ئەنفال زنجيرەيەک کردەی تاوانکاری کۆمەڵکوژی ڕژێمی ديکتاتۆری بەعس بوو، کە لەئەنجامدا 182000 هاووڵاتی کورد بە بەرچاوی وڵاتانی زلهێز بوونە قوربانی و هەندێکيان لە گۆڕەبە کۆمەڵەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق دۆزراونەوە.
قۆناغەکانی (5-6-7)ی ئەنفال لە چەند هێرشی بەدوای يەکدا هاتوو بەيەکەوە ئەنجامدرا، لە (15/5 تا 26-08-1988)ی خاياند. کە سنووری نێوچياکانی شەقڵاوە و ڕواندوزی گرتەوە. کاتژمێر 6 ی ئێوارەی (15/5)، چەند فڕۆکەيەک کەوتنە کيميابارانکردنی گوندەکانی (وەرە، نازەنين، کاموسەک، ئەسپيندار، عەلياوە، سماقوڵی، بونێ، باليسان، بالوکاوە، خەتێ). ژمارەيەک هاووڵاتی شەهيدو بريندارکرد. ڕۆژی 20/5، سوپا بەسەرپەرشتی ليوا ڕوکن (يونس محەمەد الزرب)، فەرماندەی فەيلەقی پێنج، لە سێ قۆڵەوە هێرشی زەمينی دەستپێکرد، لەقۆڵی يەکەم بۆ گوندی گەرەوان، لەقۆڵی دووەم بۆ گوندەکانی هەلەموندو وەرتێ و زينێ و دڕەبی وجاوەل و دەڕگەبی و گەليتە، لەقۆڵی سێيەميش بۆ سەروچاوە، بەنی هەرير وخەليفان. هێرشەکە بەشێوەی بازنەيی بوو، تا زۆرترين کەس دەستگير بکرێن، هەرچەندە زۆربەی خەڵک زووتر لەترسی کيميابارانکردن ناوچەکەيان چۆلکردبوو، تەنها هێزی پێشمەرگە لەناوچەکە مابوو، گوندی بلەی خواروو تاکە گوندی ئاوەدانی ناوچەکە بوو تيايدا (276) کەس لەلايەن فيرقەی(45) دەستگيرکران.
لە شاڵاوەکانی ئەنفالی (5-6-7)دا، (2602) خێزان دەستگيرکران، (52) گوندو (52) مزگەوت و(24) قوتابخانە ڕوخێنران.
16/5ی هەموو ساڵێک ڕۆژی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقە، يەکەم گۆڕی بەکۆمەڵ لەم ڕۆژەدا لە ساڵی 2003 لە قەزای محاويل لە پارێزگای بابل دۆزرايەوە، کە زياتر لە(2000) ڕوفاتی تێدابوو. تائێستا زياتر لە(400) گۆڕی بەکۆمەڵ دەستنيشانکراون، زۆرترين گۆڕی بەکۆمەڵيش لە شاری سەماوەيە.
کارکردن لە گۆڕە بەکۆمەڵەکان کارێکی قورسە و پەيوەندی بەباری سياسی و ئەمنی و تيمی پسپۆڕو شارەزا و بودجەی تايبەت و پشوو درێژی زۆر هەيە. حکومەتی عێراق بەردەوام کێشە بۆ هەڵدانەوەي گۆڕەکان دروست دەکات. کێشەيەکی تريش لەياسای گشتی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هەيە، مافی تەواو لە هەڵدانەوەو دەستنيشانکردنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دراوەتە وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراقی بەتەنيا. گەڕان بەدوای ڕوفاتی ئەو ژمارە زۆرەی قوربانيان پێويستی بەهاوکاری و دڵسۆزی هەموو مرۆڤێکی خاوەن ويژدان هەيە، هيوادارين گۆڕە بەکۆمەڵەکان بەشێوەيەکی زانستی هەڵبدرێنەوە. داواش لەحکومەتی عێراق دەکەين چيتر ڕێگر نەبێت لەکارەکانی تيمەکانی کارکردن و پەلە بکرێت لەهەڵدانەوەو هێنانەوەی ڕوفاتەکان، چونکە تاقە هيوای کەسوکاری قوربانيانی ئەنفال لەڕووی مەعنەويەوە، گەڕاندنەوەی ڕوفاتی کەسوکاريانە بۆ زێدی باب و باپيرانيان.
لە کۆتاييدا سڵاو بۆ گيانی بەرزەفڕی گۆڕە خامۆشەکانی سەدو هەشتاو دوو هەزار لە قوربانيانی ئەنفال و بێسەروشوێنکراوان و سەرجەم شەهيدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان. ڕوڕەشيش بۆ ئەنجامدەران و بەشداربوانی تاوانەکانی ئەنفال.
سەنتەری ئەنفال
هەولێر 15-05-2013