵ ماوەکەی 42 خولەکە، وەرزی سەهۆڵبەندان سێوەخانێ لە هۆنراوەی ڕەفیق سابیر و بەشی یەکەمی بڵاوکراوەتەوە و ساڵی 1993 بایز مستەفا وتوویەتی و ساڵی 1995 ماهیر حەمەدەمین وتوویەتی- بەشی دووەمی بە هەردوو بەشەکە 19 خولەکە، بانگ لە هۆنراوەی شێرکۆ بێکەس و وتنی هاوتا ئەسعەد کاتەکەی 17 خولەکە، سەحەر لە هۆنراوەی حەسیب قەرەداغی و وتنی هاوتا ئەسعەد کاتەکەی 17 خولەکە. [1]