زریان محەمەد، سلێمانی: جێگری بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی سلێمانی، ئاوات ئەحمەد عەلی، ئەمڕۆ، دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە کەرتی پەلەوەردا 376 پڕۆژەمان هەیە کە لەتوانایدایە بۆ یەک وەجبە زیاتر لە چوار ملیۆن جوجک بەخێوبکاتو 25 پڕۆژەی ئاژەڵداریمان هەیە کە پڕۆژەی بەخێوکردنی مەڕو بزنو گوێرەکەو مانگای شیرە.
وتیشی، 134 پڕۆژەی پەلەوەر درووستکراوە کە 85 دانەیان قەرزیان دراوەتێ بەبڕی 2 ملیارو 104 ملیۆنو 72500 دینارو 49 پڕۆژەیش چاوەڕوانی قەرزن بۆ ئەمساڵ.
ئاوات ئەحمەد، ئاماژەی بەوەشدا، بڕی 450 ملیۆن دراوە بە 140 کێڵگەی پەلەوەری بۆ هاوکاریکردنی کێڵگەکانو تا ئێستا 103 پڕۆژەی پەلەوەری قەرزیان دراوەتێ کەبەبڕی 7 ملیارو 291 ملیۆنو 746، 500 دینار.
لەبارەی پێداویستی گۆشتی سپیو سوور بۆ هاووڵاتییان جێگری بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ وتی، لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا ڕۆژانە بۆ گۆشتی سپی زیاتر لە 60 تەنو مانگانە زیاد لە 25 هەزار تەنمان پێویستە. سەبارەت بەگۆشتی سوور ڕۆژانە پێویستمان بە 30 تەنە.
-#22-04-2013#