نووسەر، وەڕگێر، لێکۆڵەر، ڕۆژنامەوان و مامۆستای زانکۆ؛ دکتۆر محەمەد ساڵح ئیبراهیمی ناسراو بە شەپۆل ساڵی 1312ی هەتاوی (1933) لە بنەماڵەیەکی زانا و نیشتمانپەروەر لە شاری #مەهاباد# لەدایکبووە.
شەپۆل، کوڕی مەلا ئیبراهیم، کوڕی عارفی ڕەبانی حاجی خەلیفە مەلا محەمەد بوو کە بە زانایەکی پسپۆڕ لە کاتی خۆی لەنێو خەڵکدا ناوبانگی هەبوو.
شەپۆل لە سەردەمی منداڵیدا بە داب و نەریتی کۆن، پەڕتووکە سەرەتایەکانی وەک قورئانی پیرۆز لای باوکی فێر بوو و پاشان لە حوجرە، لای مەلایانی زانا علوومی قەدیمیی دینی تەواوکرد و پاشان هەر لە مەهاباد لای حاجی مەلا حسێن مەجدی درێژەی بە خوێندن و توێژینەوە دا.
دوای تێپەڕکردنی ئەم قۆناغانە ئیجازەی وانەوتنەوەی وەرگرتووە و لە ساڵی 1335ی هەتاوی (1956) بووەتە خەتیب و پێشنوێژی خانقای نەهری و لە هەمانکاتدا بووەتە مودەریس لە مزگەوتی سوور.
شەپۆل وەک تەواوی کاتەکانی ژیانی تێنوی فێر بوون بوو و ئەمەش بوو بەهۆی ئەوەی کە شاری مەهاباد و وانەوتنەوە لە مزگەوت جێ بهێڵێ و بۆ تاران کۆچ بکات و لەوێ درێژە بە خوێندن بدات. شەپۆل لە زانکۆی تاران درێژەی بە خوێندن دا و قۆناغی دکتۆرا و باڵا دکتۆرای لەم زانکۆیەدا تەواوکرد و پاشان بوو بە مامۆستای علومی قەزایی زانکۆی تاران.
مامۆستا شەپۆل ساڵی 1343ی هەتاوی (1964) هاوکاری لەگەڵ ڕادیۆی کوردی تاران دەست پێ کرد و چەندین وتار و نووسراوەی لە بابەت کلتوور و زمانی کوردی پێشکێشی کۆمەڵگەی کوردی کرد و تا ساڵی 1391ی هەتاوی لە ڕادیۆ کوردی تاران بەردەوام بوو.
شەپۆل جگە لە هاوکاری ڕادیۆ تاران بۆ پەرەدان بە کولتوور و خزمەت بە زمانی کوردی لە ساڵی 1347ی هەتاوی (1968) بە هاوکاریی مامۆستا جەمیل ڕۆژبەیانی و محەمەد سادقی موفتی زادە و مامۆستا سوارە ئیلخانی زادە و چەند کەسی دی کانوونی زمانی کوردیان لە تاران دامەزراند.
شەپۆل وەک ئاواتێک بۆ دەرخستنی گۆڤارێک بە زمانی زگماک توانی دوای هەوراز و نەشێوێکی زۆر گۆڤاری گرشەی کوردستان دامەزرێنێ و لە 9 مانگدا 9 ژمارەی ئەم گۆڤارەی بڵاو کردەوە.
شەپۆل 35 بەرهەمی لە چاپ دراوی هەیە کە هەر یەک لەم بەرهەمانە گەنجینەیەکی تایبەتن بۆ دەوڵەمەندیی هەرچی زیاتری پەڕتووکخانەی کوردی.
چەند بەرهەمی شەپۆل کە دەبێ ئاماژەیان پێ بکرێت بریتینن لە: وەڕگێرانی قورئانی پیرۆز بە زمانی کوردی، ڕاپەڕینی ژەنڕاڵ #مستەفا بارزانی# ڕابەری کەبیری کورد، گەنجینەی فەرهەنگ و زانست، زانایانی کورد، کۆبانی، باوی کۆمەڵایەتی، ژنانی کورد لە مێژوودا.
شەپۆل بە بۆنەی خزمەت و شارەزایی لە ئەدەبیاتی کورد بو بە سەرۆکی ئەنجوومەنی زمان و فەرهەنگی کوردی، هەروەها چەندین خەڵاتی شانازیی لە کۆڕە ئەدەبییەکان پێشکەشی کرا کە یەکە لە هەرە خەڵاتە گرینگەکان خەڵاتی ساڵیادی شەهیدانی #هەڵەبجە#بوو، هەروەها مەدالیای شانازیی دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی بەدرخانی بەرەو ئازادیی ڕۆژنامەنیگاری کوردستان بە ناوی خەڵاتی نووسەر، لێکۆڵەر و وەڕگێر بۆ خزمەتەکانی پێ بەخشرا.
شەپۆل ڕۆژی 5ی جۆزەردانی 1397ی هەتاوی #26-05-2018# دوای ماوەیەکی کوورت ململانێ لەگەڵ نەخۆشی لە تاران کۆچی دوایی کرد. [1]