ئەسعەد خۆشەوی
ئەسعەد خۆشەوی ئاودیش (1918-1977 )، پێشمەرگە و هەڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی دووەمی بارزان (1943-1945) کردووە و یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (1946)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (1961- 1975) و شۆڕشی گوڵان (1976- 1991)،فەرماندەی لەشکری یەکی بادینان بووە.
ژیاننامە
ئەسعەد خۆشەوی ئاودیش ساڵی 1918 لە گوندی سێلکێى سەر بە شاردەێی شێروان مەزنى قەزاى مێرگەسۆری پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە، لەبەر خراپی بارودۆخی ناوچەکە و نەبوونی قوتابخانە خوێندنی تەواو نەکردووە، ساڵی 1932 لە چوارچێوەی شۆڕشی یەکەمی بارزان (1932- 1933) لەگەڵ بنەماڵەکەی لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی عێراق گواستراونەتەوە شارەکانی تەلەعفەر لە نزیک شاری مووسڵ، فەلوجه، هیت، ڕومادی، ساڵی 1932 سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووه بەڵام لەبەر ئەوەی تەمەنی لە خوار هەژدە ساڵ بووه، سزاکەی جێبەجێ نەکراوە، ساڵی 1936 دوای ئەوەی دوو برای بەناوەکانی خەلیل خۆشەوی و سەلیم خۆشەوی شەهیدکراون، لە گرتووخانەی مووسڵ ئازاد کراوە و لەگەڵ بنەماڵەکەی گەڕاوەتەوە بۆ گوندی سێلکێ. دوای ماوەیەک و بۆ جاری دووەم دوور دەخرێنەوە بۆ ئاکرێ لە گوندی بیرەکەپرا، لەسەر ڕاسپاردەى شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفا چووەتە لای شەوکەت ئاغای بیرەکەپری بۆ ئەوەی وەزیفەیەکی حکومی وەربگرێت و بە پێشنیازی شەوکەت ئاغا دەبێتە بەرپرسی پۆلیسی بیرەکەپرا. دوو جار هاوسەرگیری کردووە، جاری یەکەم لەگەڵ ئەسما نەبی کە یەک کوڕ و دوو کچیان هەبووە بە ناوەکانی سەلیم، کەعبەت، معتەبەر و جاری دووەم لەگەڵ ئاسیا بەهرام نوری بەگ کە کوڕێکیان هەبووە بە ناوی محەمەد.
خەباتنامە
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان (1943- 1945) کردووە، لە 15ی تشرینی یەکەمی 1943 بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسی بیرەکەپرای کردووە و لە گرتنی بنکەکانی پۆلیسی ناوچەی بارزان بەشدار بووە. ساڵی 1945 بەرپرسی گەمارۆدانی سەربازگەی بلێ و دابینکردنی ئازوقەی بەرەی ئاکرێ بووە.
بەهۆی بەشداری لە شۆڕشی دووەمی بارزان لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفی سەربازی عێراق دەست بە سەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
11ی تشرینی یەکەمی 1945 لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، ڕوودەکاتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە ناوچەی تەرگەوەڕ نیشتەجێ دەبێت، لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی عورفی سەربازی لە هەولێر بە ژمارە 98 کە لە 1ی کانوونی یەکەمی 1945 دەرچووە، بە پشت بەستن بە مادەی 11 ژمارە 18ی ساڵی 1935 فەرمانی لە سێدارەدان و زەوتکردنی موڵک و ماڵی گشتی بۆ دەرچووه، لە 31ی ئاداری 1946 لە ڕیزەکانی هێزی بارزان سەر بە سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان خزمەتی پێشمەرگایەتی کردووە و لە شەڕەکانی بەرەی سەقز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەشداربووە، ساڵی 1946 لەلایەن جەنەراڵ مستەفا بارزانی پلەی عەقیدی پێبەخشراوە، دوای نسکۆی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە ساڵی 1947 بەرپرسی بەرەی بەرگری مەرگەوەڕ بووە، لە 15ی نیسانی 1947 دوای بڕیاری گەڕانەوە لەگەڵ هێزی جەنەراڵ مستەفا بارزانی لە ڕووباری گادەر پەڕیوەتەوە و گەڕاوەتەوە کوردستانی عێراق و لەوکاتەدا هێزەکە دابەشی پێنج بەش دەکرێت و ناوبراو دەبێتە بەرپرسی یەکێک لەو بەشانە، لە 6ی ئایاری 1947 بەشداری کۆبوونەوەی گوندی ئەرگۆشی کردووە.
