بەپێی ئامارێکی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سلێمانی، لەماوەی دو مانگی ڕابردودا حەوت کرێکار گیانیان لەدەستداوه، سەندیکای ناوبراویش داوای ئەنجامدانی کۆبونەوەی بەپەلەی پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ دەرکردنی بریاری تایبەت بەپاراستنی سەلامەتی پیشەیی کرێکاران.
زریان محەمەد، سلێمانی: لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمرۆ، شەممە، بەرێوەچو، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکارانی بیناسازی سلێمانی، عوسمان حەمە سەعید، ڕایگەیاند، وێڕای ئەرکو ماندوبونێکی زۆر تائێستا کرێکاران بێبەشن لەزۆربەی مافە یاساییو کۆمەڵایەتییەکانیانەوە. ناوبراو وتیشی، سەرباری ئەوەش کرێکاران ڕۆژانە ڕوبەروی ڕوداوی کار دەبنەوە لەناوەندەکانی کارکرندا، بەجۆرێک تەنها لەدو مانگی ڕابردودا لەسنوری پارێزگای سلێمانی حەوت کرێکار گیانیان لەدەستداوه.
ئەنجامدانی کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکە پاش ئەوە هات کە دوێنێ، هەینی، لەکاتی کارکردندا لەپرۆژەی شاری دایک لەبناری گۆیژەی شاری سلێمانی لەئەنجامی کەوتنی کرێنێک، سێ کرێکار گیانیان لەدەستداو کرێکارێکی دیکەش برینداربوو.
لەیاداشتێکیشدا کە ئاراستەی حکومەتو پەرلەمانی کوردستانی کردووە، سەرۆکی لقی سلێمانی سەندیکای کرێکاران داوا دەکات "حکومەتی هەرێم کاری جدی بکات بۆ دەرکردنی ئەو پەیرەوەی کە لەهەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینو بیمەی کۆمەڵایەتی ژمارە 39ی ساڵی 1977و مادەی 9و 10ە یاساکە داهاتووە، چونکە ڕۆژانە کرێکارانی بیناسازی توشی کارەساتی مردنو کەمئەندامبون دەبنەوەو هیچ خانەنشینییەک نایانگرێتەوە.
هاوکات سەندیکای کرێکارانی بیناسازی داوا لەپەرلەمانی کوردستانیش دەکات کۆبونەوەیەکی بەپەلە سازبکات لەبارەی ئەو ڕوداوانەی ڕۆژانە لەکوردستان دوبارە دەبنەوەو کرێکاران تێیدا دەبنە قوربانی، بەمەبەستی دەرکردنی بریارو ڕاسپاردەی تایبەت بەسەلامەتیپیشەییو تەندروستی بۆ کرێکاران.
- 09-03-2013