ماوەی چەند ڕۆژێکە ناڕەزیەتیەکی فراوانی کۆمەڵایەتی لە بەشێکی زۆر لە شارو شارۆچکەکانی تورکیا دەستی پێکردووەو تا ئێستاش درێژەی هەیە. دەسەڵاتی بۆرژوازی تورکیا کەوتە گیانی خەڵکو بێجگە لەوەی کە بە گوێرەی هەواڵەکان تا ئێستا 3 کەس کوژراوە، دەیان کەس بریندارەو بە سەدان کەس ڕاپێچی زیندانەکان کراون. ڕواڵەتی مەسەلەکە ئەوەیە کە ئەم ناڕەزایەتیانە بەرامبەر بڕیارێکی دەوڵەت بووە بۆ تێکدانی پارکێکی سەرەکی لە مەیدانی تەقیسم لە ئەستانبولو کردنی بە بینای بازرگانی.
بەڵام ناڕەزایەتی ئێستای خەڵکی تورکیا کە لەماوەیەکی کورتدا دەیان شاری گەورەی گرتەوە ئاکامی نارەزایەتیو ڕقو توڕەیی پەنگخواردووی چەندساڵەی جەماوەری دەستەنگو ئازادیخوازی تورکیایە دژ بە سیستمی چەوسێنەرانەی سەرمایەداریو کۆمەڵێک هەنگاوو کارنامەی دەسەڵاتەکەی ئەردۆگانە، وەک دەسەڵاتێکی بۆرژوازی، کە لەماوەی ڕابردوودا پیادەی کردووە. بەرتەسککردنەوەی ئازادی سیاسیو هەڵسوڕانو خۆپیشاندان، سەرکوتی ناڕەزایەتیو خۆپیشاندانەکانی یەکی ئایاری ئەمساڵو دەستگیرکردنی چەندین ڕابەری کرێکاریو هەڵسوڕاوی چەپو کۆمۆنیست، سەپاندنی چەندین پێوانەی ئیسلامیو کۆنەپەرستی بەسەر ژیانی هاوڵاتیانداو هەوڵدان بۆ سەندنەوەی ئەو بنەما عەلمانیانەی لەو ووڵاتەدا بەدەستهاتووە، پڕکردنەوەی قەرزەکانی دەوڵەت لەسەر شانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشو زیاتر هەژارکردنی جەماوەری دەستەنگو سکهەڵگوشینی ئەوان..... هەموو ئەم کارنامانە سیمایەکی سەرکوتگەری زیاترو سەپێنەری هەژاریو بێکاری بە دەسەڵاتەکەی ئەردۆغگن بەخشیوە. ئەمەش نەک مایەی ملدانی جەماوەر نییە، بگرە نەفرەتو توڕەییو ناڕەزایەتی ئەوانی بەرامبەر بەم دەسەڵاتەی بۆرژوازی تورکیا گەیاندۆتە لوتکەو ناڕەزایەتیەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی تەنها چەند گۆشەیەکی ئەو ناڕەزایەتیە کۆمەڵایەتیە بەرفراوانەیە. ئەم نارەزایەتیانە بە ڕاگەیاندنی گەورەترین سەندیکای کرێکاری ڕادیکاڵ، کە سەدان هەزار ئەندامی هەیە، بۆ مانگرتنی گشتی پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیارەوەو بزوتنەوەی کرێکاری لە تورکیا ڕاستەوخۆ خستۆتە بەرامبەر دەسەڵاتی سەرکوتگەری بۆرژوایی پارتی دادو گەشەپێدانی ئیسلامی.
خەباتو نارەزایەتی جەماوەری مەحرومو خەڵکی ئازادیخوازی تورکیاو وەستانەوەی بزووتنەوەی کرێکاریو ڕێکخراوە کرێکاریەکانی تورکیا لەو جەنگە چینایەتیەیاندا دژی دەسەڵاتی بۆرژوا کۆنەپەرستی تورکیا جێگای پشتیوانی ئێمەو هەموو ئینسانێکی ئازادیخوازو کۆمۆنیستو کرێکارێکی سۆشیالیستە. سیاسەتی قێزەونی سەرکوتو زیندانیکردنی خەڵکی ناڕازیو هەڵسوڕاوانی کرێکاریو نارەزایەتی جەماوەری لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە مایەی نەفرەتی ئێمەیەو بەتوندی سەرکۆنەی ئەکەین. ئەبێ حکومەتی تورکیا دەست لە سیاسەتی سەرکوتو داپڵۆسینی جەماوەری کرێکارو زەحمەتکێشی تورکیاو هەڵگرێتو هەڵسورانی سیاسیو جەماوەری بێقەیدومەرج بەرەسمی بناسێتو ڕێگریەکان لەسەر کاری ئازادانەی ڕێکخراوە کرێکاریو چەپو کۆمۆنیستیەکانو هەڵسوڕاوانی جەماوەریو ڕادیکاڵ هەڵگرێت و سەرجەم زیندانیانی سیاسیو ڕابەرانی نارەزایەتیەکان ئازاد بکات.
بژی خەباتی جەماوەری ناڕازی تورکیا لە دژی برسێتیو هەژاریو سەرکوت!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
03-06-2013