#کاروان عومەر کاکەسوور#
ڕۆژێکیان لە قەڵات دەهاتە خوارێ و زۆر ماندوو بوو، بەوەی بە درێژاییی ڕۆژ لە کچەکەی گەڕابوو، ڕێی کەوتە ئەو کازینۆیە... سەرەتا چەند جارێک گوتی:
_ ئای گوڵباران، گوڵباران...!! ئای گوڵباران، گوڵباران...!!
دەمودەست (یەڵدا)ی شاگرد لە بەردەمی قوت بووەوە و بە گوێچکەیدا چپاند:
_ لێرە گۆرانی قەدەغەیە، بە تایبەتی گۆرانیی گەوران، بۆیە دەبێت بێدەنگ بیت.
سەری هەڵبڕی و پێی گوت:
_ گۆرانی ناڵێم، ڕۆڵە... کچەکەم ناوی گوڵبارانە و ون بووە.
ئەگەرچی (یەڵدا) دەیویست دەمکوتی بکات، بەڵام لەوە دەچوو ئەو هەواڵەی بە لاوە سەیر بێت، یان ڕەنگە ناوی (گوڵباران) سەرنجی ڕاکێشا بێت، بۆیە بە چپە لێی پرسی:
_ تەمەنی چەندە...؟
_ گەورەیە... بیست ساڵە.
_ نابێت باسی هیچ شتێکی گەورەیی بکەیت... ئەمە کازینۆی منداڵانە.
ئەوسا گوتی:
_ هێندە نابێت منداڵێکیشم مردووە... نابێت باسی ئەویش بکەم...؟!
_ نا، نابێت... ئەمەیش هەر بە گەورەیی ڕووی داوە.
لەو کووپەیەی لای سەرووی کازینۆکەی ڕوانی، کە تک تک دڵۆپەئاوی سازگاری لێ دەتکایە ناو قاپەکەی ژێری... گریان قوڕگی گرت و گوتی:
_ ئاخر تایەکی گەرمی لێ هاتووە و دوای چەند ڕۆژێک لە ناوەڕاستی حەوشە مردووە... بۆم دەرکەوتووە تینووێتی زۆری بۆ هێناوە و هاتووە لەوێ ئاو بخواتەوە، بەڵام دەستی نەکەوتووە و خنکاوە... ئێ هەر وا نییە...؟! مرۆڤ کاتێ تای گەرمی لێ دێت، تینووی نابێت...؟! دەم و قوڕگی وشک نابن...؟! ئەرێ چاوەڕێ ناکات یەکێ دەستێک بە پشتیەوە بگرێت، تاکو نەکەوێت و بە دەستەکەی تری ئاوی ساردی بداتێ...؟!
_ لە بیر خۆتی ببەرەوە...!! ئەگەر خوشکێک یان برایەکت بە منداڵی مردووە، دەتوانیت باسیان بکەیت.
_ من خوشکوبرام هەر نەبووە... تاقانەم، تاقانە..!! با، برایەکم هەیە، بەڵام ئەویش......