لە ڕەفتارێکی زەقدا پرۆژە یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ لەلایەن دەوڵەتی یاسا بە سەرکردایەتی مالکی تێپەڕێنرا و بە داخەوە هاوپەیمانیی نیشتمانییش بەهەمان ئاراستەدا هەنگاوی نا، کە ڕەفتارێکی لەم چەشنە لە لایەنەکانی نێو ئەو هاوپەیمانێتییە چاوەڕوان نەکراو بوو، ئەمەش یەکڕیزیی نیشتمانیی عێراقی ناچار بە دابەشبوون کرد و دەسەڵاتی سیاسی و سەرکردایەتیکردنی دەوڵەت زۆر بە ئاشکرا تاکڕەویی بەسەردا سەپێنرا، کار گەیشتە ئەوەی تەنانەت ڕەچاوی دید و پێگەی پێکهاتەیەکی سەرەکییش نەکرێ، کە وا پێویستی دەکرد وەک هاوبەشێکی دامەزرێنەری پرۆسەی سیاسی و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی دەوڵەت و نەتەوەیەکی سەرەکی وبڕیاردەر لە دەستنیشانکردنی ئاراستەی وڵات وەک لە دیباجەی دەستووردا هاتووە حیساب بۆ ڕۆڵ و پێگەی بکرێ؛ هەڵبەت ئیرادەی هێزە هاوبەشەکانی دیکەش ڕەزامەندییان لەمەڕ پرسەکە فەرامۆشکرا و بوونیان لەبەرچاو نەگیرا.
وەرگرتنی ئەم بڕیارە بە شێوەیەکی تاکڕەوانە و پشت بەستن بە دەنگدان بە گوێرەی ژمارە، پێشێلکردنێکی قبووڵنەکراوی دژ بە هەموو ئەو بنەمایانەیە پرۆسەی سیاسی لەسەری وەگەڕخرا، هاوکات دژ بەو ڕێسایەیە دەستووری لەسەر داڕێژرا و پێچەوانەی پێکەوەسازانەکان و گشت ڕێککەوتنەکان و چەمکی پێکەوەسازانی نیشتمانییشە.
پەسەندکردنی بودجە خۆی لەخۆیدا جەوهەری پێشێلکردنەکە نیە کە زۆر ئاست و بوار دەگرێتەوە، بەڵکو دەربڕی زۆر لە ئادگار و دەرکەوتەی دژ بە سیستەمی دیموکراتی و زەوتکردنی ئیرادەی نیشتمانییە کە سازان لە نێوانیاندا کرا بۆ دەربازبوون لە پاشماوەی سیستەمە دیکتاتۆریە یەک لەدوای یەکەکان و هێنانەئارای عێراقێکی دیموکراتی فیدراڵ لەسەر بنەمای شەراکەت و پێکەوەسازان و هاوسەنگیی لە چوارچێوەی ڕێزگرتنی دەستوور.
دەوڵەتی یاسا و سەرۆکەکەی زیادەڕۆیی زۆریان کرد لە خۆدزینەوە لە گشت ئەو پابەندبوونانەی گەرەنتین بۆ بەردەوامیدان بە تەواوکردنی پرۆسەی بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەتی دیموکراتی و پاکتاوکردنی ئەو دەرکەوتە مەترسیدارانەی پێیەوە دیاربوو، بە تایبەتییش لەسەردەمی ویلایەتی دووەمی حکوومەتەکەی مالکی کە تاکڕەویی و خۆسەپاندن و پەراوێزخستن تێیدا ڕەنگی دایەوە و زیادەڕۆیی لێ بەدی کرا لە ڕووی وەرگرتنی ڕێوشوێن و ڕێکاری نادەستووریانە لە گشت بوارەکاندا، هەڵبەت ئەویش بە تەسکردنەوەی مەودای ئازادییە دیموکراتییەکان و گرتنەبەری ڕەفتاری توندوتیژی پۆلیسیانە لە بەرامبەر ناڕەزایی و داواکارییەکانی جەماوەر و بەکارهێنانی سوپا لە ململانێ سیاسییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی جەماوەر و داواکانیان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزاری و ئەنجامدانی چاکسازیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی. هەر بەم ئاراستەیەشدا، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا برەو بە بەرهەمهێنان و وەبەرهێنانی قەیرانەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی شڵەژاندن و ئاڵۆزکاریی دەدات، بەردەوامە لەسەر تەنگەتاوکردنی هاوبەشانی نێو پرۆسەی سیاسی و داتاشینی پاساوی بێ بنەما بە مەبەستی ڕێگرییکردن لەهەر هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەر قەیرانێکی لەپڕ. ئەم دیاردەیەش نیازگەلێکی شاراوە بەدیاردەخات کە بە ئاشکرایی ئاماژە بۆ دۆخی وڵات دەکات کە لە دووڕیانێکدایە و دوور نیە یەکێتییەکەی تووشی پارچەبوون بکات و هەوڵی هێزەکانی لەبەریەک هەڵوەشێنێ و ئیتر لە توانایاندا نەمێنێ دەستکەوتەکانی یەکڕیزیی خۆیان بپارێزن.
