خەندان - ڕاماڵ قەسرەیی
لەماوەی (15) مانگی ڕابردوودا لەسنوری بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین لە #هەولێر# (15) کەس بوونەتە قوربانی و زیاتر لە (23) کێڵگەی مین-یش پاک کراونەتەوەو نزیکەی دەهەزار پارچە مین و تەقەمەنیش لەناو براوە.
زێبار خالیدی بەرپرسی بەشی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی دەزگای مینی هەولێر بەخەندانی ڕاگەیاند: لەماوەی (15) مانگی ڕابردوو لەسنورەکەیاندا کەناوچەی #سۆران# و باڵەکایەتی و ڕواندز و شەقڵاوە و مێرگەسور لەخۆ دەگرێت، (23) کێلگەی مینرێژکراو لە مین و پاشماوەی جەنگی پاک کراوەتەوەو گەرێندراونەتەوە بۆ خاوەنەکانیان کە ڕووبەری گشتی ئەو کێڵگە پاککراوانە (869.848) مەتر دووجا بووە لەو ڕووبەرەشدا زیاتر لە(850) مینی جۆراو جۆر لە ناوبردراون و پوچەڵکراونەتەوە.
وتیشی:هەر لە ماوەیەدا(8849) پارچە تەقەمەنی نەتەقاوەی جۆراوجۆر لە شوێنە جیاجیاکان گواستراونەتەوە و دواتر لە شوێنە سەلامەتەکان لە ناوبردراون.
زێبار ئاشکراشیکرد: لەلایەن بەشی ڕووپێوی بەرێوەبەرایەتیەکەیان (1.274.269) مەتر دووجا بە شێوەیەکی هەمیشەیی نیشانەکراوەن، وتیشی: لەم هەفتەیەدا (3) کێلگە مینی تر کە کاریان تێدا دەکرێ تەواو دەبن و دەگەڕێنرێنەوە بۆ خاوەنەکانیان بۆ ئەوەی سوودی لێ ببینن.
سەبارەت بە ئاماری قوربانیانی مین و تەقەمەنیش بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی مینی هەولێر ئاشکرایکرد: لە ماوەی 15 مانگی ڕابردوودا لە سنوری پارێزگای هەولێر (15) هاووڵاتی بە هۆی ڕووداوی مین و تەقەمەنی بوونەتە قوربانی، کە (4) یان گیانیان لە دەستداوە، (11) یان بریندار و کەم ئەندام بوون. ڕێژەکەش بە جیاوازی لەگەڵ ساڵانی پێشتر زۆر کەم بۆتەوە.[1]
23-04-2013