سەرەتای خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی 17ی شوباتی 2011، خۆپیشاندانێکی ئاسایی بەمەبەستی پشتگیریکردنی سەرکەوتنی شۆڕشو ڕاپەرینە جەماوەرییەکەی تونسو میسر لەلایەن تۆڕی بەرگری لەمافو ئازادییەکانی خەڵک سازکرا، بەڵام ماوەی 62 ڕۆژی خایاندو ڕۆژانە جەماوەری ناڕازیی لەدوای نیوەڕۆوە تا ئێوارەیەکی درەنگ وەخت لەبەردەرکی سەرای #سلێمانی# دەمانەوە.
تۆڕی بەرگری لەمافو ئازادییەکانی خەڵک لەسلێمانی لە14ی شوباتی 2011 لەئاگاداری نامەیەکدا دانیشتوانی سلێمانی ئاگادار کردەوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانێک لە17ی شوباتدا، بەمەبەستی دەربڕینی پشتیوانی بۆ گەلی تونسو میسر، دوای سەرکەوتنی شۆرشەکەیان بۆ ڕوخاندنی سیستەمی دیکتاتۆری وڵاتەکانیان.
ژمارەیەکی بەرچاو لەگەنجانی سلێمانی بەپیر بانگەوازەکەی تۆڕی بەرگری لەمافو ئازادییەکانی خەڵک چونو کاتژمێر دوی پاشنیوەرۆی 17ی شوبات، لەبەردەرکی سەرای سلێمانی خۆپیشاندانێکی بەرفراوان بەرێوەچو. دواتر ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکە بەوتنەوەی دروشمی چوڵیکەن ئەو کورسیە میللەت هەمووی برسییە، بۆ بەردەم لقی 4ی #پارتی دیموکراتی کوردستان# گۆڕاو بارەگای لقەکە لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە بەردبارانکرا، لەبەرامبەریشدا چەکدارەکانی ئەو لقە بەتەقەکردن وەڵامیان دایەوەو بەو هۆیەشەوە مێرمدناڵێکی 13 ساڵ بەناوی ڕێژوان عەلی، گیانی لەدەستداو ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربون.
ئێوارەی هەمان ڕۆژ ژمارەیەک گەنج بینای پارێزگاو قایمقامیەتی سلێمانییان بەردبارانکردو پەنجەرەکانیان شکاند. دواتر پاریزگای سلێمانی قەدەغەی هاتوچۆی لەشاری سلێمانی لەکاتژمێر 7ی ئێوارەوە تا 7 بەیانی ڕاگەیاند.
ئێوارەی 17 شوبات #نەوشیروان مستەفا#، ڕێخەری گشتی بزوتنەوەی گۆران خۆپیشاندەران بەگێرەشێوێن ناودەبات.
رۆژنامەی هاوڵاتی کە نوسینگەکەی نزیکبو لەبارەگای لقی 4ی پارتی، بەهۆی نەبونی ئەمنیەت بارەگاکەی چۆڵکرد.
هەمان شەوی ڕوداوەکە مەکۆکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە#هەولێر#و #سۆران#و #دهۆک# سوتێنران.
18ی شوبات، پارتی دیموکراتی کوردستان هێزێکی گەورەی سەربازی بەرەو شاری سلێمانی جوڵاند، بەپاساوی پاراستنی بارەگاکانی لەسنوری پارێزگای سلێمانی.
هەمان ڕۆژ جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، #نێچیرڤان بارزانی# داوا لەحکومەتی هەرێم کرد لێکۆڵینەوە لەو ڕوداوە بکات.
پاش 17ی شوباتو ماوەی چەند هەفتەیەکو سەرەرای هێوربونەوەی بارودۆخی سلێمانی، لەلایەن هێزێکی سەربازی تایبەتەوە پارێزگاری لەلقی 4ی پارتی دەکرا.
وەک هاوخەمیەک بۆ سوتاندنی بارەگاکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەهەولێرو دهۆکو بەمەبەستی پاراستنی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەکە لەهێرشی سەربازی، 18ی شوبات جەماوەرێکی زۆر لەبەردەم مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان لەسلێمانی کۆبونەوەو قەڵغانێکی مرۆییان دروستکرد.
لەرۆژی 19ی شوباتەوەو خۆپیشاندانی جەماوەری لەبەردەرکی سەراو شەقامەکانی دەوروبەری بەشێوەیەکی بەرفراوان دەستیپێکردەوە. هەمان ڕۆژ فاروق ڕەفیق نوسەرو لێکۆڵەر چووە ڕیزی خۆپیشاندەرانو پشتگیری خۆی بۆ دەربڕبن. لەو ڕۆژەشەوە خۆپیشاندانەکان بۆ ماوەی 62 ڕۆژ لەبەردەرکی سەرا بەردەوام بو. ناوی بەردەرکی سەراشیان گۆری بۆ مەیدانی ئازادیو سەرایی ئازادی.
هەر لەو ڕۆژەدا خوێندکارانی زانکۆی سلێمانی بەرامبەر هێرشەکانی لقی 4ی پارتی بەرامبەر خۆپیشاندەران خۆپیشاندانو گردبونەوەیان لەحەوشەی زانکۆ ڕاگەیاند.
بەرەبەیانی 20ی شوبات لەلایەن هێزێکی ئەمنی نەناسراوەوە هێرشکرایە سەر کەناڵی نالیاو سوتێنرا.
لەو ماوەیەشدا چەندینجارو بەشێوازە جیاجیا هێرشکرایە سەر خۆپیشاندەران وەک سوتاندی خێوەتی مانەوەی خۆپیشاندەران، تەقاندنی بۆمب لەنێو خۆپیشاندەران، ئەنجامدانی هێرشی هێزە ئەمنییەکان، ڕاوەدونانو دەستگیرکردنی ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکانو...هتد.[1]