کزەڵ نازناوی شێعری کەڵە مەڵای کورد مامۆستا مەلا مەحموودی مۆریاسی کوڕی قادرکوڕی ئەحمەد مۆریاسی یە ، کە ساڵی 1927 لە دایک بووە. دووای مردنی باوکی ، لە لایەن دایکییەوە دەخرێتە بەر خوێندنی شەرعی لە حوجرە ، بەو ئاواتەی ببێتە یەکێک لە مەلا باشەکان و خزمەتی دین و ژینی کورد بکات. بۆ خوێندنی شەرعی زۆر ناوچەی کوردستان گەڕاوە و لە زانایانی دەور و بەری کەرکووک و دەشتی دزایەتی و بەری کۆیە و خۆشناوەتی و سلێمانی و بەرزەنجە بەهرەمەند بووە و خوێندوویەتی و زانستی زیاتری لێوەرگرتوون و لێیانەوە فێر بووە ، تا سەرئەنجام لە ساڵی 1952 مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە و ماوەیەک لە بەرزەنجە بووە و پاشان بۆتە مەلای مۆریاس و دوواتریش مەلای مایاوا و لە خزمەتی دین و ژینی میلەتەکەی بەردەوام بووە تا مردنی لە شاری سلێمانی.مەلا مەحموودی مۆریاسی خەرمانێک دانراووی لە دوای خۆی بۆ بەجێهێشتووین ، لە خوای گەورە داواکارین لە مامۆستامان خۆشبێت و پاداشتی ئەم هەموو دانرا و خزمەتەی بداتەوە و تەمەن و توانای ئەوەش بە ئێمە ببەخشێت کە کاربکەین بۆ چاپ کردن و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکانی .
کزەڵ لە دووای خۆیئەم کتێبانەی بۆ بەجێهێشتووین :
یەک یۆگا هەمیشە لاووی.
دوو یۆگاچارەیە و شیفا.
سێ یۆگا چاوگی بەختیاری.
چوار ڕزگاری لە مەرگی دەستکرد.
پێنج بەختنامە.
شەش پزیشکی گەورە.
حەوت هەڵبژاردە تایبەتییەکان.
هەشت هەمەجۆر.
نۆ دە بەرگ ڕۆوک ناسی.
دە چوار وتار بۆ مێژوو.
یانزە حەمە چەکوش زیندە بە چاڵکرا.
دووانزە زەردەشت پێغەمبەر.
سیانزە بەردە قارەمان [ شێخ مەحموود کوێخا عەزیز ] .
چواردە مستەفا خۆشناوو.
مەرحومی مەلا مەحموودی مۆریاسی بۆ ماوەی دە ساڵ ئەندامی یەکێتی نووسەرانیش بوو. لە مەلا باش و خوێندەوارەکانی کورد بوو. جێگەی ئامەژەیە کە هێندەی چاووم بە بەرهەمەکانی مەلا مەحموودی مۆریاسی کزەڵ دا خشاندووە و لێی تێگەیشتووم ، کەسێک بووە دژی خورافات و ئەفسانە گەری و بە پیرۆز کردنی مرۆڤ و جیاکردنەوەی مرۆ و پلە بەندی بۆیان. لە زۆر بەی بەرهەمەکانی دا لێدان لەو کارە خراپ و دزێووانە بەرچاوە.بەتایبەتی لەم دیووانە شێعرەی و کەشکۆڵەکەیدا. ئەم دیوانە لە ساڵی 2008ز و لە لایەن بەڕێوەبەرێتی چاپ و بڵاوکردنەوەی سلێمانی و بە تیراژی پێنج سەد دانە و لە دوو توێی 244 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. کە بەڕێز جەبارسابیر نەخشەسازی بەرگی دیوانەکەی ئەنجامداوە و بەڕێز مەهدی ئەحمەدیش نەخشە سازی ناوەوە و ، سەرپەرشتیاری چاپیش بەڕێز کەنعان خەلیل ە،جێگەی ئاماژە کە مەرحومی مەلا مەحموود کاتی خۆی دانەیەکی لەم دیوانە بە دیاری بۆ ناردووم لەگەڵ دوو کتێبی تریدا. بەڵام بە داخەوە چاپی دیوانەکە باش نییە و بە وردی هەڵە بڕی نەکراوە و تێکەڵ و پێکەڵی تێدایە و ، هەڵە و پەڵەی زۆر تێپەڕیووە و ، هیچ پەڕاوێز و شیکردنەوەیەکیش نابینرێت. بەو هیوایەی لە داهاتوودا بتوانین دووای پەڕاوێز نووسی و شیکردنەوە و ڕاڤەی شێعرەکان و دانانی فەرهەنگۆک دیوانەکە چاپبکەینەوە.
هێمن مەلا کەریم بەرزەنجی
[1]