ئەو بژاردەیە کە لە چەندین بۆنەدا بە ئاشکرایی خرایەڕوو، دەربڕی ئەو خواستە نابەجێیەیە بۆ هەڵکوتانەسەر سیستەمی دیموکراتی و کۆڵەکە و بنەماکانی و بەزۆر خۆداسەپاندن و گرتنەبەری شێوازێک لە تاکڕەویی کە داتەپین و داڕمان و لەبەریەکهەڵوەشانی زیاتر بەدوای خۆیدا بێنێ.
هێزە کوردستانییەکان کە هەمیشە فاکتەری یەکخستن و پێکەوەسازان بوون، لە هەموو ساتە ناهەموارەکان ئامادە بوون ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببنەوە کە هەڕەشە بوون بۆ سەر عێراق، بەر لە دوو مانگیش هەمان شتیان کرد کە نامەیەکیان ئاراستەی هاوپەیمانیی نیشتمانیی و لایەنەکانی نێو ئەو هاوپەیمانییە کرد، نامەکە چەند دید و بۆچوونێکی لەخۆ گرتبوو بۆ تەندروستبوون و چاکبوونەوەی ژیانی سیاسی و ڕێگانەدان بە هەڵوەشان و ترازانی بنچینەکانی پرۆسەی دیموکراتی، دید و بۆچوونەکانیش تەنیا و تەنیا دەربڕ و بەرجەستەکردنی خواستگەلێکی عێراقیانە بوون و لە سۆنگەی دەستوور و پێکەوەسازانی نیشتمانیی و ڕێککەوتنە مۆرکراوەکان هەڵقوڵابوون. بەڵام بەداخەوە؛ نامەکە ئەو بایەخ و گرنگییە پێویستەی پێ نەدرا.
ئێمە لەوکاتەی کە هەست بە مەترسیی دۆخەکە و لێکەوتەکان و ئەگەرە چاوەڕوانکراوەکان دەکەین، کە بوونەتە هۆی غەڕابوون بۆ بەردەوامیدان بە ڕەوتی تاکڕەویی لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینە، هەڵبەت ئەمەشیان بە گرتنەبەری ئامرازگەلێکی بەدەر لە بنەما دیموکراتییەکان و دژ بە دەستوور؛ عێراق بۆ نێو تەڵەزگەی ڕووبەڕووبوونەوەی تایەفەگەریی پەلکێش دەکات، بۆیە بە ئەرک و لێپرسراوێتی مێژوویی خۆمانی دەزانین ڕوو لە سەرجەم ئەو هێزە نیشتمانیانە بکەین کە پەرۆشی پاراستنی سیستەم و ڕێبازی دیموکراتی و ڕێگریکردنن لە داتەپین و داڕمان، و بە تایبەتیش ڕوو لە هێزەکانی نێو هاوپەیمانیی نیشتمانیی دەکەین کە هەڵوێستێکی ڕاستەوخۆی ڕوون و ڕاشکاوانە دژ بەو سیاسەتە بنوێنێ کە دەیەوێ هەموو دەستکەوتەکان لەبار ببات و کۆتایی بە شەراکەت و پێکەوەسازانی نیشتمانیی بێنێ و هەڵکوتێتە سەر پرۆسەی سیاسی و دیموکراتی لە وڵاتدا.
لەم سۆنگەیەوە؛ ڕایدەگەیەنین کە بانگهێشتی نوێنەرانی هێزە کوردستانییەکانمان لە حکوومەتی فیدراڵ و سەرکردەکانی فراکسیۆنە کوردستانیەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانمان کردووە بۆ ئەوەی وتووێژ و ڕاوێژ لەبارەی گرتنەبەری هەڵوێستێکی گونجاو بکەین هاوتای خواستەکانمان بێ و هاوکات کار لەو پێناوەدا بکەین ڕێگا بە ڕەوتی خۆسەپاندن و بنجداکوتانی سیاسەتی تاکڕەویی و پەراوێزخستن نەدەین. هەر لەو چوارچێوە و ئاراستەیەدا ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوەی فراوان لەگەڵ تێکڕای هێز و لایەن و پێکهاتەکانیشدا بکەین بۆ گەڵاڵەکردنی هەڵوێست و گەیشتن بەو بژاردەیەی عێراقی دیموکراتی بپارێزێ و کۆتایی بە دۆخی تاکڕەویی و سەرکێشی بێنێ.
ئێمە لەو کاتەی بە ناچاری ئەم هەڵوێستە دەگرینەبەر کە هەموو بژاردەکانی لەبەردەمدا کراوەیە، ئەوباڵی هەر ئەگەرێک دەخەینە ئەستۆی دەوڵەتی یاسا و سەرۆکەکەی (مالکی) و هاوکارانیان و لە بەرامبەر هەر پێشهات و هەڵوێستێک ئەوان بە بەرپرس دەزانین.
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
09-03-2013