هێمن مامەند، ئاوێنەنیوز: بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی ئۆتیزم، فەرەیدون بێوار، ئەمڕۆ، سێشەممە، لە لێدوانێکدا بۆ ئاوێنەنیوز ڕەخنەی توندی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەهۆی بایەخ نەدان بەنەخۆشییەکە.
ئۆتیزم، یان (خود تەنهایی – دابڕانو گۆشەگیری) نەخۆشییەکە لە تەمەنی 2 تا 3 ساڵی لە منداڵدا دەردەکەوێتو تیایدا گەشەی عەقی منداڵ لاوازو هێواش دەبێتو بەمەش لەگەڵ گەشەی عەقلی مرۆڤی ئاسایی جیاواز دەبێت.
لە ساڵی 2007ەوە ڕێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاریدا ساڵانە ڕۆژێک تایبەت بکرێت بەنەخۆشی ئۆتیزمو پاش دەستنیشانکردنی (2 ی نیسان)یش وەک ڕۆژی جیهانی ئۆتیزم لە ساڵی 2008ەوە ئەو یادە لەسەر ئاستی جیهان دەکرێتەوە.
بێوار، وتیشی، لەرووی پەروەردەییەوە هیچ بایەخێک بەتوشبوانی ئۆتیزم نەدراوە بەهۆی نەبوونی پەیمانگاو تەنانەت قوتابخانەی بنەڕەتیش لە شارەکانی کوردستاندا. وتیشی، ئەوەی هەیە تەنها دوو سەنتەرە لە شارەکانی #سلێمانی#و #هەولێر# کە 50 منداڵ زیاتر لەخۆناگرێت لەکاتێکدا کۆی گشتی توشبوانی ئۆتیزم لە هەرێمی کوردستان 650 کەسن.
ئاشکراشیکرد، تا ئەم ساتە هیچ نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەئۆتیزمو پسپۆری تایبەت بەنەخۆشیەکە لە کوردستاندا نییە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کۆمەڵەی ئۆتیزم، هێمای بۆ ئەوەشکرد، توشبوانی نەخۆشیەکە دوو مانگ جارێک بڕی 300 هەزار دینار وەردەگرن کە بڕێکی زۆر کەمە.
سەبارەت بەچاودێرانی نەخۆشیەکە کە بەپێی یاساو ڕێنماییەکان ئەگەر ڕێژەی نەخۆشییەکە 90% بێت ئینجا مووچە بۆ چاودێرەکەی دابین دەکرێت، بێوار، وتی، ئەو یاسایە هەڵەیە، چونکە ئەگەر حاڵەتی نەخۆشیەکە بگاتە 90%و سەروتر پێویستە نەخۆشەکە بەتوندی ببەستیتەوەو بەچوار کەسیش چاودێری ناکرێت نەک یەک کەس.
ئۆتیزم وشەیەکی یۆنانییە واتە دابڕانو گۆشەگیری، بریتییە لە تێکچونێکی ئاڵۆزی گەشە لەئەنجامی تێکچونی فەرمانەکانی مێشکو دەمارو کاریگەری توندی دەبێت لەروی تێکەڵاوبونی کۆمەڵایەتی. ڕێژەی توشبوون نزیکەی (3-4) له 10000 منداڵدایەو لەنێریەندا بەرێژەی 3/1 لەمێینە زیاترە. لەساڵی 1940وە لەوڵاتانی ئەوروپاو ئەمریکا دەستنیشانکراوه.،
تائێستا له 90% ی هۆکارەکانی تووشبونی ئۆتیزم نەزاندراوە، لە 10% شی دەگەرێتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار لەوانە هۆکاری بۆماوەیو پێکهاتەی کیمیایی مێشکو پیسبونی ژینگەو زیادبونی هەندێ مادەی ژەهراوی لەجەستەی منداڵدا.
لە ڕابوردوشدا زانایانی زانکۆی کالیفۆرنیای باشور لێکۆڵینەوەیان لەبارەی کاریگەری پیسی کەشوهەوا لەسەر نەخۆشی ئۆتیزم لە منداڵاندا ئەنجامداوەو بەو ئەنجامە گەیشتون کە پیسی کەشوهەوا دەتوانێت هۆکارێکی توشبون بەم نەخۆشییە بێت.[1]
#02-04-2013#