هەرچەندە ئێران وەک دەوڵەتێکی ئاینی موحافیزکار بەرگێکی ئاینی پۆشیوە، بەڵام واقعیی ئەو وڵاتە زۆر جیاوازە لەگەڵ تیۆرو ئەو دروشمانەی هەڵیگرتوە، بەردەوام ڕێژەی پەیوەندی سێکسی ناشەرعیو لەشفرۆشی ئاشکرا لەبەرزبونەوەدایە، لەهەمان کاتدا کۆماری ئیسلامی دوچاری گرفتی دابەزینی ئاستی منداڵ بون هاتوە، هۆکارەکەشی بەڕێژەی سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ژنانەی کەنایانەوێت مناڵیان بێت.
بەپێی وتارێکی گۆڤاری (Foreign Policy) کە ئەفشین شاهی مامۆستای زانکۆ لە بەریتانیا ئامادەی کردوە، کۆماری ئیسلامی لەبەردەم شۆڕشێکی سێکسیدایەو بۆتە مایەی هەڕەشە بۆسەر سیستمی ئیسلامی، گۆڤارەکە ئاماژەی بەوەداوە کۆماری ئیسلامی شێوازێکی تایبەتی ژیانی بەسەر خەڵکیدا سەپاندوەو بەردەوام بانگەشەی بێگەردی ئەو سیستمە دەکات، بەڵام ئەو سیستمە بەپێچەوانەوەیەو بۆتە لادانی ڕەوشتیو هۆکاری بڵاوبونەوەی لەشفرۆشی بەشێوەیەکی ئاشکرا.
بەپێچەوانەی ئەو وێنە باوەی ڕاگەیاندنی ڕۆژئاوا بۆ ئێران هەیەتی، ئێران لەماوەی 30 ساڵی ڕابردودا گۆڕانکاری ڕیشەیی بەخۆوە بینیوە لەڕوی کۆمەڵایەتیو ڕۆشنبیرییەوە، بەشێوەیەک کاتێک کۆچبەرانی ئێرانی دەگەڕێنەوە بۆ تارانی پایتەخت هەست بەسەرسامی دەکەن لەو گۆڕانکاریانەی ڕویداوە، تەنانەت پێیانوایە (لەندەن شارێکی موحافیزکارە!) بەبەراورد لەگەڵ تاراندا.
ئێران لەئێستادا لەسەر شێوازی بەریتانیاو وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا هەنگاو دەنێت بگرە زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرێت، بەپێی ئامارە حکومیەکان، ئێران لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردودا، دابەزینێکی زۆر خێرای تۆمارکردوە لەبواری منداڵبوندا، بەشێوەیەک ڕێژەی زیادبونی دانیشتوان 1.2% بوە لەساڵی 2012دا، بەبەراورد لەگەڵ ساڵی 1986 ڕێژەی زیادبونی دانیشتوان 3.9% بوە، جگەلەوەش زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی ئێران تەمەنیان لەخوار 35 ساڵیەوەیە.
لەهەمانکاتدا لەماوەی 30 ساڵی ڕابردودا تێکڕای تەمەنی هاوسەرگیری لای پیاوان بەرزبۆتەوە لە 20 بۆ 28 ساڵی، هەروەها ئامارەکانی ئێران ئاماژە بەوەدەدەن کە زۆرینەی هاوسەرگیریەکان لای ژنانی ئەو وڵاتە لەماوەی نێوان تەمەنی 24 بۆ 30 ساڵیدایە.
بەپێی ئامارە فەرمیەکان، ڕێژەی تەڵاقدان بەشێوەیەکی بەرچاو ڕوی لەزیادبون کردوە، بۆنمونە لەساڵی 2000دا 50 هەزار حاڵەتی تەڵاق هەبوە، بەڵام لەساڵی 2010دا ئەو ژمارەیە زیادیکردوە بۆ 150 هەزار حاڵەت، ژمارەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە لەکۆی 7 هاوسەرگیری لەسەرتاسەری وڵاتدا، یەکێکیان جیادەبێتەوەو زۆربەی ئەو حاڵەتانەش لەشارە گەورەکاندایە.
بۆنمونە لەشاری تاراندا، لەکۆی سێ هاوسەرگیری یەکێکیان جیادەبێتەوەو بەتەڵاق کۆتایی دێت، ئەوەش مانای ئەوەیە ڕێژەی تەڵاق زۆر نزیکە لەو ڕێژەیەی کە لەوڵاتی بەریتانیا هەیە.
دیدوبۆچونی خەڵکی بۆ پرۆسەی هاوسەرگیری گۆڕاوە، هەروەها بۆچونیان لەسەر پەیوەندیی و سێکس بەشێوەیەکی گشتی گۆڕاوە، بەپێی ئامارێک کە لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی لاوانی ئێرانەوە لەساڵی 2008دا ئەنجامدراوە، زۆربەی ئەو پیاوانەی بەشداری ئەو ڕاپرسیەیان کردوە بەر لەژنهێنانیان سێکسیان کردوە، ئەمە لەکاتێکدایە ئەو جۆرە پەیوەندیانە لەو وڵاتە حەرامکراوە.
