هەولێر، ئاوێنەنیوز: وتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، مەریوان نەقشبەندی بۆ ئاوێنەنیوزی ڕونکردەوە، لەکۆی 169 مامۆستای ئاینی کە بەشداریی تاقیکردنەوەی هاوتاکردنی بڕوانامەیان کردوە تەنها 9 مامۆستا دەرچوون.
رونیشکردەوە، ئەم تاقیکردنەوەیە پاش ئەوە هاتوە کە لەماوەی ڕابردودا وەزارەتی ئەوقاف هەلی ڕەخساندوە بۆ ئەو بەرێزانەی لای زانایانی ئاینی بابەتەکانی شەریعەتیان خوێندوەو ئیجازەی مەلایەتیان وەرگرتوە، تا تاقیکردنەوه بکەن، ئەوانەشی لەم تاقیکردنەوەیەدا دەردەچن بڕوانامە شەرعیەکانیان کە بە "ئیجازەی مەلایەتی" دەناسريت بۆ بەرامبەر دەکرێت بەبروانامەی شەشی ئامادەیی ئیسلامی.
وتەبێژی ئەوقاف ڕاشیگەیاند "جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانیە کە لەکۆی 169 کەس کە ئیجازەی زانستی شەرعیان وەرگرتوە لەزانا ئیسلامیە گەورەکانی کوردستان تەنها 9 کەس لەتاقیکردنەوەی ئەمساڵدا دەرچوون کە دەوروبەری 5% ڕێژەی بەشداربوان دەکات".
وتيشی، هەندێک لەو 9 کەسەش بەپلەیەکی زۆر نزم دەچوون و لەوەزارەتی ئەوقاف هاوکاری کراون بۆ دەرچون، لەکاتێکدا هەموو پرسیارەکان لەچوارچێوەی ئەو بابەتە شەرعی و فیقهیانهدا بووە کە پێشتر خوێندویانه.
نەقشبەندی ڕونیشیکردەوە "ئەم حاڵەتە پێویستی بەپێداچونەوە هەیە چ لەلای ئەو زانا ئاینیە بەرێزانەی کە باوەڕپێکراون و ئیجازەی عیلمی دەدەن چ لەلایەن وەزارەتی ئەوقافیشەوە ".
بەپێی ئامارەکانی ئەوقاف لەئێستادا 4 هەزارو 882 مزگەوت لەکوردستاندا هەیەو بەفەرمیش 2 هەزارو 432 مامۆستای ئاينی وەکو پێشنوێژو وتارخوێن فەرمانبەری وەزارەتی ئەوقافن.
: 22-05-2013