کێشمەکێشی لایەنەکانو پرسی هەڵبژاردنەوەی سێبارەی مەسعود بارزانی، بۆ پۆستی سەرۆکایەتی، ڕەوتی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی کوردستانی لەبەردەم کۆڵانێکی داخراودا ڕاگرتووە. هەوڵەکانی پارتیو دەسەڵاتەکەیو پێداگریان بۆ دانانەوەی مەسعود بارزانی لەسەر کورسی سەرۆکایەتی، جگه لەوەی کە سروشتی سیاسەتی پاوانخوازیو ڕاگرتنی سیستەمی دەسەڵاتدارێتی ئیستای کوردستان لەدەستی بنەمالەی بارزانیدا، ئاشکرادەکات، هاوکات تاکتیکێکە بۆ پاراستنو درێژەدان به سیاسەتو ستراتیژێک کە پارتیهو سەرۆکەکەی لەماوەی 8 ساڵی سەرۆکایەتیەکەیدا بەسەر کوردستاندا سەپاندوویانەو بەڕێوەیان بردووە.
پارتهو بارزانی لەماوەی 8 ساڵی ڕابردوودا هەوڵیان داوە دەسەڵاتی یەکحزبیو بنەماڵەیی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا داسەپێنن، دەزگای ئەمنیو میلیشیای زەبەلاحی دژە خەڵکی فراوان کردووەو دەستی ئاوەڵاکردوون لە سەرکوتی نارەزایەتیەکانی جەماوەرو پێشێلکردنی مافو ئازادیە سیاسیو فەردیەکانی خەڵکدا. یاسای سەرکوتگەرانەو ناوزراوی ڕێکخستنی خۆپیشاندانەکانیان سەپاند کە بە کردەوە دامێنی ئازادیەکانی لە کوردستاندا بەرتەسک کردۆتەوە. پارتیو مەسعود بارزانی نەخشەمەندانە کاریان کردووە بۆ پەرەدانو داسەپاندنی کەشوهەوای کۆنەپەرستی بەسەر کۆمەڵگای کوردستاندا، یاسای فرەژنیان پەسەندکردووەو هەوڵیان دا یاسای پاراستنی پیرۆزیە ئایینیەکان تێپەرێنن، بەڵام لەبەردەم بەرگریو وەستانەوەی بەرەی ئازادیخوازیی کوردستاندا شکستی هێنا. لەماوەی سەرۆکایەتی بارزانیدا خۆپیشاندانی جەماوەری بۆ نانو ئازادیو کەرامەتی ئینسانی خەڵتانی خوێن کرا. داهاتی کوردستانو نەوت لەلایەن دەسەڵاتدارانی بنەماڵەی بارزانیەوە بەتاڵان دەبرێ. خێزانی بارزانی لە گەورەترین دەوڵەمەندەکانی جیهاننو سەدان هەزار لاوی کوردستانیش بەدەست بێکاریەوە گیرۆدەبوونو هەزاران خێزانیش لەخوار هێڵئ هەژاریەوە ژیان دەگوزەرێنن.. لەژێرسایەی دەسەڵاتدارێتی بارزانیدا هەزاران ژن تیرۆرکراون، دەزگای جاسوسی وولاتان لە کوردستاندا تەراتێن دەکەن، سوپای ووڵاتانی ناوچەکە بۆمبارانی هاوڵاتیانی مەدەنی کوردستان دەکەن، نانبڕین، ڕفاندن، تیرۆر لەدژی ڕوناکبیر، ڕۆژنامەنووس، مامۆستای زانکۆ، هونەرمەند، گۆرانی بێژ، سیاسی، چەپ و کۆمۆنیست... بەڕیوە دەچیت.
ئەگەر ئەوە کارنامەی بارزانی بێت، ئایا شایستەی ئەوەیە کە جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆکی هەرێمو باڵاترین پۆستی سیاسیو ئیداری کوردستانی بدرێتەدەست.. ئایا یەکێک لە خواستەکانی خەڵکی کوردستان بەهەمان شیوەی جەماوەری ڕاپەریوی ناوچەکە لەدژی دەسەڵاتی سەرکوتگەری بۆرژوایی، کۆتاییهاتن بە دەسەلاتی بنەماڵەییو گواستنەوەی دەسەڵات نەبوو لەباوکەوە بۆنەوەکانی!؟ ئایا ئەوە بەس نیە بۆئەوەی بارزانی بۆی نەبێت کە جارێکی دیکە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم کاندید بکاتەوە!؟ لەلایەکی دیکەوە بارزانی دوو دەورەی سەرۆکایەتی تەواو کردوەو بەپێی یاساکانی خۆشیان بۆی نیە بۆ جاری سێهەم خۆی کاندید بکاتەوە. بەڵام پارتیو بارزانی ئەوەیان بەلاوە گرنگ نیە کە لەپێناو تەواوکردنی ستراتیژەکەیان، واتە بە داسەپاندنی دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی بەسەر خەڵکی کوردستاندا، هەرچی یاسایەک کە خۆیان بریاریان لەسەر داوە پێشێلی بکەن.
مەسعود بارزانی به هیچ جۆرێک بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوەو نابێ ڕێگای خۆکاندید کردنەوەی پێبدرێ. تەنانەت بەپێوانەی خودی یاسا و ڕێسا و دەستورێکەوە کەپارتی یەک لایەنە بەسەر خەڵکی کوردستاندا بەڕیوەی دەبات ئەو مافەی له بارزانی سەندۆتەوەو نابێ ڕیگای گەڕانەوەی بۆ نێو بازنەی سەرۆکایەتی، بەهیچ پاساوێک پی بدرێ.
خەڵکی کڕیکارو زەحمەتکێشی کوردستان، لاوانو ژنانو ئازادیخوازان، کە بەدرێژایی 8 ساڵی ڕابردوو، بەشیوازی جۆراوجۆر ناڕەزایەتیان دەربڕیوەو بزووتنەوەیەکی جەماوەرییان بەدژی دەسەڵاتی بنەماڵەییو پارتیو سیاسەتەکانی بەئاستی جیاواز لەخۆ نیشانداوە، نەک هەر نابێ بەرامبەر کاندیدکردنەوەی سێبارەی مەسعود بارزانی بێدەنگبن بن، بەڵکو دەبێ هەوڵەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بۆ گێرانەوەی بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم لەژێرناوی هەموارکردنەوەی دەستوردا پووچەڵ بکەنەوەو هاوکات لەپێناو دەستکۆتاکردنی سەرتاپای دەسەڵاتی بنەماڵەو کارکردە سیاسیەکانی پارتی، لەسەر ژیانی ئێستاو داهاتویان بێنە مەیدانەوە. خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بە خەباتی هوشیارانەو یەکگرتووی خۆیانو بەکۆبوونەوە لەدەوری شیعاری "مەسعود بارزانی، بۆی نیە خۆی کاندیدکاتەوە" و "نا بۆ دەسەڵاتی بنەماڵە" دەتوانن هەنگاوێکی گەورە بە ئاقاری پێکهێنانی ئالوگۆڕێکی ڕیشەیی لەسیستەمی دەسەڵاتی بۆرژوازی کوردو حزبەکانیدا هەڵبێننەوە. حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، لەڕیزی پێشەوەی ئەم خەباتەدا ڕادەوەستێ.
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
11-06-2013