خاک و خۆڵ لە نالـی یەوە بۆ بێ قوتابخانەیی
نوسینی: شەفیق بانی شاری 22-23-05-2013 سورێن و جەماورنیوز و ڕەهێڵ پۆست و نوسەر
کە باسی ئەدەبی کوردی ئەکەیت ناتوانی وخۆت دەرباز بکەیت لە ناو نەهێنانی نالی شاعیر و ئاماژە بە دەریای ئەندێشەی شیعری نالی نەدەیت چونکە ئەو ئیمپراتۆری شیعری کلاسیکی کوردیە یەکێکە لە سێکوچکەی شیعری بابان، تا ئەمڕۆ هەمووان ئەزانن خەڵکی کوێیە وەک خۆی ئەڵێ : کوردی دەوری شارەزووری قەسوەتم " خاک و خۆڵ شوێنی هاتنەدوونیا و هەڵقولاوی سەرچاوەیەکی شیعری کلاسیکە بەڵام بەداخەوە کەس ئەمڕۆ نازانێت خاک و خۆڵ لە لەکوێیە چۆنـە ؟ ئایا ئیستە شاری شیعرە یان هەر خاک و خۆڵی دوو سەدە پێش ئێستەیە
بۆ شارەزای هەمووان خاکوخۆل زێدی نالی شاعیر ئەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای ناحیەی سیروان دوو سەدە بەرلە ئەمڕۆ ئەو حەزرەتی نالیـیە کە هەموو خوێندەوارێکی کورد لانی کەم دێرە شیعرێکی لە بەرە بەرپرس و ئەدیب و نوسەر و هونەرمەند هەموو دیوان و شیعرەکانی لە کتێبخانە و سنگیان هەڵگرتووە و بە حەزرەتی نالی ناودەبەن بەڵام بەداخەوە گوندەکەی تائیستە قوتابخانەی تێدا نیە ئەگەر بڵێین لە ڕابردوو حکومەتی بەعس ئەیویست بەهەموو شێوەیەک کورد بێبەش بکات لە مافەکانی بۆیە قوتابخانەی خاک و خۆلی بێبەش کرد لە مەڵبەندی زانست ئەوا ئەمڕۆ دوای 22 ساڵ لە فەرمانڕەوای حکومەتی هەرێمی کوردستان تا ئیستە خاک و خۆڵی زێدی نالی بێبەش کردووە لە قوتابخانە 22 ساڵە نەوەکانی حەزرەتی نالی چاوەڕێی حکومەتەکانی هەرێم دەکەن قوتابخانەیەکیان بۆ دروست بکات.
ئەبوو ئێستە منداڵانی خاک و خۆڵ باخچەی ساوایان و قوتابخانەی نمنونەیـیان هەبوایە گەنجەکانی خاک و خۆڵ مەڵبەندی ڕۆشنبیری و فەرهەنگ خانەیان هەبوایە بەتەمەنەکان کتێبخانەی نالی یان هەبووایە بەڵام بەداخەوە نەک لە هەموو ئەو مافانەی خۆیان بێ بەشکراون بەڵکو قوتابخانەیەکی شەش پۆلی یان پێ ڕەوا نابینرێت تا دێرە شیعرەکانی نالی لەسەر تەختەڕەشی خاک و خۆڵ بنوسنەوە بۆ ئەوەی قوتابیەکانی خاک و خۆڵ نەچنە ژێر تایەی ئۆتۆمبیلەکانی ڕێگەی هەڵەبجە-سیدێادق.
ئەبێت ڕۆحی نالی چەند ئازار بچێژێت کاتێک منداڵێکی خاک و خۆڵ بە سەرماو بارانی زستان هەنگاو ئەهاوێت بەناو قوڕی شارەزوور بۆ قوتابخانە وخوێندن ؟ ئەبێت ڕۆحی نالی چۆن شیوەن بکات بۆ مەرگی ئەو مێرد مندالانەی کە لەڕێگەی قوتابخانە سەیارە جوانەمەرگی کردن ؟
لە کۆتای تەنها ئەوەندە ئەڵێم گەر نالی بەرپرسی حیزبێک بوایە ئێستە لە جیاتی خوێندنگە و بنکەی تەندروستی هەموو خزمەت گوزاریەکیان بەزیادەوە بۆ خاک و خۆڵ نەکرا بوو ؟ ئاخۆ قوتابخانەیەک بۆ خاک و خۆڵ و نالی بەقەد فیستیڤاڵێک گرنگی نیە کە ڕێکخراوەکان و ئەدیبان هەوڵ و تەقەلای دوونیا دەدەن تا ئەنجامی بدەن پارە لەحکومەت وەرئەگرن ؟
جگە لە بوونی نالی بەڕاستی شەرمە گوندێک زیاد لە 50 ماڵ دانیشتوانی هەبێت لە شارەزوور منداڵانی لە قوتابخانە بێبەش بن بنکەی تەندروستی تێدا نەبێت لەکاتێکدا زێدی گەورەترین ڕەمزی ئەدەبیاتی کوردی بێت.