ساڵی 1943 لە#سلێمانی# لەدایکبووە، مانگێک بەر لەوەی لەدایکببێت باوکی کۆچی دوایی کردووە، ئەرکی پەروەردەکردن و پێگەیاندنی هەریەک لەعەزیزو هەردوو خوشکەکەی بەناوەکانی (نەسرین و نازەنین) کەوتۆتە ئەستۆی خورشیدەخانی دایکی، ئەویش بەڕێگەی دروستی کوردانەو وڵاتپەروەریی، جگەرگۆشەکانی پەروەردە کردووە. شەهید مامۆستا عەزیز خراوەتەبەر خوێندنو قوتابییەکی زیرەک بووە، ساڵی 1968 قۆناغی ئامادەیی لەسلێمانی تەواوکردووەو بۆ درێژەدان بەخوێندن چۆتە زانکۆی بەغداو ساڵی 1972 کۆلێژی ئەدەبیات- بەشی کوردیی بەسەرکەوتوویی تەواوکردووە. تێکەڵاوبوونی بەکاری سیاسییەوە دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ناوەندی لەساڵانی شەست بەدواوە، وەک کوڕە خوێندکارێکی کورد بەشی زۆری ژیانی تەرخانکردووە بۆ کاری سیاسیو کوردایەتی، ساڵی 1963 بۆتە پێشمەرگەی ناوشارو تەتەری گەیاندنی پۆستەکانی شۆڕشی ئەیلول بووە لەناوەوە بۆ دەرەوە، ساڵانی 1968-1972 وەک خوێندکارێکی زانکۆو کادرێکی پێشکەوتوو لەبەغدا کاری حزبیو ڕێکخراوەیی بەوپەڕی پەرۆشیو دڵسۆزییەوە بەئەنجامگەیاندووە، بەشداریی چەندین کۆنفرانسو کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانو پ.د.ک-ی کردووە، پێشەنگو لێپرسراوێکی وریاو بیرتیژو بەهیممەتی خەباتی خوێندکاران بووە، چەند خولێکی کادیریو ڕۆشنبیریی بینیوە.
خاوەن بیری نوێ
ساڵی 1970و لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی–لینینی (رەنجدەرانی کوردستان) پەیوەندیکردووەو وەک ئەندامێکی چالاکو هەڵسوڕاوی ئەو ڕێکخستنە کاریکردووەو سەرپەرشتی یەکێک لەشانە سەرەتاییو نهێنییەکانی لەئەستۆبووە، لەبەغداو سلێمانیو چەند ناوچەیەکی تر لەهەموو کۆڕو دانیشتنەکان موناقەشەی جددیو بیری نوێی هەبووە. بەوپەڕی دڵسۆزییەوە کاری بۆ گەشەکردنو پتەوکردنی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە کردووە، لەنسکۆدا شەهید خەمخۆرێکی گەورەی هەڵسانەوەی شۆڕش بوو، لەڕێگەی کۆمەڵەوە زۆرترین پەیوەندیی بەهاوڕێیانو پێشمەرگەوە کردو هەوڵی زۆریدا بۆئەوەی دژی هەرەس بوەستنەوە. کاتێکیش لەگەڵ خاتوو سەبریەی خۆشەویستی دەچنەژیانی هاوسەرییەوەو ئەو پارەیەی کەدایکیو خوشکەکانی پێش پرۆسەی هاوسەریی لەشارەوە بۆیان ناردبوو، ئەو وەک کۆمەک پێشکەشی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی دەکات، ئەم هەڵوێستەش لەکەسێک دەوەشێتەوە هەموو خۆشییەکانی ژیانی وەلابخات بۆ ڕزگاریی میللەتەکەی.