لە 23ی ئایاری 1947 یاوەرى بارزانى بووە بەره و یەکێتی سۆڤیەت، لە 28ی ئایاری 1947 لەسەر داوای میرحاج ئەحمەد بەشداری کۆبوونەوەی داڕشتنی بەرنامەی ڕێڕەوەکەى کردووە لە گوندی جیرمێ، لە 9-11ی حوزەیرانی 1947 بەشداری شەڕەکانی گەلی قتور و پردی ماکۆى لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێودەوڵەتی ئێران و یەکێتی سۆڤیەت پەڕیوەتەوە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت. لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەر ئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆ وەکو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا. دواتر لەسەر بڕیاری یەکێتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران.
لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ ئۆردوگای باکۆ لە کۆماری ئازەربایجان و لە 22ی کانوونی یەکەمی 1947 بووە فەرماندەی فەوج و لە 23ی هەمان ساڵدا جلی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێکراوە. ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە سەر دەستی هەندێک لە هەڤاڵەکانیان زمانی کوردییان پێدەگوترایەوه.
لە 29ی ئابی 1948 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە کۆماری ئازەربایجانەوە گواستراونەتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش بەردەوامییان بە مەشقی سەربازی داوە، مانگی ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە فڕۆکە گواسترایەوە بۆ دورگەی مونیاک لە ناوەڕاستی گۆلی ئۆڕاڵ و له ناو کارگەی ماسی ڕۆژانە هەشت کاتژمێر کاری کردووە. مانگی تشرینی دووەمی 1951 ناوبراو دەگەڕێتەوە بۆ ڤریڤیسکی، ساڵی 1954 لەگەڵ مەلا مستەفا بارزانی لە تاشکەند چوو بۆ موسکۆ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشیەکەی.
لە 21ی ئابی 1958 یاوەری مستەفا بارزانی بووە بۆ ڕۆمانیا، چیکوسلۆڤاکیا و دواتر قاهیرەی پایتەختی میسر و لە 6ی تشرینی یەکەمی 1958 لە فڕۆکەخانەی سەربازی موسەننا گەیشتوونەتە بەغدا، دواتر لەسەر فەرمانی مستەفا بارزانی گەڕاوەتەوە یەکێتی سۆڤیەت بۆ ئەوەی هەڤاڵانی مستەفا بارزانی ئاگادار بکاتەوه بگەڕێنەوە باشووری کوردستان، لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسرە لە باشووری کۆماری عێراق گەڕاوەتەوە باشووری کوردستان، له دوای گەڕانەوەی لە یەکێتی سۆڤیەت لەلایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری عێراق بەر لێبوردنی گشتی کەوت و بە پشتبەستن بە مادەی دەیەمی بڕگە 1 بابەتی 73 کە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران بە پشتبەستن بە یاساى هەموارکراوی ژمارە 19ی ساڵی 1959 لە ڕێکەوتی 25ی شوباتی 1959 بۆ خۆی و هەڤاڵانی دەرچووە.
لە 11ی ئەیلوولی 1961 بەشداری شۆڕشی ئەیلوولی کردووە، لە 21ی تشرینی یەکەمی 1961 یارمەتیدەری شەخسی مستەفا بارزانی بووە لە ناوچەی نێروە، دواتر کرا بە پاسەوانی تایبەتی مەلا مستەفا بارزانی، لە 12ی شوباتی 1962 لەسەر بڕیاری مەلا مستەفا بارزانی دەکرێتە فەرماندەی لەشکری بادینان، ساڵی 1962 بنکەیەکی بێتەل لە ناوچەی بەرواری باڵا لە ژێر فەرمانی ئەو بووە، لە 16ی ئایاری 1963 بەشداری کۆبوونەوەی کۆیەى کردووە بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانى کە لەسەر چۆنیەتی ڕێککەوتن لەسەر مافی نەتەوەی کورد بوو. ساڵی 1963 کرایە فەرماندەی ناوچەی ئامێدی (دهۆک)، ساڵی 1964 فەرماندەی لەشکری یەکی بادینان بووە، لە 13ی ئاداری 1974 کرا بە فەرماندەی لەشکری یەک کە بارەگاکەی لە زێوە بوو و بەشداری شەڕی گەرووی عومەر ئاغای کردووە.
