ئاوێنەنیوز، ئاژانسەکان: لەبارەی زیانەکانی گرژیو ئاڵۆزییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوی ناوچەی تەقسیمی شاری ئەستەنبوڵ، وەزیری ناوخۆی تورکیا، موعەمەر گولەر، بەخەبەر تورکی ڕایگەیاندووە، تا ئەمڕۆ، دوشەممە، ژمارەی ئەو کەسانەی دەستگیرکراون، هەزار و730 کەسن، 115 پۆلیسو 58 هاوڵاتیش برینداربون.
27ی مانگی ئایاری ڕابردو خۆپیشاندانەکان ناوچەی تەقسیمی ناوەندی شاری ئەستەمبوڵی پایتەختی گەشتیاری تورکیای گرتەوە، پاش ئەوەی شارەوانی ئەو شارە دەیوست پارکی گەزی -پارکی گەڕان- تێکبداتو باڵەخانەیەکی بازرگانی لەسەر شێوازی سەربازگەیەکی سەردەمی عوسمانییەکان لەجێگاکەیدا دروست بکات.
ئەو هەنگاوەی حکومەتیش بەلای نەیارانی حکومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەرۆگانی سەرۆک وەزیرانەوە سەرەتای هەوڵێکە بۆ بۆ لەناوبردنی یەکێک لەناوەندە گرنگەکانی ئازادی تاکەکەسی لەتورکیا، بەو پێیەی ناوچەی تەقسیم بەسومبولی ڕابواردنو ئازادییە کەسییەکان ناسراوەو چەندین یانەی شەوانە لەخۆدەگرێت.
بەوتەی بەشێک لەچاودێران، توندبونەوەی خۆپیشاندانەکان لەو وڵاتە بەسەرەتای دەرکەوتنی بەهاری تورکی وەسف دەکرێت، لەدوای زیاتر لە 11 ساڵ لەگرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن پارتی دادو گەشەپێدانی تورکیاوە کە بەعوسمانییە نوێکان ناودەبرێن.
- 03-06-2013