ئاماری 1 ساڵ پیشێلکاریی مافی ژنان لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن بەشی تایبەتیی ژنان لە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئامادە کراوە و بڵاو دەکرێتەوە کە بەشێوەی ڕاپۆرتی ئاماری دەخرێتە بەر دیدی بەردەنگانی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا.
ئەم ئامارە بەپشت بەستن بە ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ئامادە و بڵاو دەکرێتەوە کە بەهۆی دۆخی ئەمنیەتیی زاڵ بەسەر ناوچە کوردنشینەکانی ئێران و نەبوونی دەنگدانەوە لە میدیاکان، دەکرێ ئاماری ڕاستەقینە لەو ڕێژەیەش زیاتر بێت.
لەم ڕاپۆرتەدا خۆکوشتن و کوژرانی ژنان وەک حاڵەتەکانی پێشێلکاریی ژنان، ئاماژەی پێ دەکرێت.
دەستبەسەر کرانی ژنە چالاکانی کورد لە ناوچە کوردنشنەکانی ئێران
لە ساڵی 1391 سەرجەم 7 ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون.
رێکەوتی 20ی پووشپەڕ ساڵی 1391 ئەدیبە کەلانتەری یەکێک لە چالاکانی خوێندکاری لە شاری ڕونسەر دەستبەسەر و بۆ زیندانی دیزڵ ئابادی #کرماشان# ڕاگوێزرا.
یەکێکی دیکە لە چالاکانی خوێندکاریی شاری ڕوانسەر بەناوی نگین تەیبی لە ڕۆژی قودسدا پاش ئەوەی لەگەڵ هێزە ئەمنیەکان تووشی کێشە هاتبوو، لەلایەن ئەو هیزانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی شاری کرماشنا کرابوو.
هاوکات لەو ڕۆژەدا ژنیکی دیکەش دەستبەسەر کرابوو کە شوناسی نەزانراوە.
لە کۆتایی خەزەڵوەری ئەمساڵدا 3 ژنە چالاکی کوردی خەڵکی ئوستانی خۆراسان بەناوەکانی مەحبووبە خەبووشانی، مینا خەبووسانی و بێهناز ڕەزا زادە لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرابوون.
ئەو 3 ژنە خەڵکی شاری قووچانی سەربە ئوستانی خوراسانی ڕەزەوی و دانێشتووی شاری مەشهەد بوون.
بانگهێشتی ژنانی کورد بۆ دەزگا ئەمنیەتی و قەزاییەکان
لە کۆتایی مانگی پووشپەڕی ساڵی 1391ی هەتاوی، کچێکی بەناوی پەریا. ع خەڵکی کرماشان لەلایەن پۆلیسی ئینتێرنێتی ئەو شارەوە بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.
ناوبراو کە تەمەنی 14 ساڵ بووە، لە وێبلاگی شەخسیی خۆیدا، دۆخی هەنووکەیی کۆمەڵگەی دابوویە بەر ڕەخنە کە لەلایەن ئەو ناوندەوە هەڕەشەی لێکرابوو کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی، لە درێژەدان بە خوێندن بێبەس دەکرێت.
لە ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی 7ی خەزەڵوەر یەکێک لە چاکانی ژنان دانیشتووی مەشهەد بەناوی گوڵێ شادکام بانگهێشتی حیراسەتی ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی مەشهەد کرابوو.
گوڵێ شادکام یەکێک لە چالاکانی ژنانی کوردی خەڵکی ئوستانی خوراسانی باکوورە و لە پێناو پەرە پێدانی کولتوور و ئەدەبی کوردی هەوڵ و خزمەتێکی بەچاوی ئەنجام داوە.
رۆژی 15ی ڕەشەممە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری #مەریوان# کەژاڵ هوژبەری دانێشتووی گوندی بەردەرەشی سەربەو شارە بانگهێشت و وێڕای لێپرسینەوە پێیان ڕاگەیاندبوو کە بە زووترین کات لە هاوسەرەکەی جیا ببێتەوە.
کەژاڵ هوژبەری هاوسەری عەلی دانشە کە بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچاری وڵاتی بەجێهێشتووە.
رۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی 11ی ڕەشەممەی ساڵی 1391ی هەتاوی شیوا گەنجی هاوسەری مادێح نەزەری ڕۆژنامەنووسی کورد، کەبەهۆی زەخت و گوشاری هیزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە وڵاتی ئێرانی بەجێهێشتووە و لە وڵاتی تورکیە گیرساوەتەوە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعات کرابوو و بەتوندی لێپرسینەوەی لێکرابوو.
شیوا گەنجی بەهۆی لێدوان بۆ مێدیاکان لەسەر بارودۆخی هاسەرەکەی لێپرسینەوەی لێکرابوو و هەڕەشەیان لێکردبوو کە لە ئەگەری لێدوان بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، بەرەوڕووی زیندان دەبێتەوە.