ساڵی 1975 دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول وەک پەنابەر ڕوودەکاتە وڵاتی ئێران و لە شاری کەرەج نیشتەجێ دەبێت، ساڵی 1976 لەسەر فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی هاوکاری ئیدریس بارزانى و مەسعود بارزانی کردووە بۆ ڕێکخستنەوەی مەفرەزەکانی پێشمەرگە بۆ دەستپێکردنى شۆڕشی گوڵان و چەندین مەفرەزەی پێشمەرگەی لەناو پەنابەرە ئاوارەکان پێکهێناوه، بە یارمەتی کوردانی ڕۆژهەڵات، باکوور و ڕۆژئاوا ڕەوانەی باشووری کوردستان کراون، لە 31ی ئایاری 1977 بە هۆی نەخۆشی لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری تاران کۆچی دوایی کردووە و له 1ی حوزەیرانی 1977 لە گۆڕستانی شاری شنۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەخاک سپێردراوە.
سەرچاوەکان:
1- چاوپێکەوتنی گۆڤاری مەتین، هەڤچەپەرێ بارزانیێ نەمر عەزیز قازی بیرهاتنێت خوڤە دگێریت، پشکا ئێکێ، گۆڤاری مەتین، لقێ ئێکێ پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو، هەژمار 47، خولا سیێ، دهۆک، چاپخانا هاوار، کانوینا ئێکێ 1995.
2- چاوپێکەوتنی گۆڤاری مەتین، هەڤچەپەرێ بارزانیێ نەمر عەزیز قازی بیرهاتنێت خوڤە دگێریت، پشکا دویێ، گۆڤاری مەتین، لقێ ئێکێ پارتی دیموکراتی کوردستان - یەکگرتوو، هەژمار 48، خولا سیێ، دهۆک، چاپخانا هاوار، کانوینا دووێ 1996.
3- حامید گەوهەری، میدالیای بارزانی بەرزترین خەڵاتی ڕێزلێنان، بەرگی یەکەم، (هەولێر - چاپخانەی حاجی هاشم - 2015ز).
4- دانا ئادامز شمیدت، سەفەرێک بۆ ناو پیاوە ئازاکانی کوردستان، وەرگێڕانی ئەبوبەکر ساڵح ئیسماعیل، (دهۆک - دەزگای توێژینەوە و بڵاوکردنەوەی موکریانی - چاپخانەی خانی - 2008ز).
5- زرار سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، بیرەوەریەکانم لە ساڵانی 1943-1977دا، (سلێمانی - چاپخانەی رەهەند - 2002).
6- شەعبان عەلی شەعبان، هەندێک زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیەم، (هەولێر - چاپخانەی رۆژهەلات - 2013).
7- شەفیق حسێن شەتونسی، چاڤپێکەفتنەک دگەل پێشمەرگێ شۆڕەشا ئەیلونا مەزن (محەمەد یەحیا حەسەن بەرواری)، گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە، ئۆرگانی مەکتەبی گشتی رێکخستنی پێشمەرگە، ژمارە 142، هەولێر، چاپخانەی ئاراس، کانوونی دووەمی 2010.
8- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هەولێر - چاپخانەی وزارت آموزش و پرورش - 2002).
9- عەلی تاهیر خورکی لدور ساڵڤەگەرا 32 ساڵیا شۆڕەشا 26ی گوڵانا نیشتیمانی و پێشکەفتنخواز، گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە، ئۆرگانی مەکتەبی گشتی رۆشنبیری و راگەیاندنی پێشمەرگە، ژمارە 122، پیرمام، چاپخانەی رۆشنبیری، ئایاری 2008.
10 عەلی کەمال کەریم بەرزی، کەسایەتی ناودارانی کورد سەدەی بیستەم، بەرگی یەکەم، (هەولێر - بڵاوکراوەی پرۆژەی بەرزی - چاپخانەی زانکۆ - 1999).
11- ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان. [1]
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!