چۆتە سوریا بۆ لای #مام جەلال#
لەسەر ڕاسپاردەی کۆمەڵەو بەمەبەستی ڕاوێژکردن بە هەڤاڵ مام جەلال بۆ هەڵگیرساندنەوەی شۆڕش، شەهید ساڵی 1976 سەردانی سوریای کردووە. ساڵانی 1976-1977 ماڵی مامۆستا عەزیزو خوشکەکانی بوونەتە بەشێک لەراپەڕاندنی ئەرکەکانی کۆمەڵەو بەجێگەیاندنی ڕێنماییەکانی شەهیدی سەرکردە (کاک ئارام)، جگەلەوەی ماڵەکەی شوێنی حەوانەوەو داڵدەدانی زۆرێک لەسەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوەبوون لەو قۆناغە سەختەکەی میللەتەکەمان لەسلێمانیدا.
پاش چاودێریی مامۆستا لەلایەن ڕژێمەوە ساڵی 1977 پەیوەندیی دەکات بەشۆڕشەوەو دەچێتە #قەندیل#، لەئەنجامی هەوڵو تێکۆشانە بەردەوامەکانی؛ دەبێتە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵە، ساڵی 1978 کراوەتە لێپرسراوی لقی 2ی #کەرکووک#ی ی.ن.کو گوازراوەتەوە بۆ بەری قەرەداغ، هاوشانی کاک ئارامی سەرکردە بەشێکی بەرپرسیارێتی شۆڕشی دەکەوێتەئەستۆو سەرپەرشتی چەند نەبەردییەکی کردووە. هەمان ساڵ بۆ ڕاپەڕاندنی کارێکی شۆڕشگێڕانە، چۆتە سلێمانیو لەبۆسەیەکی پیلان بۆ داڕێژراوداو لەلایەن بەعسەوە دەستگیرکرا. زیندانی موسڵ قۆناغێکی نوێ دەبێتو ڕۆحی بەرەنگاریی لەژووری تەنگو تاریکدا دەستپێدەکات کەجۆرەها ئەشکەنجەی ڕۆحیو جەستەییان لەگەڵدا تاقیکردەوە، کەچی تەنیا وشەیەکی نەدرکاند کەدڵی دوژمنی پێ شادببێتو سوودی لێببینێت، لەکاتێکدا ئەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی هەبوو کەسەرپەرشتی زۆرێک لەهێڵەکانی ڕێکخستنی دەکرد.
بەرەو سێدارە
دوادیداری مامۆستای شەهید دووپاتکردنەوەی نەریتی ئازایانەی ڕۆژانی نێو زیندانی بوو، لەدوا دیداری ئازیزانیدا ڕوودەکاتە دایکو هاوسەرو خوشکەکانیو دەڵێت: بەڕووخساری شپرزەو بەچاوی گریاناوی خواداحافیزیم لێ مەکەن، چونکە من بۆ هەڵبژاردنی جیهانێک ساتەکانی ژیانم بەڕێدەکەم، ژیان بۆ ئێوە نوێدەکەمەوە، تکایە باجەلادەکان دڵخۆش نەبن... من ڕێگایەکم هەڵبژاردووەو بۆ ئامانجێک هەوڵمداوە کەژیانم بۆ کردە قوربانی، گەرچی دایکم جەرگ سووتاو دەبێتو ڕەشپۆشو ماڵوێران دەبن، خوشکەکانم بۆ ئەبەدی بێ برا دەبن، بەڵام هەموو تێکۆشەرێکی ڕاستگۆی ئەم وڵاتە براو پشتیوانی ئێوەیە، بۆیە ئێوە لەمەودوا ڕووسوورو سەربەرز دەژین.
ئازایەتیو بیروباوەڕەکەی وایکردبوو کەمامۆستا عەزیز بێخەم بێت لەمەرگو تەنانەت خەمو ئازار ڕەوێنی هەموو هاوڕێیانیشی بوو لەزیندانو قەسابخانەکەی موسڵ.
بەداخەوە شەوی 24\25-03-1979 لەسێدارەدراو گەیشتە کاروانی نەمران.[1]