لە ناوەڕاست مانگی ڕەشەممەدا، ئازەر تایرئابادی ژنە ڕۆژنامەنووسی خەڵکی شاری کەنگاوەر بانگهێشتی دەفتەری پەیگیریی وەزارەتی ئیتلاعات لە شاری تاران کرابوو.
دەگوترێ ئەو چالاکە فەرهەنگییە بەهۆی بڵاوکردنەوەی وتار و ڕاپۆرت لە حەفتەنامەی غەرب و ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێکرابوو.
دەرکردنی حوکمی دادوەری بۆ چالاکانی ژنانی کورد لە ناوچەر کوردنشینەکانی ئێران
سافیە سادقی تەمەن 23 ساڵ و دانێشتووی شاری #سەڵماس# کە لە بانەمەڕی ساڵی 1389 لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی 29ی جۆزەردانی 1391ی هەتاوی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری #سنە#وە بە تاوانی موحاربە و هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بە 15 ساڵ زیندان حوکم درا.
لە ڕێکەوتی 10ی سەرماوەزی ساڵی ڕابردوو، بەفرین حوجەتی خەڵکی شاری #مەهاباد# بەهۆی ڕٶڵ بینین لە درامایەکدا و بلاوبوونەوەی لە یەکێک لە کەناڵەکانی دەرەوەی وڵات، بەبێ ئامادە بوونی خۆی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە حوکمی 4 ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە.
نابراو بەهۆی زەخت و گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهیشت.
هەروەها لە سەرماوەزی ساڵی ڕابردوودا فاتمە پەرویزی تەمەن 53 ساڵ، لەلایەن یزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە لە شاری کەرەج دەستبەسەر و بەتاوانی بێڕێزی کردن و سووکایەتی کردن بە سەربازانی بێناو و نیشانی ئیمام زەمان بە 6 مانگ زیندانی لە زیندانی نەوشار حوکم درا و هەتا ئێستاش لەو زیندانە ڕاگیراوە.
مردنی ژنان بەهۆی کەمیی دەوا و دەرمان و نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی
لە ساڵی 1391دا و 4 ژنی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەهۆی کمیی دەوا و دەرمان و نبوونی ئیمکاناتی پزیشکی، گیانیان لەدەست داوە.
رێکەوتی 9ی ڕەزبەر ژنێکی کورد بەناوی گەلاوێژ نەقشبەندی تەمەن 32 ساڵ، کچی شێخ جەماڵ (کوڕی شێخ عوسمانی دوڕوو) و خەڵکی شاری #سەوڵاوا# بەهۆی لێدانی دەرزیی هەڵە لە نەخۆشخانەیەکی شاری سنە گیانی لەدەست دا.
هەروەها ڕێکەوتی 19ی سەرماوەز ژنێک بەناوی شیرین خەلقی تەمن 40 ساڵ، پاش 24 کاتژمێر لە دایک بوونی منداڵەکەی، بەهۆی خوێنڕێژیی زۆر و کەمتەرخەمیی گوێ نەدانی پەرەستاران بەو ژنە گیانی لە دەست دا
ئەو ژنە هاوسەری حەبیب حەیرانی و خاوەنی 2 منداڵی دیکەیە و دانیشتووی گوندی بنچەڵێی سەر بە شاری ڕوانسەر ڕاگەیەندراوە.
لەلایەکی دیکەوە ڕێکەوتی 7ی ڕێبەندان ژنێکی دووگیان بەناوی فەرانەک چووپانی خەڵکی شاری سنە، پاش گەیشتن بە نەخۆشخانەی تامین اجتماعیی ئەو شارە بەهۆی پێڕانەگەیشتن و کەمتەرخەمیی پزیشکی لەو نەخۆشخانەیە گیانی لەدەست دا.
ئەو ژنە پاش گەیشتن بە نەخۆشخانە، سەرەتا منداڵەکە لە ناو زگیدا مردووە و پاشان بۆخۆشی لەبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی گیانی لەدەست داوە.
رێکەوتی 23ی ڕیبەندان، شەمسی ڕەشیدی تەمەن 43 ساڵ، کە خاوەنی 4 منداڵ و دانێشتووی گوندی ئەویهەنگ سەربە شاری سنە بووە، کە بەهۆی پەستانی خوێن و نەبوونی پزیشک لەو گوندە، لەکاتی ڕاگواستن بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەست داوە.
ئاماری ئەو ژنانەی کە بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان کوژراون
بەپێی ئاماری تۆمار کراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی ساڵی 1391ی هەتاویدا 14 ژن لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەدەستی کەسوکاری نزیکی خۆیان گیانیان لێ ئەستێندراوە کە لەوم خشتەیەی ژێرەوەدا ئاماژە بە موشخەساتیان دەکرێت[1].
2013-04-03