دەرئەنجامی 13% ئەو حاڵەتە ناشەرعیانە بەبێ خواستی ژنان بۆتە سکپڕییو پاشان لەباربردنی مناڵەکان، ئەمانە هەموی کۆمەڵە ئاماژەیەکی ترسناک بون لەسەر واقیعی کۆمەڵایەتی کۆماری ئیسلامی ئێرانو ئەو گۆڕانکاریە ڕیشەییانەی لەو کۆمەڵگایە ڕودەدات بەبەراورد لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان.
لەلایەکی ترەوە پیشەسازی سێکس لەماوەی بیست ساڵی ڕابردودا گەشەیەکی فراوانی بەخۆوە بینیوە، لەسەرەتای ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردودا پیشەسازی سێکس لەزۆربەی شارو شارۆچکەکانی ئێراندا پەرەیسەندبوو بەتایبەتی لەتارانی پایتەخت، بەڵام ئەوانەی لەم پیشەسازیەدا کاریان دەکرد زۆر بەنهێنی ئەو کارەیان دەکرد.
بەر لە دەساڵ، ڕۆژنامەی (انتخاب) ڕایگەیاند ژمارەی ئەو ژنانەی لەپیشەسازی سێکسدا کاردەکەن بەتەنها لەتارانی پایتەختدا 85 هەزارە، ژمارەکان ئەوەیان دەرخستوە لەسەدا 10 تا 12ی ئەو ژنانەی لەو پیشەسازیەدا کاردەکەن خاوەنی مێردن، ئەو ژمارەیەش گەورەو مەترسیدارە.
بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئەم پیشەسازیە بەتەنها لەنێو ژناندا قەتیس نەکراوە، بەڵکو پیاوانیش بەشداریەکی بەرچاویان هەیە، نوێترین ڕاپۆرت جەختی لەوە کردۆتەوە کە ژنانی دەوڵەمەندو تێگەیشتو بەشوێن پەیوەندیەکی سێکسی کورتدا دەگەڕێن، بۆ ئەو مەبەستە داوا لەپیاوانی بواری ئەو پیشەسازیە دەکەن کە خزمەتگوزاری تایبەتی ئەو بوارەیان پێشکەش بکەن.
بەپێی گۆڤاری فۆرن پۆلیسی، چەندین هۆکاری ئابوریو کۆمەڵایەتی هەیە بونەتە دروستبونی ئەو دیاردەیە، لەنێویاندا بڵاوبونەوەی هۆکارەکانی پەیوەندیکردنی خێراو تەکنەلۆژیاو دەرکەوتنی چینێکی نوێی ژنانی خوێندەوار، کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبوە لەسەر گۆڕینی دیدو بۆچونی کۆمەڵگا بۆ سێکس.
هەرچەندە ئەو هۆکارانە لەزۆربەی وڵاتانی تردا بونی هەیە، بەڵام وەک ئێران ئەو گۆڕانو کاریگەریەیان دروستنەکردوە، بەڵکو لەهەندێک شوێندا بەپێچەوانەوە بوە، یەکێکی تر لەهۆکارە سەرەکیەکان وایکردوە ئێران بەرەو لیبرالیەت هەنگاو بنێت، ئەو یاسایانەی دەوڵەت کە بەزۆر بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندویەتی و بۆتە هۆی چەقبەستنی ژیانی هاوڵاتیان لەشێوازێکی تایبەتدا.
لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانو گەیشتنی ئایەتوڵا خومەینی بەدەسەڵات لەساڵی 1979دا، ڕژێمی ئێران سەرقاڵی برەودان بوە بەچەمکی ڕەوشتی کۆمەڵگا، دەوڵەت کۆمەڵێک بنەمای ڕەوشتی بەزۆر بەسەر خەڵکیدا سەپاندوە کۆمەڵێک بەربەستی داناوە لەنێوان ژیانی تایبەتو گشتیدا، هەمیشە ویستویەتی پارێزگاری لەناسنامەی ئیسلامی بکاتو وەک سەرچاوەیەکی شەریعەت لەوڵات سەیریکردوە، هەموو شەپۆلەکانی ژیانی تایبەتیو گشتی خستۆتە ژێر ڕکێفی شەریعەتی ئیسلامیەوە.
بەڵام پاش 34 ساڵ لەشۆڕشی ئیسلامی، هاوپەیمانەکانی خومەینی شکستیان هێنا لەبونیادنانی کۆمەڵگایەکی بێگەرددا، بەڵکو ئەو ڕژێمە دوچاری چەندین قەیرانی ئابوریو سیاسی هاتوەو گەیشتۆتە قۆناغی داڕمانی فیکریو (ئیفلاس) نابوت بونی ئەخلاقی، شارەزیان پێیان وایە نەریتە سێکسیەکانی ئێران بۆتە شێوەیەک لەشێوەکانی بەرگریکردن لەو کۆتو بەندانەی دەوڵەت سەپاندویەتی بەسەر خەڵکیدا، ئەوەش وایکردوە (شۆڕشی سێکس) ببێتە هەڕەشەیەکی سەرەکی بۆ سەر بنەماکانی فیکری دەوڵەت.
و: نەوشیروان فەتاح
- 08-06-2013